ناونیشانی بابەت: چۆن سترێس و شڵەژانی باری دەروونی کاریگەریی ھەیە لەسەر ئازاری پشت و ماسوولکەکان؟
ئامادەکردن: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
ھەرگیز بەکەمی وەرمەگرە کاریگەریی ھەستەکانت و باری دەروونیت لەسەر ئازاری جەستەت . سترێس و قەلەقی دەبێتە ھۆکاری گرژی ماسوولکەکانت، و ئەگەر خەمۆکی وبێتاقەتیشت ھەبێت ئەوا ڕێژەی ھەستکردن بە ئازارت زیاد دەکات و لەوانەیە ھەست بەئازار بکەیت لەھەموو ماسوولکەکان و جومگەکانی لەشتدا .
سترێس و ناجێگری باری دەروونی لەگەڵ ئازاردا بەشێوەی بازنەیەکی داخراون . ھەر کاتێک دۆخی یەکێکیان تێکبچێت بەدوای خۆیدا ئەوی تریان تێکدەچێت . واتە کە باری دەروونی شڵەژاو بێت ئازار بەدوای خۆیدێنێت و بەپێچەوانەشەوە .
کاردانەوەی لەشی مرۆڤ بۆ سترێس کاریگەرییەکی زۆری ھەیە لەسەر ڕێژەی ئەو ئازارەی ھەستی پێدەکەیت . لەکاتێکدا ھەندێک کەس کەتووشی شڵەژانێکی دەروونی دەبن لەناو بیر و ھزریاندا دەیھێڵنەوەو بۆ ڕێگا چارە جیاوازەکان دەگەڕێن بۆی . ھەندێکی تر بەڕێگایەکی فیزیکی و جەستەیی کاردانەوەیان دەبێت . ئەم کاردانەوە فیزیکی و جەستەییە لەوانەیە نادیار بێت بۆ کەسانی دەوروبەر ، بەڵام بۆ نەخۆشەکە خۆیی ھێندە کاریگەریی ھەیە کەببێتە ھۆی درووستبوونی ئازار . کەقەلەقی و سترێس زیاد دەکات دەبێتە ھۆی گرژی ماسوولکەکانی پشت و ماسوولکەکانی دەوری دەفەی شان و بڕبڕەکانی خوارەوەی پشت . کە حاڵەتێک درووست دەکات پێی دەوترێت (tension myositis syndrome) .
ئەم گرژبوون و ئازاری ماسولکانە وادەکات کەسی نەخۆش، خامۆش و تەمەڵ بێت و کەمتر جووڵەبکات، کەئەمیش دەبێتە ھۆی لاوازبوونی ماسوولکەکان و گرژبوونی زیاتر و ئازاری زیاتر .
=KTML_Bold=چۆن ئەم جۆرە ئازارە چارەسەر بکەم؟=KTML_End=
ئەم حاڵەتە دوولایەنەیە، ھەم لایەنی دەروونی، ھەم لایەنی جەستەیی . بۆیە پێویستی بەڕاوێژی فرەپسپۆڕی ھەیە بۆ چارەسەرکردنی، ئەو ھۆکارانەی کەکاریگەریان ھەیە وەکوو: ھۆکاری جەستەیی ، ھۆکاری سۆزداری، فیکر و ھۆش و ژینگە ھەریەک بەجیا دەبێت چارەسەر بکرێت . لەڕووی جەستەییەوە دەتوانرێت پزیشکی پسپۆڕ بە ڕاھێنانی سرووشتی و پزیشکی پسپۆڕی ئازار ڕێنمایی بکەن بۆ ئەنجامدانی ھەندێک وەرزش و کشان و سترێچکردنی ماسوولکەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئازارەکە . لەڕووی دەروونی و ھۆشەوە دەبێت لای پزیشکی دەروونی ڕێنمایی وەربگرێت بۆ ھێورکردنەوە و ئاسایی بوونەوەی باری دەروونی . لەکۆتایشدا ژینگە کاریگەرییەکی زۆری ھەیە و ئەو ژینگەو کۆمەڵگەیەی کەسەکە تیایدا دەژی .
لەوانەیە بۆ ئەو کەسانەی ئەمجۆرە ئازارانەیان ھەیە زۆر قوورس بێت کەدان بنێن بەوەی ھۆکاری ئازارەکەیان باری دەروونییانە ، بەڵام ئەمە ڕاستییەکی سەلمێنراوە لەڕووی زانستییەوەو حاڵەتێکی نەخۆشیی باوە کە نەخۆشەکان پێوەیدەناڵێنن و وە بەداخەوە زۆربەی جاریش کەس باوەڕیان پێ ناکات لەبەرئەوەی ئەنجامی پشکنین و تیشکەکانیان ھەمووی سرووشتی و ئاساییە. [1]