ناونیشان: کێ کاک نەوشیروانی کوشت؟
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #18-05-2023#
مێژوو ئەوەی نیشانداوە سیاسیی و سەرکردە و باوک بەمانا فرۆیدییەکەی نا تا ئەو ڕۆژە نەمرە و بەرگەی زەمەن دەگرێت کە خەمەکەی خەمی گشتییە و ماڵی دنیای ناوێت و بە پشتی هەردوو دەستی ڕەتیدەکاتەوە، کاتێک ماڵی دنیای قەبوڵ کرد ئیدی دەمرێت، جا نەخوازەڵا ئەو ماڵی دنیایە موڵکی گشتیی بێت، ئەوا نەک هەر دەمرێت بەڵکوو لە زیهنی خەڵکیشدا بەتەواوی کز و کوێر دەبێتەوە. دەبێت پێش هەموو کەسێک گۆڕان و هەڵسوڕاوانی بەشمەینەتی گۆڕان ئەم پرسیارە بکەن کە داخۆ بۆچی تەرمی ڕەوانشاد #نەوشیروان مستەفا# ئەمین لە گردی زەرگەتە نێژرا؟
پێویستە زوڵم لە کاک نەوشیروان نەکرێت و کوڕەکانی پێش هەموو کەسێک ڕایبگەیەنن کە ئەو شێوازە ناشتنە نابێتە شێوازی وەسێتکردنی پیاوێک کە بیرکردنەوە و یاداشتەکانی لە پەڕتووکەکانی کورد و عەجەم، پەنجەکان یەکتر دەشکێنن، لەکەناری دانووبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ و بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین نووسیوە. خۆ گەر ڕاستەخو خۆی وەسێتێکی لەوجۆرەی کردووە ئەبێ تێبگەین کە نەوشیروان مستەفای باوکی چیاو نما هەمان ئەو نەوشیروان مستەفایە نییە کە باسی لەخەونی گۆڕانکاری، ماڵی گشتی و حوکمی قانون دەکرد، تا ئەو ڕادەیە ڕژد بوو لەسەر ئەو باوەڕانە بۆ گۆڕانکاری کە حیزبێک و شارێک و دەڤەرێک و هاووڵاتییانی هەرێمێکی بۆ دووبەرە بۆ شەق کرد.
شۆڕش وگۆڕانکاری ڕادیکاڵ دوو جوڵەی زۆر هەستیارن، هەستیارییەکەیان بەڕادەیەکە گەر شۆڕشگێر یاخود گۆڕانخواز زۆر بە وریایی و لەەر بەرنامەیەکی تۆکمەی تیۆری سیاسیی مامەڵە نەکات گۆڕانکاری و شۆڕشەکە بە ئەگەری زۆر یا دەبێتە تیرۆر یا کۆمپانیای وەبەرهێنان و دواتر کەسی سەرو هەڕەمەکەش خۆی لەتوانایدا نابێت کۆنترۆڵی بکات. گەر ئامانجەکە دیار نەبێت دەبێتە تیرۆر و گەر سەرانی گۆڕانکاری و شۆڕشگێڕیش دەستکەن بە گیرفان پڕکردن ئەوا کۆمپانیا و بزنسێک زیاتری لێنامێنێتەوە. ئەمڕۆ خەڵکی #سلێمانی# پێی وایە سولەیمانەکەی سەر تەختەکەی گۆڕانکاری وەفاتیکردووە و ڕۆحێکی جوڵەک و وریا و بزێوی لەپاش بەجێنەماوە، عەرشەکەی بەجێهێشتووە بەڵام لە جیگای ئەو عفریتەکانی سەڵتەنەتی وەهمی گۆڕانکاریی خەریکی شەترەنجبازی موحاسەسە و بەشبەشێنە و ئیمتیازاتی چەورن.
وەک ئەوەی باسدەکرێت نەوشیروان مستەفای باوکی نما و چیا گردێک و مۆڵێک و کارگەیەکی چیمەنتۆی بۆ کوڕەکانی و شیوێک نائومێدیی و چیایەک دڵشکان و بزووتنەوەیەکی ئیفلیج و ڕێکخەرێکی بێدەنگ و کز و سوپایەک فرسەتتەڵەبی بۆ گۆڕانخوازان بە تایبەتی و شاری سلێمانی بە گشتی بەجێهێشت.
نەوشیروان مستەفا خۆی ڕەخنە لە هێنانەوەی تەرمی مەلا مستەفای بارزانیی باوک دەگرێت و وەک پێشهاتێک تەماشای دەکات کە بنەماڵەی بارزانی دەیانەوێت لە ڕێگەی گۆڕی مەلا مستەفاوە دەست بەسەر کوردستاندا بگرن. لە پەڕتووکی لەکەناری دانووبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ هێنانەوەی تەرمی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا لە #شنۆ#وە بۆ بارزان دەچوێنێت بە مردنی لالە سەرحەدی باپیر و دەنووسێت:
کاتێک بیستم تەرمی بارزانی دەهێننەوە بۆ بارزان، ئەم چیرۆکەم بیر کەوتەوە. گوایا لالە سەرحەدی باپیر کاتێک پیردەبێت وەسیەت دەکات بۆ کوڕەکانی و پێیان دەڵێت: بۆ ئەوەی ڕزگارتان بێت لەمەینەتی کۆچەری و ببنە خاوەن موڵک، هەرکات مردم هەوڵ بدەن لەجێگەو ناوچەیەکی بەپیتدا بمنێژن و پاش ماوەیەک دەسبگرن بەسەر ئەو زەویە بەپیتانەدا کە لەو ناوەدایە و ئەگەر کەسێک یان هۆزێک ویستی ڕێگەتان لێبگرێت بڵێن: بابە موڵکی خۆمانە ، ئەوە نییە گۆڕی باوکمانی لێیە! نەوشیوان مستەفا دەڵێت کوڕەکانی بارزانییش پێدەچێت بەهەمان ویست و تەماعەوە تەرمەکەی باوکیان گواستبێتەوە بۆ بارزان.
کورد بە گشتی و شاری سلێمانی بەتایبەتی کۆمەڵگەیەکین ناخوێنینەوە و تا ڕادەیەکیش زاکیرەمان کوورت مەودایە، ئەگەر نەخوێندەواری و کوورتمەودایی زاکیرە نەبوایە ڕۆژی وەفاتی کاک نەوشیروان دەبوو هەموو بەیەکجار هاوارکەین نابێت ئەو پیاوە بشکێنن، کێیە دەیەوێت مردنەکەی لە ژیانەکەی زیاتر بێت؟ لەبری قوڕپێوان و فینگە فینگی گریان و شۆوی ناقۆڵای سەرانی گۆڕانخواز، بۆ ئاسوودەبوونی ڕۆحی دەبوو کار بەو نووسینانە بکەن کە زیاتر لە کوڕ و دۆستەکانی تەعبیر بوون لەو پیاوە. گەر خۆشی بیلفیعل ئەوەی ویستووە دواجار ئینسانەو و باوکە و پێی وابووە ماندووە ئەوا با ئەو بتەی بۆ ئەو درووستکراوە بیشکێنین و بۆ ئەبەد نەهێڵین کەسی دیکە بەو جۆرە جورئەت بکات عەقڵمان هاک بکات و دزە بکاتە نێو زیهنی نەوەکانمان.
*تکایە کەس نەنووسێت گەر لەوێ نەنێژرایە یەکێتی گردەکەی داگیر دەکرد. وەک ساڵی پار. [1]