ناونیشانی بابەت: قەڵای هەولێر چی لێ دەکرێ؟
سەرۆکی کۆمیسیۆنی نۆژەنکردنەوەی #قەڵای هەولێر# ڕایگەیاند، نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر بەردەوامە و بڕیارە بکرێتە شوێنی گەشتیاری و شوێنەواری. وتیشی: ”بڕیارە بە جۆرێک نۆژەن بکرێتەوە، کە ببێتە نموونە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.“
#نیهاد لەتیف قۆجە#، سەرۆکی کۆمیسیۆنی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر، بۆ (باسنیوز) وتی: ”بەهۆی قەیرانی دارایی و هاتنی پەتای کۆرۆنا، نزیکەی 5 بۆ 6 ساڵمان لێ ڕۆیشت لەو بەرنامەیەی بۆ قەڵای هەولێر دانرابوو، کارکردن لە قەڵای هەولێر زۆر وردەکاریی دەوێت، چونکە کۆڵانەکانی زۆر تەسکن و هەموو بارهەڵگرێک ناتوانێت بچێتە سەر قەڵا، ئێستا شەقامی ناوەندیی قەڵا لە نۆژەنکردنەوەدایە و نزیکەی چوار مانگی دەوێت، چونکە کارکردن دەبێت بەوردی دەبێت و دوای ئەو قۆناغەیە بەرنامەی دیکە هەیە.“
وتیشی: ”شەش بەش ئێستا لە قەڵا هەن، یەکێکیان بەشی فەرش و کەلوپەلی کۆنه، هەروەها مۆزەخانەی بەردین و سەنتەری زانیاریی هەیە، کە تایبەتە بە مێژووی قەڵا و خانەوادەکانی هەولێر و چالاکیی لەوێ نمایش دەکرێن، دوای شەقامی سەرەکی، سەنتەرێکی زانیاری بۆ منداڵان و قوتابییانی قوتابخانەکان دەکرێتەوە، لەگەڵ گەرماوی گەورەی قەڵای هەولێر، کە بە پشتیووانیی باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا جێبەجێ دەکرێ و لە %70ی تەواو بووە و چەندین کافتریا و ناوەندی کولتووریی تیادا دەکرێتەوە، ئێستا کە هێشتا وەک پێویست نۆژەن نەکراوەتەوە، کەچی ڕۆژانە هەزار کەس سەردانی دەکەن، ئەگەر نۆژەن بکرێتەوه، ڕێژهی سەردانیکەران زۆرزۆر دەبێت.“
سەرۆکی کۆمیسیۆنی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر ڕاشی گەیاند: ”دوای نۆژەنکردنەوەی شەقامی ناوەندی، ڕێگا نادرێت ئۆتۆمبێل بچێتە سەر قەڵا و ئەمە بەرنامەی (یونسکۆ) شه، بەڵام لە خوارەوە ئۆتۆمبێلی تایبەتیی بچووک هەیە بۆ گواستنەوە و بەسەرخستنی کەسانی نەخۆش و خاوەن پێداویستیی تایبەت، بڕیاریشە بەرنامەیەک هەبێت بۆ وەرگرتنی پارە لە گەشتیار و ئێستا لەژێر توێژینەوەدایە و دەبێ بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و ڕێنمایی وەزارەتی دارایی لەوبارەوە هەبێت.“
دەشڵێت: ”تا ئێستا هەڵسەنگاندن نەکراوە، لە دوای تەواوکردنی نۆژەنکردنەوە، ڕۆژانە چەند گەشتیارمان دەبێت، بەڵام ئەمە پڕۆژەیەکی گرنگ دەبێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.“
لەبارەی پشتێنەی قەڵا، کە چی لێ دەکرێت؟ وتی: ”ئەمە پڕۆسەیەکی قوورسە و پارەیەکی زۆری دەوێت و نزیکەی 9 بۆ 10 ملیۆن دۆلاری دەوێت و کاتی دەوێت، لای سینەما سیروان هەندێک خانوو لای پشتێنەکە ڕووخاون، ئەگەر کار بکرێت بۆ پشتێنەکە و خانووەکانیش بەو شێوەیە بن، سوودی نابێت، دەبێت خانووەکان چاک بکرێنەوە، دواتر پشتێنەکە تەواو بکرێ. باشترین پێشنیاریش بۆ ئەو پشتێنەیە ئەوەیە سەرجەمی دەکرێتە سەوزایی.[1]