سەرپەرشتیاری میحوەری شەشی پێشمەرگە، هێرشەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر #هەولێر# بە کردەوەیەکی ناجوامێرانە ناودەبات و دەڵێت: ''جێگەی دڵخۆشییە کە ئەم جارە دڵگرانییەکی فەرمیی حکوومەتی ئێراق لە بەرانبەر هێرشەکە دەبینرێت.''
#سیروان بارزانی#، سەرپەرشتیاری میحوەری شەشی پێشمەرگە (#گوێڕ# -#مەخموور#) لە پرسەی #پێشڕەو دزەیی# و کچەکەی کە لە هێرشی مووشەکیی شەوی دووشەممە #15-01-2024#ی ڕابردووی سوپای پاسداران بۆ سەر شاری هەولێر، گیانیان لەدەستدابوو، بە ڕۆژنامەوانانی ڕایگەیاند، ''ئەوەی ئێران کردی جێگەی داخە، هێرشەکەی بۆ سەر هەولێر بەبێ پاساو و کردەیەکی ناجوامێرانە بوو.''
سەرپەرشتیاری میحوەری شەشی پێشمەرگە (گوێڕ -مەخموور) ئاماژەی بەوە کرد، ئێران لە هێرشەکەدا خەڵکی سڤیلی کردووەتە ئامانج و ''هێزی خۆی بە شەهیدێکی وەکوو خوالێخۆشبوو پێشڕەو دزەیی تاقی دەکاتەوە و پیشانی جیهان و گەلی کوردستان دەدات کە من ئەم جۆرە مووشەکانەم هەیە، بەڵام بۆ خودی ئێران خراپە کە گەلانێک یان نەتەوەی کورد لەگەڵ خۆی بکاتە دوژمن.''
سیروان بارزانی وتی، ''جێگەی دڵخۆشییە، کە ئەم جارە محەمەد شیاع سوودانی و حکوومەتی ئێراق کاردانەوەیەکی باشیان تەنانەت لە ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتیش هەبوو و بانگهێشتی باڵیۆزی ئێرانیش لە #بەغدا# کرا، بۆیە ئەم جارە بابەتەکە دڵگرانیی ئێراقی بە فەرمی پێوە دیارە.'' [1]