(با بتەقێتەوە)
ئەگەر جیهان بە نەمانی من
سەلامەت دەبێ
ها ئەوە لوولەی تۆپهاوێژەکانی ئێوە و
تونێڵی گەرووی من.
ها ئەوە گەرووی درێژی
زریپۆشەکانی ئێوە و
دەمارە پساوەکانی من.
ها ئەوە ساچمەی هەزار پارچەی
بۆمبەکانی ئێوە و
ئێسکی وردوخاشی من.
ها ئەوە خەنجەری درەوشاوەی ئێوە و
گۆشتی بێڕەونەقی من.
ها ئەوە خوێی خوایی ئێوە و
برینی پڕ لە شەیتانی من.
ها ئەوە خەونی گەرمی ئێوە و
خوێنی سەهۆڵبەندانی من.
ها ئەوە باڵی ئایندەی منداڵانی ئێوە و
مەرگی مناڵانی من.
ها ئەوە ژیانی تاهەتایی ئێوە و
قەبری تاهەتایی من.
ها..
دەی دەبا بڕووخێ حەزارەت
دەبا بتەقێتەوە ئەو جیهانە.
ناوی نووسەر: #زانا خەلیل# [1]