ناونیشانی بابەت: فیلمی (مێسیی بەغدا) لە دوو فێستیڤاڵدا کێبڕکێ دەکات.
فیلمی سینەمایی (مێسیی بەغدا) لە دەرهێنانی دەرهێنەری کورد، #سەهیم عومەر خەلیفە#، لە دوو فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا لە سوێد و نەرویج لە بەشی کێبڕکێدا بەشدار دەبێت.
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە بەشی پێشبڕکێی 14ەیەمین فێستیڤاڵی مالمۆ بۆ سینەمای عەرەبی لە سوێد بەشدارە کە بە گەورەترین فێستیڤاڵی فیلمی عەرەبی لە ئەورووپا دەناسرێت، چالاکییەکانی لە 22 تاوەکوو 28ی نیسانی 2024 لە شاری مالمۆی سوێد بەڕێوەدەچێت.
هەروەها ئەم بەرهەمە لە 27ەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کریستیانساند بۆ فیلمی منداڵان بەشدارە کە بە گەورەترین فێستیڤاڵی فیلم لە نەرویج دەناسرێت و چالاکییەکانی 22 بۆ 27ی نیسانی 2024 بەڕێوەدەچێت.
بەم دواییە ئەم بەرهەمە سینەماییە لە سینەماکانی #هەولێر#، #سلێمانی# و بەغدا نمایشکرا، پێشتر چەند خەڵاتێکی بەدەستهێناوە، ئەویش 26ەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی (ئارپا) لە هۆلیۆد لە ئەمریکا بۆ باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان و باشترین سیناریۆ.
دوو خەڵاتی دیکەی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەغدا، بۆ باشترین ئەکتەری ژن و خەڵاتی تایبەتی لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵ بەدەستهێناوە، هەروەها خەڵاتی لیژنەی دادوەری گەنجانی وەک باشترین فیلم لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی Schlingel لە ئەڵمانیا و خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی لە 10یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی #دهۆک# بەدەستهێناوە.
فیلمەکە بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا کردووە، لەوانە 25ەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی شەنگهای و بەربژێری سێ خەڵات بوو.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!