گەزی چی و جاوی چی.
پێشوان لە بارەی ئەم پەندەوە دەگێڕنەوە: جارێک جوتیارێک لە گوندێک لە کاتی جووتکردندا کوپەڵەیەک لیرەی دۆزییەوە پاشان بردییەوە بۆ ماڵەوە و دایە دەست ژنەکە و وتی: ئەو کوپەڵە لیرەیە هەڵگرە بۆ ڕەمەزان. ڕۆژی دوایی دوو سواڵکەر بۆ سواڵ چوونە ماڵی کابرا و یەکێکیان ناوی (ڕەمەزان) بوو، ئیتر ژنەکە وایزانی کە کۆپەڵە لیرەکە هیی ئەوە، کوپەڵە لیرەکەی دا بە سواڵکەرەکە و ڕۆشت. ڕۆژی دوایی جوتیارەکە داوای کوپەڵە لیرەکە لە ژنەکەی کرد، ئەویش ورد و درشت هەموو بۆ گێڕایەوە کە سواڵکەرەکان لیرەکەیان بردووە.
کابرای جوتیار لە خەفەتا سەریخۆی هەڵدەکڕان و وتی: هەر کاتێک لەم ژنەی خۆم کەرتر بینی ئینجا دەگەڕێمەوە. جوتیار ڕۆیشت و زۆر ماندوو بوو، لەسەر کانی و ئاوێک دانیشت. لەناکاو ئافرەتێک هاتەسەر کانییەکە، جوتیارەکەی بینی زۆر مەلوول بوو، ئافرەتەکە وتی: کاکە بۆچی وا ماندووی، چی قەوماوە، هەبێت و نەبێت لە جێگەیەکی دوورەوە هاتووی، جوتیارەکەش تاقەتی دەمەتەقێت نەبوو، وتی: لە جەهانەمەوە هاتوومەتەوە! ئافرەتەکە وتی: دەی توخوا پێم بڵێ: کاکە حەمەی برام چۆنە، دوو ساڵە مردووە هەواڵم لێی نییە! جوتیارەکە زانی ئافرەتەکە ئاگای لە دنیا نییە وتی: بەرەوەڵا بە یەکەوەبووین بەڵام حاڵی زۆر خراپە چونکە قەرزارە، ڕۆژ نییە فەلاقەی نەکەن، ئافرەتەکە بە پرتاو چووەوە بۆ ماڵەوە و هەرچی زێڕ و شتی بەنرخە بوو بۆ جوتیارەکەی هێنا و وتی: قوربانتبم، بڕۆ خێرا بۆیبەرە بەڵکوو لەو قەرزانە ڕزگاری بێت، جوتیار کەلوپەلەکانی هەڵگرت و ڕۆشت تا گەیشتە دووکانی جۆڵایەک لەوێ دانیشت و پشوویدا.
لاولاوە مێردی ئافرەتەکە ڕۆشتەوە بۆ ماڵەوە، ئافرەت هەرچی هەبوونەبوو بۆ مێردەکەی گێڕایەوە، مێردەکەی زانی جوتیارەکە فێڵی لە ژنەکەی کردووە، خێرا تفەنگەکەی هەڵگرت و سواری ئەسپەکەی بوو ڕۆشت، بەڕێکەوت بەرەو دووکانی جۆڵاکە، لە دوورەوە جوتیارەکە زانی مێردی ئافرەتەکەیە بە جۆڵاکەی وت: ئاغا بەدوای کەسێکدا دەگەڕێت کە گەزی کوورت و جاوی پاک بدورێت، خێرا وەرە خۆت بشارەوە، کابرای جۆڵا چووە سووچی دووکانەکەوە و خۆی شاردەوە.
مێردی ئافرەتەکە ئەسپەکەی لەبەردووکانەکەدا ڕاگرت و تفەنگەکەی کرد بە زینی ئەسپەکەوە و هاتە دووکانەکە و وتی: کابرایەکتان لەو ڕەنگە و لەو شێوەیە نەدیوە، جوتیارەکەش بە ڕووخسار ئاماژەی بۆ سووچی دووکانەکە دەکرد و بە دەمیش ئەیوت نەمدیوە! مێردی ئافرەتەکە زوو تێگەیی کە مەبەستی چییە بۆیە چووە گیانی جۆڵا و دەستی بە لێدانی کرد، جۆڵاش دەیوت گەزم کوورت نییە و جاوم پاکە. جوتیاریش کە دووکانەکە هاتەدەر و سواری ئەسپەکە بوو تفەنگەکەشی برد. مێردی ئافرەتەش هەر لە جۆڵای دەدا کە بینی ئەسپەکەی و تفەنگەکەشی تیاچوو، دوایی تێگەیی گەزی چی و جاوی چی، گەڕایەوە بۆ ماڵەوە و وتی: ئافرەت حەمەی برات زۆر قەرزاربوو تفەنگ و ئەسپەکەشم بۆ نارد. جوتیاریش بۆ ماڵی خۆیان گەڕایەوە.[1]
Այս տարրը գրվել է (کوردیی ناوەڕاست) լեզվով, սեղմեք պատկերակը
բացել իրը բնագրի լեզվով
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Այս տարրը արդեն դիտվել 2,152 անգամ
Գրեք ձեր մեկնաբանությունը մոտ այս նյութը!