هەواڵ وەک یەکێک لە ژانرە هەرە گرنگ و سەرەکییەکانی میدیاو بواری ڕۆژنامەنووسی، گرنگی و بەهێزییەکەی لەوە دایە بە شێوەیەکی ڕاست و باشترین تەکنیک بخرێتە بەر دەستی وەرگر، چونکە هەواڵ خێراترین ژانری گەیاندنی زانیارییەکانە لە میدیادا و هەمیشە وەرگر بۆ ئاگاداربوون لە ڕووداوە گەرمەکان و زانیاری خێرا پشتی پێدەبەستێت، لەبەر ئەوەشە میدیاکان بەردەوام شێوازی نوێ و ستایلی سەرنج ڕاکێش بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵَ وەردەگرن، هەواڵا جیا لە هەموو ژانرەکانی دیکەی ڕۆژنامەنووسیش تەکنیک و وەڵامدانەوەی پرسیارگەلێکی زۆری پێویستە، ڕۆژنامە و میدیاکانی جیهان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵدا قالب و شێوە بڵاوکردنەوەیەکی تایبەت بەخۆیان نییە، بەڵکو لێکچوون لە ستایلی داڕشتنی هەواڵەکاندا هەیە و زۆرجار هەواڵی دوو میدیای جیاواز ئەگەر ناوەڕۆکەکەیان جیاواز نەبیت لە هەموو خەسڵەتیکی دیکەی تەکنیکیدا لەیەک دەچن.
بڵاوکردنەوەی هەواڵ بە شێوە زانستییەکەی پێویستی بە تەکنیک و میتۆدی دیاریکراو هەیەو بۆ ئەو مەبەستەش میدیاکان چەند میتۆدێک لە نووسینەوەی هەوالدا پەیڕەو دەکەن، بەڵام بەربڵاوترین ئەو میتۆدانەی لە میدیادا بەکار دەهێنرێن، میتۆدی (هەڕەمی هەڵگەڕاوەیە) ئەو جۆرە میتۆدە بۆتە جێگەی بایەخ و گرنگی پێدانی زۆربەی میدیا هەواڵییەکان، لەو جۆرە میتۆدەدا، واتە لە میتۆدی هەڕەمی هەڵگەڕاوەدا گرنگترین بابەت لەپێشەوە دەنووسرێت و کەم بایەخترین بابەتیش لە کۆتاییەکەدا دەنووسرێت، واتە بەپێی ڕێژەی گرنگییەکەی بابەتەکە لە سەرەوە بۆ خوارەوە ڕیزدەکرێت.
*نموونەی میتۆدی هەڕەمی هەڵگەڕاوە:
ئەو جۆرە میتۆدەی هەواڵ نووسین چەند تایبەتمەندی و خەسڵەتێکی ئەرێنی هەیە، وەک:1- لە لیدەکەدا پوختەی گرنگترین بابەت بڵاو دەبێتەوە.
2- وەرگر کاتێکی کەمتری بۆ وەرگرتنی ناوەڕۆکەکە پێویستە.
3- کەمتر وەرگر ماندوو دەکات.
4- هاندەرە بۆ وەرگر بابەتەکە بخوێنێتەوە.
5- هە ستی بەدواگەڕانی وەرگر بۆ هەواڵ و زانیاری تێر دەکات.
لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەو خەسڵەت و تایبەتمەندیە ئەرێنیانەی هەیە، هەڕەمی هەڵگەڕاوە کێماسیشی هەیە، وەک:
1-لە لیدەکەدا زانیاریەکان دەخرێنە ڕوو، ئەوەش زۆرجار وا لە خوێنەر دەکات، واز لە زانیارییەکانی دوای لیدکە بێنێت.
2- زۆرجار ئەوەی لە لیدەکەدا باسکراوە، هەمان ئەو شتەش لە خوارەوە دووبارە دەکرێتەوە.
3- زۆرجار لەکاتی پوختە کردندا لەو جۆرە هەواڵانە هەندیک لە زانیاریەکان دەسڕێنەوە.
نموونەی هەواڵ بۆ میتۆدی هەڵگەڕاوە:
زاری کرمانجی – سۆران: بەپێی بڕیارێکی حکومەت بەمەبەستی وەرگرتنی باج و زیادکردنی داهات، وەزارەتی دارایی مانگانە (5000) دینار لە مووچەی فەرمانبەران دەبڕێت.
بەشی دووەمی هەواڵەکە:
ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوێنێ شرۆڤەی بڕیارەکەی کردو فەرمانی بە وەزارەتی پەیوەندار کرد، ڕێنمایی و خشتەی وەرگرتنی باجەکە، بۆ دەزگاو فەرمانگەکانی حکومەت بنێرێت.
بەشی سێیەمی هەواڵەکە:
بەپێی ئەو بڕیارە و بە گوتەی وتەبێژی حکومەتی هەرێم، ئەو پارەیەی مانگانە لە فەرمانبەران دەبڕدرێت، دەخرێتە ناو خەزێنەی حکومەت و دواتر دەکرێتە هاوکاری بۆ ئەو فەرمانبەرانەی چالاکن و لە بواری ئیشەکەی خۆیاندا داهێنان دەکەن.
دووەم : میتۆدی مێژوویی یان هەڕەمی تەواو: ئەو جۆرە میتۆدەی نووسنی هەواڵ پێچەوانەی میتۆدی هەڕەمی هەڵگەڕاوە، بایەخ بە بابەتە گرنگەکان نادات و بەپێی کات و مێژووی ڕوودانی هەواڵەکە دەخاتە ڕوو، کە ئەو جۆرە شێوە نووسینەی هەواڵیش پتر لە میدیای حزبەکاندا گرنگی پێدەدرێت و جێگەی بایەخیانە.
ئەو جۆرە میتۆدە چەند خەسڵتیکی هەیە وەک:1-بابەتەکە بە فرەوانتر دەخاتە ڕوو.
2- تێڕوانینی نووسەری هەواڵ لەناویدا بەدی ناکرێت، چونکە بابەتەکە بە پێی گرنگی ڕێکناخرێت.
ئەو شێوە داڕشتنەی هەواڵیش چەندین کێماسی هەیە لەوانە:
1-کاتێکی زۆر لە وەرگر دەکوژێت.
2-وەرگر پتر ماندوو دەکات.
3- سەلیقەو توانای تێگەیشتنی وەرگر لە پێش چاو ناگرێت.
نموونەی هەواڵی ئەو جۆرە میتۆدە:
سلێمانی- ڕادیۆی نەوا: دوێنێ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی جێگرانی وەزارەتەکان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆک کۆمار، بۆ شرۆڤەکردنی بڕیاری دەوڵەت لەبارەی هاریکارییەکانەوە پێکهێنرا.
بەپێی هەواڵی بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتیەکان، دوێنێ دووشەممە بە سەرۆکایەتی ( تارق هاشمی) جێگری سەرۆک کۆمار و بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی، لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەی جێگرانی وەزارەتەکان بەڕێوەچوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا لە مەودوا حکومەت هاوکاری ئەو هاوڵاتیانە بکات، کە کێشەی تەندروستیان هەیەو لەناوەی ئێراق چارەسەر ناکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک پێکهات و لەسەر ئەو بنەمایە لەسەرەتای ئەو مانگەوە دەست بە کارەکانی دەکات، ئەو بڕیارەش یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ ئەو کەسانەی توانای ئەوەیان نیە لە دەرەوەی وڵات چارەسەری پزیشکی وەربگرن.
گرنگترین بنەماکانی نووسینی هەواڵ:
1- هەماهەنگی هەواڵ: هەواڵ دەبێ بەجۆرێک ڕێکبخرێت، هەموو بەشەکانی هەماهەنگی پێویستیان لەگەڵ یەکدا هەبێت. یان دوو ڕووداو پێکەوە ئاوێتە بکرێن.
بۆ نموونە:
*دوای کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی نەفەر هەڵگر لە هەفتەی ڕابردوودا، بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی هەولێر دەستی لەکار کێشایەوە
2- شوێن و سەرچاوەو مێژووی هەواڵ:
پێویستە لە هەر هەواڵێکدا شوێنی ڕوودانی هەواڵەکەو مێژووەکەی و سەرچاوەی وەرگرتنی هەواڵەکە دیار بکرێت.
بۆ نموونە :
هەولێر (کوردستان) ڕووداو- 2ی ئابی 2011:
3 -ناساندنی کەسەکان:
ئەو کەسانەی لە هەواڵدا ناویان دەهێنرێت، دەبێ بە وردی بناسێنرێن، یان ناوی دەزگاو دامەزراوەکان بە تەواوی بنووسرێن:
بۆ نموونە : ئاشتی هەورامی - هەڵەیە
دەبێ بنووسرێت:
ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
یان لە ناوی دەزگا :
وەزارەتی خوێندنی باڵا - هەڵەیە
دەبێ بنووسرێت :
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی
فەرمان ساڵح