لەگەڵ بەردەوامبونی ڕوداوەکانی شارۆچکەی سەیدسادق و پاش ئەوەی ڕوداوەکان توندوتیژییان لێکەوتەوە، نوێنەرانی هەر پێنج فراکسیۆنە سەرکەوتوەکەی پەرلەمانی کوردستان سەردانی شارۆچکەکەیان کرد بەمەبەستی هەوڵدان بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە، لە بەیاننامەیەکدا فراکسیۆنەکانی پەرلەمان هەڵوێستی خۆیان بەم شێوەیەی خوارەوە خستوەتەڕو:
دوای هاتنی وەفدی فراکسیۆنەکانی پەڕلەمانی کوردستان، لەنوسینگەی سلێمانییەوە بۆ شارۆچکەی سەیدسادق، ئەوپەڕی هەوڵی خۆماندا بۆ هێوردکردنەوەی دۆخەکەو لەئێستادا، هەڵوێستمان بەمشێوەیە دەخەینەڕو.
یەکەم: پشتگیری داوای ڕەوای کەمی خزمەتگوزاری لەناوچەکەو پەراوێزخستنی قەزاکە دەکەین و چاودێری و بەدواداچونی بەردەوام بۆ چارەسەری کێشەکانیان دەکەین.
2- پێویستە هەڵمەتی ڕەشبگیری دوبارە نەبێتەوەو هەوڵی ئارامکردنەوەی دۆخەکە بدرێت و تەقەکردن ڕابگیریت و هێزی زیادە ببرێتەوە دەرەوەی شارۆچکەکە.
3- پێویستە لەئێستادا وەزیری ناوخۆ و لایەنی ئیداری پارێزگای سلێمانی، دەستلەکارکێشانەوەی قایمقام و سەرۆکی شارەوانی قەبوڵ بکەن و دڵنەوایی بدەنە خەڵک و بڕیاری چارەسەری کێشە هەنوکەییەکان بدەن و پلانی ئایندەیی بۆ چارەسەری کێشەکانی دیکە دابنێن.
4- ناڕاستەوخۆ داوای بڕیاردانی چارەنوسی ناوچەکە لەلایەن خۆیانەوە دەکرێت، بۆیە دوای تەواوبونی بەپارێزگاربونی هەڵەبجەو گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکانی، مافی خەڵکی سەیدسادقە بەشێوازی یاسایی و مۆدێرن بڕیار لەچارەنوسی خۆیان بدەن.
5- سەرەخۆشی لەخێزانی کاک بڕیار دەکەین و هیوای چاکبونەوە بۆ بریندارەکانی هەردولا دەخوازین و بەدوداچون بۆ کەیسی شەهید بڕیار بەجدی دەکەین.
نوێنەرانی فراکسیۆنەکانی پەڕلەمانی کوردستان
1- فراکسیۆنی گۆڕان
2-فراکسیۆنی یەکێتی
3- فراکسیۆنی یەکگرتو
4- فراکسیۆنی پارتی
5- فراکسیۆنی کۆمەڵ.