بەپێی ئامارێکی تەندروستی گەرمیان، لەماوەی ڕۆژانی نەورۆزدا، یەک هەزار و 52 هاوڵاتی سەردانی بەشی فریاکەوتن و تیمە گەڕۆکەکانی بەهاناوەچوونی خێرایان کردوە لە تەندروستی گەرمیان.
بەپێی ئامارەکانی تەندروستی گەرمیان، کە وێنەیان لێ ناردووە بۆ خەندان، لە ماوەی سێ ڕۆژی جەژنی نەورۆز لە بەروارەکانی (21 و 22 و 23)ی ئادار، لە هەریەکە لە نەخۆشخانەی: فریاکەوتنی کەلار، بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری، لەگەڵ تیمە گەڕۆکەکانی تەندروستی گەرمیان لە سەیرانگاکانی سنوورەکە، پێشوازییان لە یەک هەزار و 52 حاڵەتی جۆراو جۆر کردووە، کەبەشی زۆری ئه و حاڵەتانە، نەخۆش کەوتنی ئاسایی هاوڵاتیان بوون.
هەروەک ژمارەیەک حاڵەتی ڕووداوی جیاوازیش هەبوون کە بریتیی بوون لە:
یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان بە سوتاویی لە کفری، لەگەڵ دوو حاڵەتی بریندار بوون بە سوتاویی لەکەلار، 9 حاڵەتی ڕووداوی هاتوچۆ، کە بریندارەکان برینەکانیان قورس نەبووە، چوار ڕووداوی کەوتنە خوارەوە لە کەلار و کفری، دوو برینداری شەڕ و شەڕە چەقۆ لە کەلار و کفری، یەک حاڵەتی پێوەدانی دووپشک لە سنوری قەزای کەلار.
تەندروستی گەرمیان بۆ ڕۆژانی جەژنی نەورۆز، پلانی تایبەتی دانابوو و خشتەی ئێشکگریی بۆ هەموو نەخۆشخانه و مەڵبەندە 24 سەعاتیەکانی دانابوو، لەگەڵ پێکهێنانی ژمارەیەک تیمی گەڕۆک لە سەیرانگاکانی سنوورەکە، بۆ بەهاناوەچوونی هاوڵاتیان لەکاتی ڕووداوی نەخوازراو دا.
- 24-03-2014