دەزگای گشتی مین لە هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت، سەرەڕای هەوڵەکانیان بۆ بنەبڕکردنی دیاردەی مین و تەقەمەنی لە هەرێم، لە ئێستادا ڕووبەری زیاتر لە 300 کیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاکی هەرێمی کوردستان ماوە بۆ ئەوەی لە مین و تەقەمەنی پاک بکرێتەوە.
دەزگای گشتی مین بە بۆنەی 4-4، ڕۆژی جیهانی "هۆشیارکردنەوە لە مین و پاڵپشتیکردنی کاروباری مین" بەیاننامەیەک بڵاودەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت: لە هەرێمی کوردستاندا، سەرەڕای زیاتر لە 20 ساڵ کاری لابردنی مین و تەقەمەنی و پێشکەشکردنی دەیان شەهیدی پیشەگەری مین و هەزاران شەهیدی هاوڵاتی، هێشتا ڕووبەری زیاتر لە 300 کیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاکی هەرێمی کوردستان ماوە بۆ ئەوەی لە مین و تەقەمەنی پاک بکرێتەوە.
دەقی بەیاننامەکە:
لەڕۆژی 8ی کانونی یەکەمی ساڵی 2005، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریدا ڕۆژی 4-4 بکاتە ڕۆژێکی جیهانی بۆ (هۆشیارکردنەوە لە مین و پاڵپشتیکردنی کاروباری مین).
لە #04-04-2006# بۆ یەکەمینجار لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆربەی ئه و وڵاتانەی کە گیرۆدەی کێشەی مین و تەقەمەنی بوون، یادی ئه و ڕۆژە کرایەوە، له و کاتەوە هەموو ساڵێک لە ئاستی حکومەت و ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان بە ئەنجامدانی چەند چالاکییەک یادی ئه و ڕۆژە دەکرێتەوە.
لەهەرێمی کوردستاندا، سەرەڕای زیاتر لە 20 ساڵ کاری لابردنی مین و تەقەمەنی و پێشکەشکردنی دەیان شەهیدی پیشەگەری مین و هەزاران شەهیدی هاووڵاتی، هێشتا ڕووبەری زیاتر لە 300 کیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاکی هەرێمی کوردستان ماوە بۆ ئەوەی لە مین و تەقەمەنی پاک بکرێتەوە.
لەهەشتەمین ساڵیادی ئه و بۆنەیەدا، پیرۆزبایی و ماندونەبوون لە سەرجەم پیشەگەرانی کاروباری مین لە سەرتاسەری جیهان بە گشتی و پیشەگەرانی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی دەکەین و بەڵێنیش دووپاتدەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە ڕوبەڕوبونەوەی ئەم مەرگە شاراوەیە تا ئه و کاتەی دوا کێڵگەی مینڕێژکراو بە پاکی ڕادەستی خاوەنەکەی دەکەینەوە، تا هاونیشتیمانانمان لە ژینگەیەکی سەلامەت بەردەوامی بە ئاوەدانی کوردستان بدەن و ژیانێکی خۆشگوزەران و ئاسودە بەسەربەرن.
دووبارە پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە پیشەگەرانی بواری کاروباری مین دەکەین و داواکارین خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان یارمەتیدەرمان بن بۆ ئەوەی ماف و ئیمتیازاتی گونجاو بۆ هەموو پیشەگەرێکی کاروباری مین مسۆگەر بکرێت و ببێتە پاڵنەرمان بۆ زیاتر خزمەتکردنی خاک و نیشتیمان.
کوردستان هەر ئاوەدان و پیشەگەرانی کاروباری مینیش هەر سەلامەت و سەرکەوتوو بن.
- 03-04-2014