راماڵ قەسرەیی
وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ڕایدەگەیەنێت، پێش گرتنی شنگال لەلایەن چەکدارانی داعش، زیاتر لە (500) گەنجی ئێزدی پەیوەندیان پێوەکردوون و مەشق و ڕاهێنانیان پێکراوە و ئێستا لەناوچەکانی شنگال و دەوروبەری دژی داعش دەجەنگن، دەشڵێت: لە کوردستانی باشوور (10) شەهیدمان داوە.
پۆلات جان، وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە لێدوانێکی تایبەت بەخەندانی ڕاگەیاند، "دوابەدوای ڕووداوەکانی شنگال، (یەپەگە) بەمەبەستی ئازادکردنی دانیشتوانەکەی و ڕوبەڕوبوونەوەی چەکدارانی (داعش) ڕۆڵی بەرچاومان گێڕا".
وتیشی: هەردوای ڕووداوەکان کۆمەڵێک گەنجی شنگال لەوانەی توانای چەک هەڵگرتنیان هەیە، هێزێکیان درووستکرد بەناوی (یەکینەکانی پاراستنی شنگال) کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەیان لەزیادبووندایە، ئێستاش ژمارەیان زیاتر لە (100) کەس دەبێت و لە لەلایان ئێمەوە ڕێنوێنی و هاوکاری دەکرێن.
پۆلات جان، ئەوەشی خستەڕوو، "دوای ئارام بوونەوەی ڕەوشی ناوچەی شنگال ئه و گەنجانە ئازادن ئاخۆ لەناو یەپەگە دەمێننەوە یان سەرقاڵی کاروباریخۆیان دەبن".
وتیشی: چەند مانگێک لەمه و بەر نزیکەی 500 گەنجی شنگال هاتنە ناو ڕیزەکانی یەپەگە مەشق و ڕاهێنانییان پێکراوە و ئێستا لەناو ڕیزەکانی یەپەگە وەک شەڕڤان لەناوچەی شنگال و ڕەبیعە لەبەرەکانی شەردان دژی چەکدارانی داعش.
پۆلات جان ئاشکرایکرد، "له و ماوەیەدا لەسنوری شنگال و دەوروبەری (10) شەڕڤان لە ڕوبەروبونەوەکانی دژی چەکدارانی داعش شەهید بوون"، وتیشی: یەپەگە توانیویەتی لەرێی ڕۆژئاواوە زیاتر لە (150) هەزار کەس لە چیا شنگال بەره و زاخۆ و دهۆک دەرباز بکات، جگە لەمەش هەر بەهەوڵی (یەپەگە) زیاتر لە (25) هەزار ئاوارەی شنگال لە ئێستادا لەکوردستانی ڕۆژئاوا لەکەمپی نەورۆز جێگیر بوون.
- 12-08-2014