ساموێل بێکێت
وەرگێڕانی: #سەرکەوت جەلیل#
لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا، دەقێکی شانۆییی بەناوبانگی جیهانە، کە ساموێل بێکێت نووسیویەتی و سەرکەوت جەلیل لە عەرەبییەوە وەری گێڕاوە.
ساموێل بێکیت دەڵێت: “ئەو کاتەی ماندوو بوویت، ئەو کاتەی لە پەلوپۆ کەوتیت، گرینگ نییە، دیسان بەرگری بکە، دیسان تێ بکۆشە و شکست بخۆ. ئەمجارە شکستێکی باشتر بخۆ.” لە ڕاستیدا هەمیشە شکست دەخۆیت و شکست چارەنووسی مرۆڤە. بەڵام بۆ شکستی دووبارەش، مرۆڤ دەبێت هەوڵ بدات و ماندوو نەبێت. چونکە هیچ ڕێیەکی تر بوونی نییە. کەواتە کتێبی “لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا” هەم تراژیکە و هەمیش بە گاڵتەجاڕییەوە دەڕوانێتە چارەنووسی مرۆڤی ئەمڕۆ. کە داڕووخاو و ماندووە و هەوڵی گەیشتن بە پووچی دەدات. دڵی بە هیوا پووچەکان خۆش دەکات و چاوەڕێی شتێک دەکات دەزانێت هەرگیز نایەت، چونکە هەموان چاوەڕێی گۆدۆی هەرگیزنەهاتووی خۆیانن.
بە پێی گوتەیەکی پڕۆفیسۆر نیلسۆن، ئەوەی کە وای کردووە شانۆییی “لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا” هێندە نەمر بێت، ئەوەیە کە خودی شانۆیییەکە ڕێی بە جۆرێک لە فرەتەفسیری داوە. بە تایبەت ئەم شانۆیییە دەتوانێت بەرگەی زەمەن بگرێت چونکە نێوەڕۆکەکەی دەربارەی ڕەوتی زەمەنە.
لە لایەکیشەوە، نمایشی پرسیارە فەلسەفییە گرینگەکان دەربارەی ژیان و مەرگ و ئامانجی ناڕوونی ئەوەی لەم نێوانەدا ڕوو دەدات، دەخاتە ڕوو و بە جۆرێک پرسیارەکان تایبەت بە زەمەن و شوێنێکی دیاریکراو نیین. نمایشی ئەم شانۆیییە لە سەراسەری دنیادا سەلمێنەری ئەم قسەیەیە.
لە لایەکی ترەوە دەکرێت بگوترێت هیچ قەیران یان گرفتێکی کۆمەڵایەتی بەبێ “گۆدۆ” بوونی نییە. ئەم شانۆیییە لە دەیەی نەوەتدا لە سارایڤۆ کە داگیر کرابوو نمایش کرا، لە ئەفریکای باشوور، پێشوازییان لەم نمایشە کرد وەک سکاڵایەک دژ بە ئاپارتاید و نمایشکردنی لە نیۆئۆرلیان پاش کڕێوەی کاتەرینا، پێشەکییەک بوو بۆ نوژەنکردنەوەی ئەوێ.
یەکێک لە نمایشە سەیرەکانی “لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا” ئەوە بوو کە لە بەندیخانەی سێن کۆئینتین لە کالیفۆرنیا لە پەنجاکاندا نمایش کرا، شوێنێک کە زۆربەی بەندییەکان پێیان وابوو ئەمە حەدیسی نەفسی خۆیانە.
هاوڕێیەتیی پڕۆفیسۆر نیلسۆن لەگەڵ بێکێتدا، میراتێکی پڕناوەڕۆکی بۆ زانکۆی ڕیدینگ پێ بوو، ئەم زانکۆیە ئەمڕۆ شوێنی هەڵگرتنی مەزنترین ئەرشیفی بەرهەمەکانی بێکێتە. ساموێل لە سەرەتای حەفتاکاندا زۆرێک لە دەستنووس و یادنووسەکانی خۆی لە کیف، سندووق، یان جانتادا، دایە دەست نیلسۆن و بەم جۆرە “بونیادی نێونەتەوەییی بێکێت” بوو بە مەزنترین سەرچاوەی لێکۆڵینەوە لە بارەی ئەم نووسەرەوە.
یەکەمین نمایشکردنی شانۆییی “لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا” بە بێ کێشە نەبوو. تەنانەت ئەگەری هەبوو ئەسڵەن نمایش نەکرێت. نە بڕیار بوو ئەکتەرێکی بەرچاو ڕۆڵی تێدا بگێڕێت و نە کەسێکی نێودار پشتگیریی بکات. نمایشەکە پشتی بە ڕاجێر بلینی ئەکتەر و دەرهێنەر و بودجەیەکی کەم بەست.
هیچ یەک لە ئەکتەرانی یەکەم نمایشی “لە چاوەڕوانی گۆدۆدا” ئێستا زیندوو نیین و هۆڵی نمایشیش چەند ساڵ دوای ئەوە داخرا. بلین لە چاوپێکەوتنێکیدا کە لە شەستەکاندا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرەنسەدا ئەنجامی دا، لە بارەی هێزی ئەم شانۆیییەوە گوتی: “بە خۆمم گوت ئەم بەرهەمە نایابە و دەبێت نمایش بکرێت و بە نرخی گیانیشم بووبێت بەرگری لێ دەکەم.”
نمایشکردنی “لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا” لە لەندەنیش، بە زمانی ئینگلیزی، دوو ساڵ پاش نمایشەکەی فەرەنسە، بە دەرهێنەریی پیتەر هۆڵ، جەنجاڵیی لێ کەوتەوە. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە هارلۆد پینتەر ئەوکات 24 ساڵی بوو. پینتەر بێکێتی بە “دلێرترین و نەمرترین نووسەری ڕۆژگار” وەسف کرد و لە بەرامبەریدا، بێرنارد لڤین، لەو بارەیەوە نووسی “گەمژەییی بێحەدوحدوود.”
پڕۆفیسۆر نیلسۆن، لە گرینگترین ڕایەڵی دنیای ئەمڕۆیە لەگەڵ بێکێتدا، هۆکاری سەرنجکێشیی بێکێت، لە کەسایەتییە تەمومژاوییەکەی ئەودا دەبینێت. نووسەرێک کە بە توندی دوورەپەرێز بوو. ئەو لەگەڵ ئەو باوەڕەدا کە بێکێت “ڕەشبین” بووە، کۆک نییە و دەڵێت: “بێکێت زۆربەی کاتەکان قسەخۆش و کەیفساز و کەسێکی دڵنشین بوو بۆ قسەکردن.”