پێنجوێن بەدوری 96 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی، لەکۆمەڵێک چیای سەخت و گردو دۆڵ و دەشت پێکدێت، هاوسنورە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و دەروازەیەکی سنوریشی هەیە بەناوی باشماخ.
لەساڵانی ڕابردودا، ڕێکخراوێکی ئەمەریکی بۆ گەڕان و پشکنین چوە ناوچەکە، بەپێی کنه و پشکنیەکانی ڕێکخراوەکە ماددەیەکی زۆری خامی ئاسن و یۆرانیۆم و ئاڵتون لەپێنجوێندا هەیە، بەتایبەتی لەشاخی ئاسناوای سنورەکە.
مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی دەڵێت هەر لەکۆنەوە وڵاتە بیانیەکان بۆیان دەرکەوتوە لەناوچەی پێنجوێن ماددەی سروشتی کانزایی زۆری تێدایە، چەند جارێک کنه و پشکنینیان بۆ کردوه و چەند مادەیەکی کانزایی گرنگی وەک یۆرانیۆم و کڕۆم-یان دۆزیوەتەوە.
کەیوان ئازاد ئەنوەر، مامۆستای زانکۆی سلێمانی پسپۆری مێژوو، بەهاوڵاتی وت (بەپێی ئه و زانیاریانەی کە لای من هەیە لەسەرەتای ساڵی حەفتاکاندا ئەمەریکیەکان و بەریتانیەکان کنه و پشکنیان لەپێنجوێن ئەنجامداوە بۆ سامانە سروشتیەکان، لەدوای ڕاپەڕینیش ڕێکخراوێکی ئەمەریکی مەسحێکی مەیدانی لەناوچەکە کردوە(.
بەوتەی کەیوان ئازاد، له و مەسحەدا دەرکەوتوە لەناوچەی شلێری پێنجوێن ماددەی یۆرانێۆم و کرۆم و ئاسن هەیە، بەپێی ئه و ڕاپۆرتەی کە ڕێکخراوەکە ئامادەیکردوە ئەگەر ئه و مادانە دەربهێنرێت بەشی داهات و بودجەی 50 ساڵی ئەمەریکا دەکات.
بەپێی نەخشەی دابەشبونی کانزاکان لەهەرێمی کوردستان، ناوچەی پێنجوێن زیاتر لە 13 جۆر ماددەی کانزایی گرنگی تێدایە، وەک ئاسن، ئاڵتون، یۆرانیۆم، مس، گۆگرد، مەنگەنیز، کڕۆم و خەڵوز. جگە چەندین جۆر بەردی مەڕمەڕی گرانبەها کە نەتوانراوە هێشتا سودیان لێوەربگیرێت.
عەبدولرەحمان عەلی ڕەزا، یەکێک لەنوێنەرانی پێنجوێن لەپەرلەمانی کوردستان، ئاماژە بەوەدەکات بەگشتی ناوچەی پێنجوێن و دەوروبەری دەوڵەمەندە بەبونی سامانێکی گەورەی سروشتی لەسەر زەوی، بەڵام حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە سود له و بەرهەمانە وەربگرێت و تەنیا گرنگیداوە بەنەوت.
وتیشی بەپێی نەخشەیەکی سامانە سروشتیەکان لەناوچەی شلێری پێنجوێن بەتایبەتی لەگوندەکانی وێنه و دارۆخان ماددەیەکی خاوی یۆرانێم و ئاڵتون و مس بونی هەیە، ماددەکەش بەڕێژەیەکی زۆره و کەم نیە، دەتوانرێت وەک سامانێکی گرنگ سودی لێوەربگیرێت.
لەناوچەکەدا دوو شوێنی دەوڵەمەند بەکانزا هەیە، یەکەمیان گوندی ئاسناواو دوەمیان شاخی ئاسنکوڵێن کە بەوتەی ئه و پەرلەمانتارە ئه و دوو ناچەیە دەوڵەمەندن بەماددەی ئاسن و ئه و شاخە 2500 هەزار تەن ماددەی خاوی ئاسنی تێدایه و خاکەکەی لە 52ی زیاتری ماددەی ئاسنە.
هەروەها دەڵێت (هەر لەپێنجوێن بەردی جۆراوجۆرو گرانبەهاو مەڕمەڕی تێدایه و لەپێشتردا ئه و بەردانە براونەتە وڵاتی ئۆکرانیاو لەژێر تاقیگەکانی ئه و وڵاتەدا بەباشترین جۆرەکانی بەرد لەقەڵەم دراوە(.
لەچەند ساڵی ڕابردودا، چەندینجار لایەنە پەیوەندیدارەکانی پێنجوێن داوایان لەحکومەتی هەرێم کردوە، کاربکات بۆ دروستکردنی کارگەیەکی ئاسن و دەرهێنانی ماددەی خامی ئاسن، بەڵام تائێستا وەڵامی داواکانیان نەدراوەتەوە.
عەبدولرەحمان عەلی، ڕەخنەی توندی لەحکومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتیەکان گرت بەهۆی پشتگوێخستنی ئه و سامانە سروشتی و کانزایانە، وتی (ئەگەر یەک مەتر چوارگۆشە بەردی مەڕمەڕ سێ هێنده و چوار هێندەی بەرمیلێک نەوت داهات و قازانجی هەیە، بەڵام پشتگوێخراوە(.
بەوتەی بەرپرسانی ئیداری ناوچەکە، لەساڵانی پێشودا حکومەتی عێراق بەردی ناوچەکەی بردوە بۆ شاری بەسرە کە دورترین شاری عێراقە لەناوچەکەوە، بەڵام نەحکومەتی هەرێم و نەهیچ کۆمپانیایەک ئاوڕیان لەبەردی ناوچەکە نەداوەتەوه و ئێستا هیچ پرۆژەیەک نیە بۆ بەرهەمهێنانی سامانی سروشتی ناوچەکە.
لەساڵی 2006 کۆمپانیایەکی بیانی سەردانی ناوچەکەی کردو بڕیاربوە کارگەیەکی ئاسن لەناوچەکە دروستبکات و لەساڵی 2007 یشدا چەند کۆمپانیایەکی کۆری چونەتە ناوچەکه و چەند جۆرە بەردێکیان لەگەڵ خۆیاندا بردوە بەمەبەستی پشکنین بۆ دانانی کارگەیەک لەناوچەکە، بەڵام کارەکانی کۆمپانیایانەش تائێستا بێ ئەنجام بوە.
عەلی ڕەئوف، قایمقامی قەزای پێنجوێن، بەهاوڵاتی وت (لەناوچەکەدا چەند شوێنێکی گرنگمان هەیە کە مادەی خاوی سروشتی وەک ئاسن و مس و ئاڵتونی تێدایە، بەڵام تائێستا هیچ کارگەیەکی حکومی یان ئەهلی نەبوە سود له و بەرهەمانە وەربگرێت، ئه و هەوڵانەی لەپێشتریشدا هەبون بۆ سود وەرگرتن لەبەرهەمە سروشتیەکانی ناوچەکە بێ ئەنجام بوە(.
سەبارەت بەهەنگاوەکانی حکومەت و وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بۆ دانانی نەخشەیەکی جوگرافی و دەرهێنانی ئه و سامانە سروشتیە، قایمقامی قەزاکە دەڵێت، حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی زانیاری زۆریان هەیە لەسەر بونی ئه و ماددە خامانە، بەڵام هیچ کنه و پشکنینێک نەکراوە بۆ دەستنیشانکردنی ئه و مادانه و بەرهەمهێنانیان، تائێستاش هیچ کارگەیەک نیە لەپێنجوێن سود لەوانە وەربگرێت.
لەهەرێمی کوردستان تەنیا ناوچەی پێنجوێن نیە کە دەوڵەمەندە بەکانزای بەنرخ، بەڵکو چەندین ناوچەی دیکەش هەیە کە جۆرەها کانزایان تێدایە، بەڵام تائێستا سودیان لێوەرنەگیراوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، لەسەرانسەری هەرێمی کوردستاندا لەسەر ئه و پشتێنە شاخاوییەی کە پانیەکەی 15 بۆ 25 کیلۆمەترە، توانستێکی زۆری مەکۆی کانزا پۆڵاکان هەیە وەکو ئاسن و کرۆم و نیکل و پلاتین و زێڕ و مس و بارایت و زینک. لەوانەیە ناوچەی تری هەرێمی کوردستان لەبەردی جیری و گەچ و لم و قوڕ و چه و و بەهەڵمبوەکاندا دەوڵەمەند بێت.
شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازیو وزه و سەرچاوە سروشتیەکان لەپەرلەمانی کوردستان، دەڵێت یەکێک لەگرفتەکانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ئەوەیە وەک پێویست نەخشەیەکی وردی نیە بۆ دیاریکردنی ئه و ناوچانەی کە سامانی سروشتی و کانزایی تێدایە، ئەوەش هەڵەیەکی ستراتیژی گەورەیه و پێویستە چارەسەربکرێت.
وتیشی (بۆ ئه و مەبەستەش ئێستا لەپەرلەمان پرۆژە یاسایەکمان لایه و کاری لەسەردەکەین بۆ ئەوەی لەمەودوا بەیاسا ئه و ناوچانە دەستنیشان بکەین کە چیان هەیە گرنگی و چۆنیەتی دەرهێنان و بەهەرمەکانی چۆن دەبێت).