رۆژنیوز - سۆران محەمەد
پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، با هیچ کەس و لایەنێک بە ناڕوونی باس لە نەوتی کەرکووک نەکات، چونکە ڕۆژانە بڕی 105 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگای تەنکەرەوە دەبردرێت.
پارێزگای کەرکووک بە بوونی زۆرترین نەوت و پاڵاوگەی نەوتیی ناسراوە وەکو بابەگوڕگوڕ و بای حەسەن و چەندانی تر، بەڵام لە ئێستادا هەناردەکردنی نەوتەکەی کێشەی ناوخۆی حزبەکانی لەسەرە و هیچ لایەنەێک هەوڵنادات سازش بکەن و نەوتی کەرکووک وەکو مووچە بەکار بێنن لەم کاتی قەیرانەدا کە ڕووی لە هەرێمی کورستان کردووە.
شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتی، بە ڕۆژنیوز وت:'' هەرگیز نەمویستوە قسە لەسەر بابەتێک بکەم کە بەڵگەم لەسەری نەبێت، یاخود نەمویستوە ببمە توتی حزب ئەوەی بە نامە بۆم بێت باسی بکەم، تەنانەت حزبەکەی خۆشم، هەربۆیە دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی وردم کرد بۆم دەرکەوت بە پێی نوسراوێکی کۆمپانیای نەوتی باکور کە لە 22-8-2016 دەرچووە ڕۆژانە 105 هەزار بەرمیل لە نەوتی کەرکووک لە دەرەوەی بۆری و ڕێکەوتنی نەوت لەگەڵ بەغداد بە ڕێگەی تانکەر لە کەرکووک دەرچووە، جگە لە 30 هەزاری دیکە کە بۆ پاڵاوگەی کەرکووک بەکاردێت.
شاخەوان عەبدوڵا، وتیشی: نە خەڵکی کەرکووک لە پترۆ دۆلارەکەی و نە خەڵکی کوردستان وەک سەرچاوەیەکی داهات سودیان لە فرۆشتنی نەوتی کەرکووک نەبینیوە، ئەو تانکەرانەش بۆ کۆمپانیایەک لە سلێمانی و بڕی 30 هەزاری بۆ ئێران و 25 هەزاری بۆ عێراق بۆ وێستگەی کارەبای قدس ڕۆیشتوە، تەنها یەک فلسیشی لێنەخراوەتە سەر داهاتی هەرێم بۆ ئەوەی هاوکاری حکومەت بێت بۆ پێدانی مووچە بە مووچەخۆران، تەنها داهاتی بۆری کە تا ئێستا بڕی 50 ملێون دۆلارە دراوە بە کەرکووک وەک پترۆ دۆلار".
ئەو پەرلەمانتارە، باسی لەوەشکرد:" بۆمدەرکەوتووە هەندێک کەس وە ناتوانم بڵێم لایەنێک، چونکە هیچ لایەنیک بە شێوەیەکی ئاشکرا لەگەڵ گەندەڵیدا نین، ئەو کەسانە ئەمڕۆ بەدوای فیتنە و ئاژاوەوەن لەنێوان خەڵکی کەرکووک و حزب و لایەنە سیاسیەکان و تەنانەت بە دوای دووبەرەکی دەگەڕێن لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگەش لە کەرکووک، سەرنجم داوە لە ماوەی ڕابردوودا ئەوەی لەدەرەوەی وڵات یان دەرەوەی کەرکووک دەژین زیاتر هەوڵی تێکدانی برایەتی نێوان خەڵک و لایەنه سیاسەکانی کەرکووک دەدەن ".