مەلا ڕەسوڵ ساڵی 1919 لە گوندی #هەڵەدن#ی دۆڵی #جافایەتی# لەدایک بووە. بەپێی نەریتی ئه و کاتە، چووەتە حوجرە و لای مەلای گوند کتێبە وردەڵەکانی خوێندووە، دواتر بۆ خوێندن چووەتە پشدەر و ئەوجا #سەردەشت# و بانە و #مەهاباد#، تا خوێندنی ئایینیی تەواو کردووە و ئیجازەی مەلایەتیی وەرگرتووە. بۆ ماوەیەک بووەتە مەلای گوندی گەورەدێ. پاشتر بووەتە سەرباز لە سوپای عێراقدا و بووەتە عەریفی بێتەل.
مەلا ڕەسول، بەردەوام سەودای کوردایەتی بووە و بڕوای بە سەربەخۆیی وڵاتەکەی هەبووە، بۆیە تێکەڵاوی کۆڕ و کۆبوونەوە نەتەوایەتییەکان بووە. ساڵی 1945 لە گەرمەی شەڕی بارزاندا، لەگەڵ کۆمەڵێک ئەفسەر و سەربازی تر بڕیار دەدەن پەیوەندی بە شۆڕشی بارزانەوە بکەن. بەڵام ئاشکرا دەبن و دەگیرێن و ڕەوانەی گرتووخانەی کوت دەکرێن. حوکمی ئیعدام دەدرێن. بەڵام حکوومەتی ئەوسای عێراق لە ترسی کاردانەوەی خەڵک، حوکمەکەیان دەگۆڕێت. پاشتر لە سوپا دەریان دەکەن و ئازاد دەکرێن.
شەهید مەلا ڕەسول دووبارە دەگەڕێتەوە گوندەکەی خۆی، لەبەرئەوەی بڕوای بە خوێندن و خوێندەواری هەبووە. بۆ یەکەم جار لەسەر گیرفانی خۆی قوتابخانەی نەهێشتنی نەخوێندەواری دەکاتەوە. بۆ هاندانی خەڵکیش گەر بێن و بخوێنن، ئەوا دەتوانن چایش بخۆنەوە.
کاتێک کۆماری مەهاباد ڕادەگەیەنرێت، دەکەوێتە هاندانی خەڵک تا بچن و لەوێ ببنە پێشمەرگە. دواتر خۆی و هاوڕێی دڵسۆزی خۆی مەلا عەلی سوسێ، دەچنە مەهاباد و لەوێ دەبنە پێشمەرگە تا کۆتایی کۆمار. پاشان دەگەڕێتەوە #سلێمانی# و ڕوو لە کاسبی دەکات و وردە وردە دەبێتە بازرگانی کوتاڵ. لەگەڵ دامەزراندنی #پارتی دیموکراتی کوردستان#دا، پەیوەندی دەکات و دەبێتە ئەندام. ساڵی 1956 دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی، کە وەک ئەنجومەنی پارێزگای ئێستا بووە. ساڵی 1957 1958 لەبەرئەوەی بڕوای بە خوێندن هەبووە، لەسەر ئەرکی خۆی و دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی مەعاریف (پەروەردەی ئێستا) قوتابخانە دەباتە گوندی هەڵەدن، کە هەر له و قوتابخانەیەوە چەندین کەس بوونەتە خاوەن بڕوانامە. بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش نە ئه و قوتابخانەیە و نە هیچ قوتابخانەیەک بەناوی ئەوەوە نییە!
ساڵی 1959 لە یەکەم هەڵبژاردنی جووتیاراندا دەبێتە یەکەمین سەرۆکی یەکەم ڕێکخراوی جووتیارانی کوردستان و جێگری سەرۆکی یەکێتیی جووتیارانی عێراق.
ساڵی 1964 و بە فەرمانی پارتی لە بەغداوە دەگەڕێتەوە و بەشداریی شەڕی دەربەند دەکات. حوکمی گرتنی بۆ دەردەچێت و دواتر یەکەمین مەفرەزەی شۆڕشی ئەیلول پێک دەهێنێت. سەرەتا دەچنە گوندی خەمزە و دواتر بۆ ئەشکەوتی سوێراو، ئەوجا بۆ گوندەکەی خۆی، یەکەمین بنکەی پێشمەرگە دادەمەزرێنێ و خزمەکانی دەبنە پێشمەرگە. فەرماندەیی گرتن و ئازادکردنی گەلێک شوێن دەکات، گرتنی مەخفەری #گاپیڵۆن#، مۆکەبە و شەڕی #تەگەران#. بەڵام کاتێک هێزی پێشمەرگە دەیانەوێ شارۆچکەی #پێنجوێن# بگرن، هێزەکەی ناو پێنجوێن خۆیان بەدەستەوە نادەن. هەر بۆیە حکوومەتی ئه و کاتی عێراق هێزێکی گەورەی سەربازی دەنێرێت بەهانای هێزەکەی پێنجوێنەوە. شەهید مەلا ڕەسوڵ و هێزەکەی، لە #ناڵپارێز# بەرەنگاریان دەبنەوە و شەڕێکی قارەمانانەیان لەگەڵدا دەکەن، تا هێزەکەی تر پێنجوێن دەگرێت. بەڵام بەداخەوە لە ئێوارەی ئه و ڕۆژەدا لە 24-05-1962 مەلا ڕەسوڵ و سێ پێشمەرگەی تر بە ناوەکانی حەمە چاڵاوی، سدیق ناوشوانی، ئەحمەد شەدەڵەیی شەهید دەبن و دەگەنە کاروانی نەمران.