$باکووری کوردستان$
- پاش ئەوەی دوێنێ خەڵکی گەڕەکی عەلی پاشای #سووری ئامەد# بەرخۆدانیان کرد و ڕێگایان نەدا ماڵەکانیان بڕوخێنن، ئەمڕۆ هێزە تایبەتەکانی پۆلیس و بلدۆزەرەکان هەڵیابنکوتایە سەر ئەو گەڕەکەو خەڵکیان دەستگیرکرد و دەستیان کرد بە ڕووخاندنی ماڵەکان. بلۆدۆزەرکانی دەوڵەتی تورک لە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆوە بێ وەستان سەرقاڵی ڕووخاندنی ماڵەکانی گەڕەکی عەلیپاشان و هەر کەسێکیش بەرگری بکات لە ماڵەکەی، لەلایەن هێزە تایبەتەکانی پۆلیسەوە دەستگیردەکرێت و دەبرێت.[1]
- بەپێی ڕاگەیێندراوێکی سوپای تورکیا، لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی فڕۆکە جەنگییەکانی هێزەکانی ئاسمانی بۆ سەر پێگەیەکی #پەکەکە# لە ئەشکەوتێکی چیای #مووش# لە باکووری کوردستان، پێنج گەریلا گیانیان لەدەستداوە. لە بەرامبەردا، ناوەندی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی #هەپەگە#ش کوژرانی 10 سەرباز و برینداربوونی 15 سەربازی دیکەی ڕاگەیاند. بەڵام سەرۆکایەتی ئەرکانی گشتیی سوپای تورکیا کوژرانی تەنیا دوو سەرباز و برینداربوونی دوو سەربازی دیکەی لە #شەمزینان# ئاشکرا کرد.[2]
- #فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان#، سیاسەتی سەپاندنی گۆشەگیریی #ئۆجالان# لەلایەن ئاکەپەوە بە توندی شەرمەزاردەکات و داواش دەکات، کە خەباتی مەدەنیی زیاتر بکرێت بۆ شکاندنی ئەو گۆشەگیرییە، هەروەها ڕۆژێک دەستنیشان بکرێت وەک ڕۆژی ئازادیی بۆ ئۆجالان و لەو ڕۆژەدا چالاکیی ئەنجامبدرێت.[1]
- ئەمڕۆ #هەدەپە# لە بەردەم دادگای دەستووری بنەڕەتی تورکیا لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بەڕێوەبرد، لە بارەی زیندانیکردنی پەرلەمانتارانی هەدەپەوە، #عوسمان بایدەمیر# لە کۆنگرەکەدا قسەیکرد. بایدەمیر ڕایگەیاند، کە زیندانیکردنی پەرلەمانتاران هەوڵدانێک بوو بۆ کودەتا و ئێستاش بەردەوامە، تا کاتێک لە ووڵاتدا دادگەری پێکنەیەت، ئەو وڵاتە ئاسایشیشی نابێت.[1]
$رۆژهەڵاتی کوردستان$
- لە شاری #سنە#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خۆپیشاندان دەستیپێکرد بە مەبەستی پشتیوانی لە شاری بانە و ناڕەزایی دەربرین دژی کوشتنی کۆلبەران لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە.[5]
- ژمارەیەک لە چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە دوێنێوە بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە کوشتنی #کۆڵبەر#ان و هەروەها هاوخەمیی خێزانی کۆڵبەرە کوژراوەکان، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند.[1]
- #کۆدار# ڕایگەیاند، کە ئێران وەک چۆن خۆی کێشەی کۆڵبەری دروستکردووە، پێویستە خۆیشی چارەسەری بکات، هەروەها ئاماژەی بەوەداوە کۆدار تا کۆتایی بەردەام دەبێت لە ئەرکی سیاسی و ئەخلاقی بۆ بەرگری لە کۆڵبەرەکان.[1]
- هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری #بانە#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی ڕێگرتن لە خۆپیشاندانی دووبارەی خەڵک، شەقامی قائیمقامییەتی شارەکەیان داخست.[2]
- وەزارەتی ئیتلاعات بە فەرمانێکی ڕاستەوخۆ پەرلەمانتاری بانە و #سەقز#ی ڕاسپردووە بۆ ئەوە دەنگی ناڕازیان کپبکات، ئەو پەرلەمانتارەش داوای لە خەڵک کردووە، کە شەقامەکان چۆڵ بکەن و بچنەوە ماڵەکانیان.[1]
- سەرلەبەیانی ئەمڕۆ کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری #سەردەشت# لە سنووری #دۆڵەبی#ی پێی کەوتووەتە سەر مینە چێندراوەکانی سەر سنوور و لە ئەنجامدا یەکێک لە لاقەکانی خۆی لە دەست دا.[8]
- هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری سەردەشت بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە بە دەمانچە ژنەکەی خۆی کە ناوی کەژاڵ بوو، کوشت.[8]
$باشووری کوردستان$
- پێشمەرگە هێرشێکی داعشی لە سنووری زەرگەی #خورماتوو# تێکشکاند و تەرمی چەند چەکدارێکی داعشیش کەوتوونەتە دەستی هێزەکانی پێشمەرگە.[5]
- ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویکردووەتەوە، وابڕیارە بەمنزیکانە ئەحمەد ئەبو غەیت-ی ئەمینداری گشتی کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی سەردانی شاری #هەولێر# بکات، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی #ڕیفڕاندۆم#.[3]
- گروپی دادوەری جیهانی ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار لەشاری #هەڵەبجە# ئۆفیسێکی تایبەتی خۆیان کردەوە و بەرپرسی کەیسی هەڵەبجەش له و گروپە ڕایگەیاند کردنەوەی ئه و ئۆفیسە بۆ تۆمارکردنی سکاڵایە لەلایەن کەسوکاری شەهیدانەوە لەسەر ئه و کۆمپانیاو بازرگانانەی کە چەکی کیمیایان بە بەعس فرۆشتووە.[6]
- ڕەشاد خدر گەڵاڵی، لێپرسراوی کۆمیتەی #مەخمور#ی #یەکێتی نیشتمانی کوردستان# بە وێستگە نیوزی ڕاگەیاند: شەوی ڕابردوو زیاتر لە 70 لەتانک و زرێپۆش و تۆپهاوێژی ئەمریکی گەیشتنە گوندی پونگینەی سەربە شارەدێی #قەراج#ی سەربە شارۆچکەی مەخموور کەوەک بنکەیەکی سەربازی ئەمریکی دامەزرێنراوە.[4]
- #فەخرەدین ڕەسوڵ# ناسراو بە فەخرەدین چاوشین کە کادیرێکی کۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بو بە هۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد.[5]
- کۆمسیۆنی باڵای #هەڵبژاردن و ڕاپرسی# لە هەرێمی کوردستان، لەسەر سووکایەتیکردن بە لایەنگرانی (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی کوردستان لەلایەن سەرۆکی گرووپی (نەخێر)، هاتە دەنگ و ئاشکرای کرد کە ئەوە پێشێلکردنی بنەماکانی کۆمسیۆنەکەیە و سزا دەدرێت.[7]
- بەهۆی تەقینەوەی بۆرییەکی نەوت لە #کۆمپانیای نەوتی باکور# لە #کەرکووک#، ژمارەیەک کارمەند گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون.[5]
- لە شارۆچکەی داقوقی سەر بە پارێزگای کەرکووک دوو چەکداری داعش دەستگیرکران، ئاسایشی کەرکووک دەڵێت، یەکێک لەو چەکدارانەی دەستگیرکراوە ماوەی سێ ساڵ لە هەواڵگری داعش کاریکردووە.[2]
$رۆژئاوای کوردستان$
- ئۆپەراسیۆنی #شەڕڤانان#ی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ ڕزگارکردنی شاری ڕەقە لە چنگی چەتەکانی #داعش#، پێی ناوەتە ڕۆژی 94یەمینەوە، کوژرانی 11 چەتەی داعش لە شەڕەکانی شەوی ڕابردوودا ڕاگەیەندراوە.[1]