وەعدەکەی سەرۆکی حکومەت، بڕیاری ئێمەی لەبارەی کشانەوە لە حکومەت گۆڕی. ئەمە قسەی ئەندامێکی سەرکردایەکی #یەکگرتووی ئیسلامی#ی کوردستانە کە حیزبەکەی هەشت کاژێر گفتوگۆی کرد بۆ مانەوە یان کشانەوە لە حکومەت تا دواجار بڕیاریاندا لەو حکومەتەدا بمێننەوە. هاوکات سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونیش لە ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت چاکسازی لە لیستی #مووچە#خۆراندا دەکرێ و بەوهۆیەوە 100 ملیار دینار بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە.
بەپێی زنیارییەکانی (رووداو)، ئەو بەرنامەیەی کە حکومەت دایناوە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی، سەرووی 150 هەزار کەس دەگرێتەوە.
چ بەڵێنێک بە یەکگرتوو دراوە؟
رۆژی #23-12-2017# چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەیەکی درێژی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی بوون تاوەکو بزانرێ کە ئاخۆ دوای کۆمەڵ و گۆڕان، یەکگرتووش لە حکومەت دەکشێتەوە یان نا.
هادی عەلی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تەلەڤزیۆنی (رووداو)دا گوتی 53%ی قاعیدەی یەکگرتوو لەگەڵ ئەوە بوون لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکشێینەوە، 47%یش لەگەڵ مانەوە بوو، ڕای سەرکردایەتی یەکگرتووش ئەوەبوو لەو قۆناغەدا بمێنینەوە، بڕیارەکەش هەر وا بوو.
#موسەنا ئەمین#، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتوو کە بەشداریی کۆبوونەوەکەی کردبوو، لە بارەی ئەو بڕیارەی حیزبەکەی بە (رووداو)ی گوت: ئەو بەڵێنانەی سەرۆکی حکومەت بە وەزیرەکانی یەکگرتووی دا لەبارەی چاکسازی لە لیستی مووچەخۆران کە گرنگترین هەنگاوە، بێ کاریگەری نەبوو. ئەم هەنگاوەی حکومەت دادپەروەری دەگەڕێنێتەوە.
#حاجی کاروان#، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتوو ڕوونتر باسی ئەو نیازەی سەرۆکی حکومەت دەکات بۆ پاکسازی لە لیستی مووچەخۆراندا و دەڵێت بەڵێنی سەرۆکی حکومەت بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە مەسەلەی مووچەدا، کاریگەری هەبوو لەسەر ئەوەی یەکگرتوو لە حکومەت نەکشێتەوە.
حاجی کاروان، باسی پڕۆژەی حیزبەکەی بۆ زیادکردنی داهاتی حکومەت دەکات و دەڵێت: یەکگرتوو پڕۆژەی پێشکەشی حکومەت کردووە، هەرێمی کوردستان مانگانە 650 ملیۆن دۆلار داهاتی دەبێت. بۆیە وەک حاجی کاروان دەڵێت لە نێو حکومەتدا بی شەڕەکە بکەی باشترە، لەوەی لە دەرەوەی حکومەت شەڕ بکەی.
ئەم قسەیەی پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان زیاتر ڕووی لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بوو کە لە 20-12-2017 بڕیاری کشانەوە لە حکومەتی هەرێمی کوردستانیان دا.
حاجی کاروان پێیوایە ئێستا کاتی ئەو بڕیارە نییە، چونکە مەترسییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان یەکجار گەورەن دۆخی ئابووریی کوردستان لە مەترسیدایە و حکومەتی عێراق ئێستا چاوی لەوەیە دەست بەسەر خورمەڵە و دەوروبەریدا بگرێ، بەمەش قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بەر مەترسی.
چاکسازییەکانی حکومەت لە مووچەدا چین؟
#نێچیرڤان بارزانی# سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 20-12-2017 دوای گەڕانەوەی لە ئەڵمانیا ڕایگەیاند کە پڕۆژەیەکیان بۆ چاکسازی لە لیستی مووچەخۆراندا هەیە و ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستانی دەکەن.
نووری عوسمان، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیران هەندێک ئاماری قەبە لە لیستی مووچەخۆراندا ئاشکرا دەکات کە ئەگەر چاکسازی تێدا بکرێ، پارەیەکی زۆر بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە.
نووری عوسمان بە (رووداو)ی گوت: 68 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان دوو مووچە و سێ مووچە و چوار مووچەیان هەیە، ئەوانە سەرپشک دەکرێن یەکێک لە مووچەکانیان هەڵبژێرن، ناکرێ وارس مووچەی زیندانی سیاسی، یان خانەنشینی وەربگرێ و خۆیشی مووچەی هەبێ.
نووری عوسمان بەشێک لە پلانی حکومەت بۆ چاکسازی لە لیستی مووچەخۆراندا ئاشکرا دەکات و دەڵێت: حکومەت بڕیاری داوە خانەنشینی بێ خزمەت نەهێڵێ و پێداچوونەوەی بۆ دەکات، هەموویان هەڵدەوەشێنێتەوە. هەروەها ئەوانەی بەڕێوەبەری گشتین و پلەیان بریکاری وەزیرە، یان بریکاری وەزیرە و پلەی وەزیری هەیە، هەمووی ڕاستدەکرێتەوە. حکومەت خانەنشینی ناقانونی هەڵدەوەشێنێتەوە، هەیە لەیەک ڕۆژدا دامەزراوە و خانەنشین کراوە.
وەک (رووداو) زانیویەتی، پێدانی دەرماڵە لە هەرێمی کوردستان بۆ فەرمانبەران، لە مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەر زیاترە، فەرمانبەر ئەو پارەیەی مانگانە وەریدەگرێ 47%ی مووچەی بنەڕەتییە و 53%ی دەرماڵەیە. لە پێدانی دەرماڵەشدا وەک نووری عوسمان باسی دەکات نادادپەروەرییەکی زۆر هەیە، بۆیە حکومەت پێداچوونەوەی ورد لە دەرماڵەکاندا دەکات، بۆ نموونە مامۆستا 150 هەزار دینار دەرماڵەی هەیە، کەچی فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەش ئەو دەرماڵەیە وەردەگرن.
مامۆستایان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا 100% دەرماڵەیان هەیە، هەموو فەرمانبەرانی ئەو وەزارەتە بە چایچی و شوفێرەوە ئەو دەرماڵەیە وەردەگرن. لە وەزارەتی کارەبا ئەو کرێکارەی کاری کارەبا دەکات دەرماڵەی مەترسی هەیە، کەچی ژمێریاری ئەو وەزارەتەش دەرماڵەی مەترسی وەردەگرێ.
نووری عوسمان ئەو بڕە پارەیە ئاشکرا دەکات کە بەهۆی چاکسازییەوە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت دوای وردبینی لە مووچەی کەمئەندامان، 20 ملیار دینار بۆ حکومەت گەڕایەوە کە پێشتر 27 ملیار دینار بوو. بەگشتی حکومەت پلانی هەیە زیاتر لە 100 ملیار دیناری لە ڕاستکردنەوەی لیستی مووچەخۆراندا بۆ بگەڕێتەوە.
پەرلەمانتار بێ مەرج خانەنشین ناکرێن
#فرسەت سۆفی#، ئەندامی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی چاکسازییەکان دەڵێ، ئێستا فرسەتە، چونکە دۆخەکە لەبارە و دەبێ چاکی بکەینەوە.
یەکێک لەو مەلەفانەی حکومەت دەیەوێ دەستی بۆ ببات. خانەنشینی پەرلەمانتارانە کە دوای چوار ساڵ پەرلەمانتاری بە 80%ی مووچەکەیان خانەنشین دەبن و نزیکەی شەش ملیۆن دینار وەردەگرن، بەپێی پڕۆژەکەی حکومەت بێ، ئەو سەردەمە بەسەردەچێ. سەرچاوەیەکی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیران بە (رووداو)ی گوت: خانەنشینی پەرلەمانتاران چارەسەر دەکرێ، هەر پەرلەمانتارێک تەمەنی لە 50 ساڵ زیاتر نەبێ و 15 ساڵ خزمەتی نەبێ، خانەنشین ناکرێ.[1]
26-12-2017