58 ڕۆژە دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ پاشماوەکانی داعش و چەتەکان دژی کانتۆنی #عەفرین# و ئیرادەی گەلی کورد شەڕێکی سەخت و دژوار بە ئامانجی داگیرکاری دەکات، بۆئەوەی گەلی ڕەسەنی ناوچەکە کە بە هەزاران ساڵە لە ناوچەکەدان کۆچبەر بکات و گۆڕانکاریی دیموگرافی لە ناوچەکەدا بکات و کەسانی بیانی بێنێتە ئەو ناوچانە و ناسنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی نەهێڵێت.
دەوڵەتی تورکیا بە تەنیا ئەم کارەی نەکرد، بەڵکو بە هاوبەشی لەگەڵ دەوڵەتی ڕووسیا کە گڵۆپی سەوزی بۆ پێکرد، واتە ئەو هێرشەی ئەمڕۆ دەکرێت هێرشێکی هاوبەشە و بە بڕیاری ڕووسیایە، بۆیە بێدەنگی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەیە لەماوەی ئەو 58 ڕۆژەی کە قڕکردن و کۆمەڵکوژی دەکرێت، بەڕاستی دەوڵەتی تورک بە هەموو توانیایەکی سەردەم و تەکنیکی پێشکەوتوو لەبەرامبەر کۆمەڵگەی سڤیل و شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە و هەسەدە، کە تاوەکو ئێستاش هەوڵی تێکشکاندنی ئەو هێرشە دەدەن، چونکە ئەو هێرشە تەنیا بەرامبەر ئیرادەی گەلی کورد و گەلی عەفرین نییە، بەڵکو بەرامبەر گەلی باکووری سووریایە بەگشتی، بۆیە خۆڕاگری باکووری سووریا و بلۆکی دیموکراتیخواز لەماوەی ئەو 58 ڕۆژەدا، خۆڕاگرییەکی پیرۆز و مێژوویی بوو، تاوەکو ئێستاش ئەو خۆڕاگرییە بەردەوامە.
ئەگەر ئەمڕۆ ئەردۆغان و دەوڵەتی چەتەی سەردەست دەڵێ من سەرکەتووم و عەفرینم داگیرکردووە، با بزانێت تاوەکو ئێستاش گەلی ئێمە و شەڕڤانانی ئێمە لە هەر گوندێک و ناوەندی شاردا تاوەکو ئەو ساتە شەڕی ئەوان لەبەرامبەر ئەو داگیرکەرییە بەردەوامە، ئەو سەرکەوتنەی ئەردۆغان باسی لێوە دەکات، ئێمە دەڵێین سەرکەوتنی گەلی کوردە، سەرکەوتنی ئەو شەڕڤانانەیە کە تاوەکو ئەو ساتە بە سەدانیان خۆیان فیداکردووە لەبەرامبەر ئەو داگیرکارییە.
دەوڵەتێکی ناتۆ بە هەموو تەکنیکە پێشکەوتووەکانی لە سێ ڕۆژدا ئەمڕۆ 58 ڕۆژە هیچ ئامانجێکی بەدەستنەهێناوە، لەمەودواش بەرخودان و فیداکاری چ لەڕووی سەربازییەوە بێت و چ لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە بێت بەردەوامدەبێت و بەهیچ شێوەیەک داگیرکاری و کەوتنی عەفرین قبووڵ ناکەن، ئەو شەڕە بەردەوادەبێت تاوەکو داگیرکاری لە گشت کانتۆنی عەفرین دەردەکەوێت، بۆ ئەوەش بانگەوازی ئێمە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی ئەوەیە لە هەڵوێستی کەڕ و لاڵی خۆی لەبەرامبەر وەحشییەتی دەوڵەتی تورکیا بێتەدەنگ و هەڵوێستی خۆی بنوێنێت، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر گەلی عەفریندا دێت، سبەی بەگشتی بەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دێت، سبەی ئەردۆغان دەبێتە بەڵایەک بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی، چونکە سەرکێشی تیرۆر و چەتەکانی داعش و بەرەی نووسرە و کە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروستدەکرێن، لە ئەنقەرە پێشوازی دەکرێن و پەروەردەدەکرێن و بەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڵاودەکرێنەوە، بینیمان چۆن ئەمڕۆ ئەردۆغان بە تیرۆر هەڕەشە لە جیهان دەکات، بانگەوازی ئێمە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە بۆ گەلی کورد و گەلی عەفرین و ئەو بەرخودانییەی دەکرێت، خاوەن هەڵوێست بن.
بۆئەوەی خەڵکی عەفرین نەکەونە ژێر هەڕەشەی تۆپباران و بۆردوومان و شەڕ و کوشتار، وەکو هەنگاوێک بەرەو شەهبا و شێراوە چوون، ئەمەش بەو مانایە نییە عەفرین داگیرکرابێت، ئەمە ڕاستنییە. داگیرکاران دەتوانن ئاڵای خۆیان بەرزبکەنەوە و بێنە نێو عەفرین، بەڵام ناتوانن ئیرادەی کۆمەڵگە تێکبشکێنن.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتیی کانتۆنی عەفرین
#18-03-2018#