بەڕێزان
بە پێشەنگایەتیی کۆمسیۆنی ژنانی #کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان#، ئێمە ژنانی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، لە 18ی ئازاری 2018 دا لە برۆکسل کۆبووینەوە. بڕیارمان دا بە هەموو هێزی خۆمان پێکەوە لەگەڵ تەواوی ژنانی کورد لە هەر کوێ هەن کار بکەین، بەو ئامانجەی کۆنگرەی یەکێتی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان ببەسترێت. ئەگەر ئێمە خاوەنداریەتیی لە ڕۆژاوای کوردستان بکەین، دەتوانین بەر بە مەترسیی داگیرکاریی لەسەر باشووری کوردستان بگرین.
هەروەک دەزانن چارەنووسی هەموو پارچەکانی کوردستان بە یەکەوە گرێ دراوە. ئەم پێکەوە گرێدانەش لە قۆناغی ئێستادا لە چارەنووسی باشوور و ڕۆژاوای کوردستان زیاتر ڕوون و لەبەرچاوە. ئیدی ئێمە ناچارین بە ئافراندنی ستراتیژی یەکێتی نەتەوەیی ڕێ لەبەردەم پلانی داگیرکەران بگرین.
بەڕێزان
لەبەر دۆخی ئاڵۆزی کوردستان، ئێمە وەک ژنانی کورد، بانگی ئێوە دەکەین بە خێرایی و لە نزیکترین دەرفەتدا، کە پێکەوە کۆنگرەی یەکێتی نەتەوەیی کورد بۆ ڕێگرتن لە مەترسییەکانی سەر کوردستان پێک بێنین. لە هێرشی داگیرکارانەی سەر عەفرین و هێرشی 16ی ئۆکتۆبەری سەر کەرکووک و باشووری کوردستان، ئەو ڕاستییە ئاشکرا بوو کە هێزە نەیارەکانی کورد، لە پیلانی ستراتیژیی خۆیان بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کوردستان لە کاردان. هێزە ناودەوڵەتیەکانیش لە بەرامبەر هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عەفرین، بێدەنگ بوون و لەو بێدەنگییەش بەردەوامن. هەر هەمان ئەو هێزانەش بوون لەبەرامبەر هێرشی سەر کەرکووک بێدەنگ بوون. هەروەک چۆن لە شەڕی یەکەم و دوومی جیهانیدا ڕووی دا، ئەمڕۆش جارێکی تر دەیانەوێت کورد و کوردستان بکەن بە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان. لە داڕشتنی نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کوردان بخەنە ژێردەستی هێزە داگیرکارەکانی هەرێمەکە. سیاسەتی نێودەوڵەتی بەرژەوەندی کوردستان ناپارێزێت، بەڵکو دەوڵەتانی وەک تورکیاو ئێران و عێراق و سوریا بە بنەما دەگرێت. هەر لەبەر ئەو بێدەنگیە نێودەوڵەتییە، بە نەتەوەیەکگرتووەکان و ناتۆ و یەکیەتیی ئەوروپاشەوە، هاوار ئەکا کە دەیەوێت هەموو ڕۆژاوای کوردستان تێک بدات. هەمانکات ئەردۆگان بە ئاشکرا دەڵێت: دەمانەوێت هێرش بکەینە سەر شەنگاڵ و کەرکووک و قەندیل. ئەوە دوو مانگە گەلی کورد، ژنی کورد لەگەڵ دۆستەکانیان لە سەرانسەری دنیادا بۆ خاوەندارێتی لە عەفرین لە سەرپێ و لە خەباتدان. بەڵام لە هەمووی گرنگتر هێزی یەکیەتیی نەتەوەیی خۆمانە. لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا بەستنی کۆنگرەی یەکیەتیی نەتەوەیی کورد کارێکی هەرە پێویست و مێژووییە. ئێمە وەک ژنی کورد، هیچ ئاستەنگیەک لەبەردەم بەستنی کۆنگرەیەکی لەو چەشنە نابینین. دەوڵەتانی داگیرکەر کوردستانیان کردووە بە چەقی ئاڵۆزییەکان. دۆخەکە بەرەو شەڕی سێیەمی جیهانیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاو دەنێت. ئەگەر ئەمڕۆ نەبێت ئەی کەی یەکیەتیی هێزە سیاسییە کوردییەکان ڕۆڵی خۆیان بۆ پاراستنی خاڵک و خاکەکەیان دەبینن!
ئێمە ژنانی کورد بانگی ئێوە دەکەین بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتیی و تاکەکەسیی و ناوچەگەریی بخەنە لاوە، و بۆ پاراستنی کورد و کوردستان لە کۆنگرەی یەکیتیی نەتەوەیی کورددا، لە دژی داگیرکەران هەڵوێستی هاوبەش بگرن. بۆ ئێمە هیچ شتێک لە بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان گرنگتر نییە.
سڵاو و ڕێز
#18-03-2018#
Այս տարրը գրվել է (کوردیی ناوەڕاست) լեզվով, սեղմեք պատկերակը
բացել իրը բնագրի լեզվով
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Այս տարրը արդեն դիտվել 4,205 անգամ
Գրեք ձեր մեկնաբանությունը մոտ այս նյութը!