لەدوای گرتنەوەی ئاوی #زێی بچووک#، ئاوی #بەنداوی دوکان#یش کەمبووەتەوە و کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو بەنداوە هەبووە. بەگوتەی بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان، لەو کاتەوەی ئێران ئاوی زێی بچووکی گرتووەتەوە زیاتر لە 100 مەتر سێجا دەرامەتی ئاو لە بەنداوی دووکان کەمیکردووە و ئەوەش بە دیاردەیەکی ترسناک ناودەبات.
لەو کاتەوەی ئێران ئاوی زێی بچووکی گرتووەتەوە، ڕۆژانی ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان نزمدەبێتەوە، بەجۆرێک ڕۆژانە سێ سانتیمەتر کەمدەکات، بەڵام ئەمڕۆ ئاستی دابەزینەکە بۆ چوار سانتیمەتر کەمیکردووە، تاوەکو دۆخەکە بەو شێوەیە بێت ڕۆژانە ئاستی ئاوی بەنداوەکە نزمتر دەبێتەوە.
ئاستی گلدانەوەی ئاویش دابەزیووە، پێشتر ڕۆژانە لە چرکەیەکدا زیاتر لە 140 مەتر سێجا دەرامەتی ئاو هەبوو، بەڵام ئێستا ڕێژەکەی بۆ 35 مەتر سێجا دابەزیووە، ئەوەش تاوەکو بەردەوامبێت، کاریگەرییەکانی زیاتر دەبێت.
حەمە تاهیر جەلال، بەڕێوەبەری بەنداوای دووکان بە (رووداو)ی ڕاگەیاند ڕەنگە کاریگەرییەکەی ڕاستەوخۆ زۆر دیارنەبێت، تەنیا لە دەرامەتمان نەبێت، چونکە کاتێک ئێران ئاوی زێی بچووکی گرتەوە دەرامەتمان 144 مەتر سێجا بوو لە چرکەیەکدا، دوایی بوو بە 118، دواتر دابەزی بۆ 80 و پاشان 58 و ئەمڕۆش بوو بە 35 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، ئەوەش دیاردەیەکی ترسناکە، بەڵام لەبەرئەوەی ئێمە خۆمان لە کۆگاکردنی خۆمان بووینەتەوە، ترسی ئاوی خواردنەوەمان نییە.
بە بڕوای بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان، بەردەوامبوون لە گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک، کە 40% پڕکردنەوەی بەنداوەکە پێکدەهێنێت، لە مەترسی پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان دوورماندەخاتەوە، بەڵام لە پێویستیەکانی عێراق نا، چونکە ڕووباری دیجلە جیا لەوەی لقە سەرەکییەکەی لە تورکیاوە دێت، هاوکات تورکیا دەستیکردووە بە کۆگاکردنی ئاوەکە لە بەنداوی ئەلیسۆ و دەتوانێت دیجلە وشک بکات. پشتبەستنی دیجلە بەو لقانە دەبێت کە لە کوردستاندا هەیە، دۆخی ئەو لقانەش باش نین، چونکە زێی گەورەیە و دەکەوێتە کوردستان و تورکیا نەیتوانیوە کۆنترۆڵی بەسەردابکات، بەڵام خۆشمان ڕێگربووین لە دروستکردنی بەنداوی بێخمە، بۆیە ئاوەکەی ڕاستەخۆ دەڕواتە کەنداو.[1]
#07-06-2018#