سەرۆکی ڕێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەڵێت، نزیکەی 10 هەزار کەس لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکانن، دەشڵێت، پارێزگای سلێمانی بە پلەی یەکەم دێت و پارێزگای هەولێریش وا خەریکە ڕێژەکەی زیاد دەبێت.
ئیبراهیم ڕەمەزان، سەرۆکی ڕێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی ڕووداو، لەبارەی ئاماری بەکارهێنەران و ئاڵوودەبووان بە ماددە هۆشبەرکان لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ڕێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ڕێکخراوێکی ناحکومییە، بەپێی ئەو ئامار و بەدواداچوونانەی ئەنجاممانداوە، بەداخەوە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە زیادبووندایە.
بە گوتەی ئیبراهیم ڕەمەزان، بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستیانە لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی 10 هەزار کەس لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکانن، لە جۆرەکانی حەب، حەشیش و ترامادۆڵ و جۆرەکانی دیکەی ماددە هۆشبەرەکان.
هەر بەگوتەی سەرۆکی ڕێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، تاوەکو ئێستا ڕێژەی بەکارهێنەرانەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان نەگەیشتووەتە ڕێژەیەکی ستانداردی جیهانی، لەگەڵ ئەوەش دەبێت پێش لەو دیاردەیە بگیرێت و بەرەنگاری ببینەوە.
ئیبراهیم ڕەمەزان، دەڵێ: بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر بە ئاسانی دەتوانن لە ڕێگەی هەندێک مافیا و بازرگانەوە ماددە هۆشبەرەکانیان دەست بکەوێت.
لەبارەی زۆری ڕێژەی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە شارەکانی کوردستان، ئیبراهیم ڕەمەزان، دەڵێت: پارێزگای سلێمانی بە پلە یەک دێت، لە پارێزگای هەولێریش وا خەریکە ڕێژەکەی زیاد دەبێت.
هەروەها لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، وەزارەتی تەندروستی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ تیمە ئەمنییەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە بەغدا کۆنفرانسێک ساز دەکات.
مستەفا گۆران، پەیامنێری ڕووداو لە بەغدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 26-6-2018 وەزارەتی تەندروستی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ تیمە ئەمنییەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کۆنفرانسێک لە بەغدا سازدەکات.
پەیامنێری ڕووداو دەڵێت، لەو کۆنفرانسەدا ئەو ئامار و داتایانە دەخرێنە ڕوو کە لەسەر بەکارهێنان و ئالوودەبووان بە ماددەی هۆشبەر تۆمارکراوە، لەگەڵ ئەو بڕەی کە لە ماوەی ڕابردوودا دەستی بەسەردا گیراوە.
بە گوتەی دکتۆر عیماد عەبدولڕەزاق، ڕاوێژکاری وەزارەتی تەندروستی عێراق، ڕێژەی ئالوودەبووان بە ماددە هۆشبەرەکان ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادیکردووە و بەپێی پارێزگاکانیش ڕێژەکانیان گۆڕانکاری بەسەردادێت.[1]
#26-06-2018#