هیمداد شاهین
بەڕێز بارزانی!
من و تۆ دەمرین و تەنها وەکو دوو ناو دەمێنینەوە، من دەزانم و بەهیوام تۆش بزانیت کە ژێر ئەم خاکە پڕە لە جەستەی ئەوانەی ڕۆژانێک پاشا و حاکم، بیریار و فەیلەسوف، گەدا و هەژار بوون، بەڵام ئەم نامەیە بۆ زەمەنێکی درێژ دەمێنێتەوە و شایەتیی بۆ ئەو ئامۆژگاریانە دەدەن کە پێم ڕاگەیاندیت، تا زووە کۆتایی بەم شانۆیە خوێناوییە بهێنە، گەرنا مێژوو فێری کردووین بەسەر خۆتدا قڵپ دەبێتەوە، من دەزانم دەستبەرداربوونی دەسەڵات بۆ کەسێک کە عاشقی کورسییەکەیەتی قورسە، بەڵام پێش ئەوەی کورسییەکەت ببێتە بەڵا و موسیبەت، پێش ئەوەی توڕەیی خەڵک بێتە بەردەم دەرگاکەت لەسەری ڕەش، ئەو سەری ڕەشەی کە سەری هەموومانی سپی کرد، پێش ئەوەی کۆتاییت پێبهێنن، داوات لێدەکەم کۆتایی بەم دەسەڵاتە کوێخاییە بهێنە، گەرنا مێژوو وانەیەکت دەداتێ، کە چەندین نەوەی دواتر بیریان نەچێتەوە.
بەڕێز بارزانی!
من نازانم ئەمەی بۆتۆم نووسیوە ناوی لێ دەنێیت ڕەنجنامە، شیننامە، قوڕنامە یان دەردنامە... ناوی هەرچییەکی لێدەنییت ئازادیت، بەڵام دەمەوێ لەم نامەیەدا، ڕاستگۆیانە ئامۆژگاریت بکەم و هەروەها قیمەتی ڕاستەقینەت دەربخەم، پێت بڵێم تۆ سەرۆکێکی زۆر خراپ بویت بۆ گەلەکەت، یەکێک بویت لە سەرۆکە هەرە ترسناک و خراپەکانی ناومێژووی ئێمە، ناوێکی هێندە ترسناکیت کە مێژوو لە ناوهێنانت شەرم دەکات، ئەگەر پێش تۆ حوکمڕانیی نرخێکی هەبووبێت، ئەوا دوای تۆ بێرنخترین پەڕۆ (حوکمڕانیی)یە، ئای چەندە سەرۆکێکی خراپ و بێکەڵک بویت، لەکاتێکدا دەتتوانی سەرۆکێکی باش بیت، یان لانی کەم (سەرۆک) بیت، ئێستا کە سەرۆک نەماویت، بەڵام هێشتا لە دیدی کاوێژکار و ماستاوچییەکانی چواردەوەرەتدا هەر سەرۆکیت، ئەمە شانۆیەکی تری کارەستبار و خوێناوییە بەسەر گەلەکەتیدا دەهێنیت، ئایا چەندین ساڵە لەپێناو کورسییەکەتدا باوەشێکی گەرمت بە نەوەکانتدا نەکردووە؟
بەڕێز بارزانی!
چۆن دەبێ کورسیی دەسەڵات بەوشێوەیە مرۆڤ شێت و دێوانە بکات؟ کۆمەڵگایەکت خستە لێواری مردن و سەرگەردانییەوە و کەچی ئێستا بێدەنگ لێی دانیشتویت و وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت، تۆ بەو تەمەنە زۆرەتەوە هێشتا نیاز و هیوات بە ژیانە؟ دەتەوێت بە (سەرۆک) ناوت بهێندرێت لەکاتێکدا (بەرۆک)ێکی باشیش نەبوویت تا لانی کەم بمانپارێزیت لە خڵتە و پڵتە؟ تۆ بەتەمەن لە من گەورەتریت، بەردەوام کە قسە دەکەیت، دەنگ بەرز دەکەیتەوە، ئایا دەزانیت ئەم دەنگ بەرزکردنەوەیەی تۆ دەلالەتە لەوەی تۆ تاوانباریت؟ درووست وەکو دەنگ بەرزکردنەوەی تاوانبارێک لەدادگا دەچێت، هەرگیز لەخۆتت پرسیوە ئایا تۆ بازرگان و پارەپەیداکەرێک بویت یان سەرۆکێک؟ ئەو هەموو ڕەنج و سوکایەتیەی بە مرۆڤی کوردت بەخشی، هێشتا پەشیمان نیت؟ ئێمە هەموومان داوامان لێکردیت بچیتەوە بۆ ماڵەوە دابنیشیت، بەقسەت نەکردین، ڕێزت لە داوای گەلەکەت نەگرت کاتێ پێیانگوتیت چیتر بەسە و کۆتایی بە دەسەڵاتت بهێنە و بچۆرەوە ماڵەوە، بەقسەی گەلت نەکرد و کەچی بە یەک تەلەفۆن نێردرایتە ماڵەوە، ئێوە بۆ هەر دەبێت تەلەفۆنێک بتانێرێتە ماڵەوە؟
بەڕێز بارزانی!
ببینە! توڕەیی و ڕقی خەڵک لە تۆ و شەریکەکانت گەیشتۆتە ئاستێک کە ناگەهان بتەقێتەوە، تەقینەوەیەک بە تۆ و ئەوانەش کۆنترۆڵ نەکرێت کە لەپشتی تۆوەن، باش بزانە و لات ڕوون بێ کە سوپا و جەیشەکەی تۆ لە جەیشەکەی موبارەک و قەژافیی جەڕاڕتر نییە، توانای سەربازیی تۆ چارەکێکی توانا سەربازییەکانیان نییە، خەڵک ئیرادەی شکاندنی لوتی ئەوانی هەبوو، شکاندنی لوتی دەسەڵاتەکەی تۆ ئاسانترە لەهەر شتێکی تر، تۆ لە چاو ئەوان، پاروویەکی زۆر ئاسانتریت، ڕۆیشتنت بە ڕێز و یقارەوە، زۆر باشترە لە مانەوەت بەهۆی درووستکردنی درۆ و سیناریۆی بێمانا، من ئامۆژگاریت دەکەم بگەڕێیتەوە بۆلای خودا و کۆتایی بەم بازاڕە شێواوە بهێنیت کە خۆت و برازا و کوڕەکانت، بەیارمەتی یەکێتیی و کۆمەڵێ حیزبی تر درووستتان کردووە، ئەم ئاگرەی هەڵتگیرساندووە، دواجار دەستەکانی خۆت دەسووتێنیت، مایەی بەزەییت ئەگەر پێتوابێت خەڵک خۆشیان دەوێیت، من سوێندت بۆ دەخۆم کەمتر لە ٪20ی خەڵک خۆشیان دەوێیت، ئەوانیش بەشێکی زۆریان لەترسدا و بەشەکەی تریان لەبەر ئەو پارچە نانەیە پێیان دەدەیت تا خزمەتی بەردەگاکەت بکەن.
#03-08-2018#
Այս տարրը գրվել է (کوردیی ناوەڕاست) լեզվով, սեղմեք պատկերակը
բացել իրը բնագրի լեզվով
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Այս տարրը արդեն դիտվել 2,783 անգամ
Գրեք ձեր մեկնաբանությունը մոտ այս նյութը!