هەفتەی ڕابردوو، وەزارەتی میراتە کولتوورییەکانی بەریتانیا ڕایگەیاند، پڕۆژەیەکیان بۆ پاراستنی شوێنەوارەکانی ناوچەی #گەرمیان# پەسەند کردووە کە لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی سندوقی پاراستنی کولتووری بەریتانیدا لەسەرانسەری جیهان بودجەی بۆ تەرخان دەکرێ. پڕۆژەکە لەلایەن زان#کۆیە#کی سکۆتلاندییەوە پێشنیاز کراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی زانکۆی گلاسکۆی سکۆتلاند، پڕۆژەکەی گەرمیان بەشێکە لە نۆ پڕۆژەی کولتووری و شوێنەواریی دیکە کە سندوقی پاراستنی کولتووری بەریتانیا لە ناوچەکانی نزیک لە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا جێبەجێیان دەکات. بودجەی تەرخانکراو بۆ ئەو نۆ پڕۆژەیە 30 ملیۆن پاوند (38 ملیۆن دۆلار)ە.
ناوچەی گەرمیان لە شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێراندا زیانی زۆر بەر شوێنەوارەکانی کەوتووە، سیاسەتەکانی ڕژێم سەدام حوسێن بۆ سڕینەوەی ئاسەواری کورد لەو ناوچەیەش هۆکارێکی دیکەی زیانە کولتوورییەکانی ئەو ناوچەیە بووە و لە شەڕی چوار ساڵەی دژی #داعش#یش، ناوچەی گەرمیان یەکێک لە بەرەکانی پێشەوەی ئەو شەڕە بوو. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی زانکۆی گلاسکۆ ئەم شەڕ و پێکدادانانە زیانی گەورەی بەو شوێنەوارە کولتوورییانە گەیاندووە کە زانیاری و پارچەی هونەری گرنگیان لەبارەی شارستانیەتی میزۆپۆتامیا تێدایە.
کۆتایی هەفتەی ڕابردوو، مایکڵ ئیلیس، وەزیری میراتی کولتووریی بەریتانیا، ڕەزامەندی دەربڕی بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی سندووقی پاراستنی کولتووریدا زیاتر لە 380 هەزار دۆلار بۆ پاراستنی شوێنەوارەکانی گەرمیان تەرخان بکرێ، کە بە گوێرەی زانیارییەکانی زانکۆی گلاسکۆ مێژووەکەیان بۆ 10 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
زانکۆی گلاسکۆ خەریکی پێکهێنانی تیمێکە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی وێنەی سەتەلایتی و ئاسمانییەوە ئاستی زیانەکانی شوێنەوارەکان دەستنیشان بکەن. تیمەکە مەشق بە کۆمەڵێک شوێنەوارناسی ناوچەکەش دەکەن و لەگەڵ قوتابخانەکانی ناوچەکە قسەدەکەن بۆ ئەوەی لە وانەکانی خۆیاندا باسی بایەخی میراتە کولتوورییەکان بکەن.
دکتۆر کلاودیا گلاتز، سەرپەرشتیاری تیمەکە، ڕایگەیاند پڕۆژەکەی ئێمە لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لەڕووی شێوازی کارکردن لەسەر پاراستنی میراتە کولتوورییەکان دانسقەیە.
وەزیری میراتە کولتوورییەکانی بەریتانیاش لە گوتارێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەم شوێنەوارانە چیرۆکی مێژووی مرۆڤایەتیمان بۆ دەگڕێنەوە، بۆیەش پاراستنیان تەنیا بۆ کوردستان گرنگ نییە، بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتی جێی بایەخە.
یەکێکی دیکە لە نۆ پڕۆژەکەی سندوقی پاراستنی کولتوور تایبەتە بە شاری #ئامێدی# لە هەرێمی کوردستان. ناوی پڕۆژەکە پلاندانان بۆ داهاتووی ئامێدییە کە تێیدا هەوڵی ڕاهێنانی خەڵک و مەشقی ئیداری بۆ پاراستنی شوێنەوارەکانی شارەکە دەدرێ. ئەم پڕۆژەیە 100 هەزار پاوند (128 هەزار دۆلار)ی بۆ تەرخانکراوە.
سندوقی پاراستنی کولتوور لە ساڵی 2016 و بە دەستپێشخەری حکومەتی بەریتانیا و ئەنجوومەنی بەریتانی دامەزراوە، ئامانجیش لەو سندوقە ئەوەیە هاریکاری دارایی، تەکنیکی و زانستی پێشکەش بەو وڵات و ناوچانە بکرێ کە لەڕووی شوێنەواری کولتوورییەوە دەوڵەمەندن و شوێنەوارەکانیان بەهۆی شەڕ و پێکدادانەوە مەترسییان لەسەرە، ئامانجی درێژخایەنی سندوقەکەش ئەوەیە خەڵک و شارەزایانی ناوچەکە خۆیان بتوانن بەرگری لە شوێنەوارەکانیان بکەن. لە کاتی دامەزراندنی سندوقەکەوە، کار لەسەر 41 پڕۆژەی شوێنەواری و کولتووری لە 12 وڵات کراوە.[1]
#29-08-2018#