دواڕۆژ، سیروان حەسەن
دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ڕووداوی 16ی ئۆکتۆبەردا، تائێستا پۆستە ئیدارییەکانی شارۆچکەی #خورماتوو# نەدراونەتەوە بە لایەنە کوردییەکان و زیانلێکەوتوانیش قەرەبوو نەکراونەتەوە، ئەندامێکی ئەنجومەنی قەزاکەش دەڵێت: ئێستا دۆخی خورماتوو ئاساییە و پەیوەندی نێوان پێکهاتەکانیش ئاسایی بۆتەوە.
بەپێی ئامارێکی دەزگای شەهیدانی خورماتوو و لیژنەکانی تۆمارکردنی زیانەکان، لەڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و ڕۆژانی دواتردا، شەش #پێشمەرگە# شەهیدبوون، 250 هاووڵاتی و پێشمەرگە برینداربوون، 26 پێشمەرگە و هاووڵاتی بەدیل کەوتنەتە دەستی چەکدارانی #حەشدی شەعبی#، 88 خانووی هاووڵاتیانی کورد تەقێنراوەتەوە، 300 دوکان و کۆگا سوتێنراون، سێ هەزار ماڵ لە دوای تاڵانکردنی سوتێنراون، 12 بارەگای حیزبی و پێنج کەناڵ و ڕادیۆیی کوردی سوتێنراون.
لەسەر دواخی خورماتوو دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ڕووداوەکەدا، سەردار ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی قەزای خورماتوو بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: ئێستا تا ڕادەیەک بارودۆخ ئاساییه و پەیوەندی نێوان پێکهاتەکانیش باشە و هیچ کێشە و گرفتێک لە ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەی هاووڵاتیاندا نییە.
وتیشی: سەبارەت به و پۆستە کوردییانەی کە لە کورد وەرگیراونەتەوە، بڕیارە لەگەڵ لایەنەکان و قایمقام کۆبینەوە و چارەسەری ئه و بارودۆخە بکرێت و جارێکی تر پۆستەکان بۆ کورد بگەڕێندرێنەوە.
ئاماژەی بەوەشدا: هەرچەندە لەڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی عێراقەوە هەوڵمانداوە، بەڵام تاوەکو ئێستا قەرەبووی زیانلێکەوتوان نەکراوەتەوە.
بەپێی ئامارە نافەرمیەکان، لە خورماتوو نزیکەی 30 پۆست و پلەی حکومی لە کورد وەرگیراونەتەوە کە بەرزترینیان پۆستی قایمقامی قەزاکەیە.
عەلی حوسێنی، ئەندامی ئەنجومەنی خورماتوو لەسەر نەتەوەی تورکمان، بۆ دواڕۆژ ئەوەی خستەڕوو: بۆ قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتووانی کورد و هەروەها ئه و زیانانەی کە پێشووتر بەر تورکمان کەوتووە، داوای قەرەبوومان کردووە، بەڵام تائێستا هیچ هاوکارییەکی ماددی و قەرەبوو خەرج نەکراوە و بەدڵنیاییەوە بە قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتیان بارودۆخ باشتر دەبێت.
رونیشیکردەوە: لەبەرئەوەی دوای 16ی ئۆکتۆبەر ناوچەکە ڕادەستی هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێراکرا، ئەم هێزە توانی هاوسەنگی ڕابگرێت و جیاوازی نەکردن لەنێوان نەتەوەکان، هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی نەتەوەکان لە یەکتر نزیک ببنەوە و لە ئێستادا باردۆخ و پەیوەندی نێوان کورد و تورکمان لە ئاستێکی باشدایە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان هاووڵاتیانیش باشە، کێشە و گرفت زیاتر لە نێوان سیاسییەکاندایە.
عەلی حوسێنی باسی لەوەشکرد: لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ نزیکردنەوەی لایەنەکان و هەروەها لە ماوەی ڕابردووشدا مامۆستایانی ئاینی و هەندێک کەسایەتی خورماتوو ڕۆڵی باشیان گیڕاوە بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان نەتەوەکان ئاسایی بکەنەوە.
هاوکات بەرپرسێکی کورد لە خورماتوو کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: پێش 16ی ئۆکتۆبەریش حکومەتی هەرێم هیچ دەسەتێکی ئاوەدانی بۆ خورماتوو درێژنەکردووە و هاوکاری کوردی نەکردووە لە سنوورەکە.
دەشڵێت: ئێستاش کەساڵێک بەسەر ڕووداوەکە تێپەردەبێت و کوردی سنوورەکە زیانی زۆری بەرکەوتووە، لەبری ئەوەی هەردوو حیزبی دەسەڵات سەرقاڵی هاوکاری و ئاوەدانکردنەوەبن، سەرقاڵی شەڕی ڕاگەیاندن و تۆمەتبارکردنی یەکترین.
ئه و بەرپرسە کوردە ئاشکراشیکرد: بۆ ئاسایی کردنەوەی بارودۆخەکەش حیزبەکانی دەسەڵات ئامادەنین لە خورماتوو لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دانیشین و کۆببنه و و هەر ئەمەش هۆکاری لە دەستدانی پۆستەکانە.
بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی نیشتیمانیش جەختلەوە دەکاتەوە، ئاسایی کردنەوەی دۆخی خورماتوو و #کەرکووک# و ناوچەکانی دیکە، پەیوەستە بەقورسایی کورد لە کابینەی داهاتووی حکومەتی عێراق.
سەبارەت به و پۆستانەی کورد لە خورماتوو لە دەستی داواە، کەریم شوکر بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: بەشێکی پەیوەندی بە بڕوانامەوە هەیە و ئەوانەشی بڕوانامەیان هەیە بۆ وەرگرتنەوەی ئه و پۆستانە بارودۆخەکە بە گونجاو نازانن، لایەکی دیکەش وەرگرتنەوەی پۆستەکان لە ئێستادا لە ژێر هەیمەنەی لایەنەکانی تر دەبێت، بۆ نمونە ناکرێت پۆستی پۆلیس وەربگریت و هەموو پۆلیسەکان تورکمان و عەسائبی ئەهلی حەق بن.
وتیشی: تائێستا دانیشتنێکی فەرمی و ڕاستەوخۆ لە نێوان لایەنی کوردی و تورکمانی لە خورماتوو ئەنجامنەدراوە.[1]
#18-10-2018#