خەڵکی #هەڵەبجە#یە،و دانیشتوی وڵاتی سویدە ئێوارەی #20-12-2018# وەک شاجوانی کوردستان بۆ ساڵی 2018 هەڵبژێردرا.
سانا لە وڵاتی سوید ژیان بەسەر دەبات و لە خوێندنیشدا بەرەو قۆناغی زانکۆ هەنگاو دەنێت، سانا مەحمود شاجوانی 2018ی کوردستان، تەمەنی 22 ساڵە و لەوڵاتی سوید لەدایکبووە و باوکی خەڵکی پارێزگای هەڵەبجەیە و لەژیاندا نەماوە، دایکیشی خەڵکی شاری سلێمانییە. سانا تەنها برایەکی هەیە و خانەوادەکەشی دوای ڕاپەڕینی 1991 ڕوویانکردۆتە وڵاتی سوید.
ئێستاش ئەو شاجوانە بەرەو قۆناغی زانکۆ هەنگاو دەنێت. وەرگرتنی نازناوی شاجوانی کوردستان بۆ ماوەی یەک ساڵە و ئەگەر دۆخی کوردستان گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت شاجوانی نوێ هەڵدەبژێردرێت، بەپێی ڕێساکانی شاجوانیش، ئەو کچەی نازناوەکە بەدەست دێنێت، تا تەواوبوونی ماوەی شاجوانییەکەی دەبێتە لە هەرێمی کوردستان بژی.
بۆ ماوەی ساڵێک شوقەیەکی لە هەولێر بۆ دابیندەکرێت، لەگەڵ ئۆتۆمبێل و پێدانی بڕێک پارە وەکو هاوکاریی مانگانە، تا بتوانێت لەو ماوەیەدا کارەکانی وەکو شاجوان بەڕێبکات.
بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی شاجوانی کوردستان 107 کچ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان فۆڕمیان پڕکردبووەوە، لەو ژمارەیەش 81 کچ ئامادەی چاوپێکەوتن بوون و دوای هەڵسەنگاندنیان 14یان بۆ قۆناغی کۆتایی کێبڕکێکە مانەوە.
لە مەراسیمەکەدا کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، کارێز وەکو هاوەڵی یەکەمی شاجوان و میریان وەکو هاوەڵی دووەمی شاجوان دەستنیشانکران، کە هەریەکەیان گەشتێکی دەرەوەیان بۆ ڕێکدەخرێت.
لیژنەی هەڵسەنگاندن و هەڵبژاردنی شاجوان لە دە پسپۆڕی جیاجیا و کەسایەتی و هونەرمەند لە کورد و بیانی پێکهاتبوون، جگە لە ڕای لیژنەکە، خەڵکیش لەڕێگەی گروپێکی تایبەت لە ڤایبەرەوە دەنگیان بە کاندیدەکان داوە.
تا ئێستا چوار پرۆسەی هەڵبژاردنی شاجوان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە،
شینێ عەزیز ئاکۆ لە ساڵی 2012 بووە یەکەمین شاجوانی کوردستان.
ساڵی 2013 فێنک محەمەد وەک دووەمین شاجوان.
ساڵی 2014 پرۆسەکە ئەنجامنەدرا
ساڵی 2015 پرۆسەکە ئەنجامنەدرا
ساڵی 2016ش ژالیا سیروان وەک سێیەمین شاجوان هەڵبژێردرا،
ساڵی 2017 پرۆسەکە ئەنجامنەدرا
ئەمساڵیش(2018) سانا مەحمود بە شاجوان هەڵبژێردرا.