دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
تائێستاش لە هەرێمی کوردستان دیاردەی خەتەنەکردنی کچان بوونی هەیە، بەڵام بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕێژەکە ڕووی لە دابەزین کردوە، ئەوەش لەکاتێکدایە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان نەیتوانیوە ئه و دیاردەیە بنەبڕ بکات کە لەهەشت ساڵدا تەنها یەک کچ لەسەر خەتەنەکردن سکاڵای یاسایی لەسەر دایک و باوکی تۆمارکردووە.
بەپێی ئامارێکی 2018ی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم لەئێستادا ڕێژەی خەتەنەکردنی کچان لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 37.5%، بەڵام بەراورد بە ساڵی 2011 ڕێژەکە دابەزیوە کە ئەوکات ڕێژەی خەتەنەکردنی کچان 42.8% بوو.
ئەوەش لەکاتێکدایە بەر لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991 ڕێژەی خەتەنەکردنی کچان لە عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر بەرز بووە، بەجۆرێک لە ساڵی 1987 ڕێژەی خەتەنەی کچان لە 73% بووە، بەڵام دواتر ساڵ لە دوای ساڵ ئەم ڕێژەیە کەمبووەتەوە.
پەروین حەسەن، بەڕێوەبەری گشتی لە ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: لە دوای ڕاپەڕین ڕێکخراوی یونسێف ئامارێکی لە عێراق کۆکردەوە له و ئامارەدا ئاماژە بەوەکراوە کە ئەوکات لە هەرێمی کوردستان لە 50%ی ئافرەتان خەتەنە دەکران، بەڵام ئه و ڕێژەیە ساڵ لە دوای ساڵ کەمی کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد: لە ساڵی 2015 ئەنجومەنی کاروباری خانمان بە هاوکاری ڕێکخراوی یونسێف توێژینەوەیەکی لەناو شەش هەزار خێزان ئەنجامدا لە پارێزگاکانی #هەولێر#، #سلێمانی#، #دهۆک# و #هەڵەبجە# بەپێی ئه و توێژینەوەیە لە هەولێر 16% سلێمانی 11% دهۆک 4% و هەڵەبجەش لە 1% کچەکان خەتەنە کراون.
پەروین حەسەن وتیشی: بۆ ئەمساڵ ئەنجومەنی کاروباری خانمان بە هاوکاری ڕێکخراوی یونسێف پڕۆژەیەکی گرنگمان ئامادە کردوە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە و چەندین وۆرکشۆپ و تیمی هۆشیاری لە تەواوی هەریمی کوردستان کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی خەتەنەکردنی کچانە.
لەگەڵ ئەوەی یاسای بەڕەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە، بەڵام نەیتوانیوە دیاردەی خەتەنەکردنی کچان ڕابگرێت.
کوردە عومەر، بەڕیوەبەری گشتی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بۆ دواڕۆژ وتی: دەرچوونی یاسای بەڕەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە ساڵی 2011 کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبوە لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەی خەتەنە، چونکە لە ماوەی نزیکەی هەشت ساڵدا تەنها یەک کەس لەسەر ئەوەی خەتەنە کراوە سکاڵای لە دژی دایک و باوکی تۆمار کردوە.
بەپێی یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی لەهەرێمی کوردستان خەتەنەکردنی مێینە قەدەغەکراوە، بەپێی بڕگەی یەکەم و دووەم لە مادەی شەشەمی هەمان یاسا، بڕی غەرامە و زیندانیکردن دانراوە بۆ ئه و کەسانەی هاندەری خەتەنکردنن و هاوکات کاری خەتەنەکردنیش ئەنجامدەدەن.
بەپێی یاساکە: هەر کەسێک هانی ئەنجامدانی خەتەنەکردنی مێینەی دا بە غەرامەیەک سزادەدرێت کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت.
هاوکات بەپێی هەمان یاسا، هەر کەسێک کردەوەی خەتەنەکردنی مێینەی ئەنجامدا یان بەشداری تێدا کرد سزای بەندکردن دەدرێت کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە دوو ساڵیش زیاتر نەبێت ئەوە جگە لە غەرامەیەک کە لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
بەهار سوعاد، توێژەری کۆمەڵایەتی بە دواڕۆژی وت: دیاردەی خەتەنەکردن به و جۆرە کەمدەکرێتەوە کە کەسانی ئەکادیمی و شارەزا لە بواری کردارە سێکسییەکان و تەندروستی باس له و بابەتە بکەن و ڕاستەوخۆ بە دایکان و باوکان بڵێن کە ئەنجامدانی خەتەنەکردن دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی خولیای کرداری سێکسی، ئەوەش وادەکات پیاو زۆر هەستی لای خێزانەکەی نەبێت، چونکە خەتەنە ئافرەت لە ڕووی سێکسییەوە لاواز دەکات.
ئه و توێژەرە پێشنیاریش دەکات کە لە پارێزگاکانی هەرێم خولی تایبەت بۆ دایکان و باوکان بکرێتەوە و متمانەیان بۆ دروست بکرێت کە خەتەنەکردنی کچ وا دەکات کاتێک ئه و کچە شوو دەکات زۆرجار دەبێتە هۆکاری شکستهێنانی خێزان و کێشەی خێزانی لێدەکەوێتەوە.
لە زۆربەی کۆمەڵگە #موسڵ#ماننشینەکان خەتەنەکردنی کچان وەک پێویستییەکی شەرعی سەیر کراوە، بەڵام مامۆستایەکی ئاینی ڕەتیدەکاتەوە ئەم کارە لە ئیسلامدا واجب کرابێت.
ئەحمەد شافیعی، ئەندامی لیژنەی فەتوای هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: تائێستا مێژووی سەرهەڵدانی خەتەنەی کچان ڕوون نیە، ئەوەی وتراوە کە خەتەنەی کچان شتێکە ئیسلام دایهێناوە لەڕاستییەوە دوورە.
وتیشی: خەتەنەی کچان نەریتێکی کۆنی پێش هاتنی ئاینی ئیسلامە و لە سەردەمی چاخە کۆنەکانیشدا ئەنجامدراوە، ئەوە جگە لەوەی لە قورئانی پیرۆزدا ئایەتێک نیە نە بە ئاشکرا نە بە شاراوەیی باس لە خەتەنەی کچان بکات.[1]
#05-01-2019#