ساڵانە لەوەرزی زستاندا گەشتیارێکی زۆر ڕوودەکەنە دەڤەری #سۆران#، بۆ بینینی سروشتە جوانەکەی سۆران و یاریکرن لەناو بەفردا، بەپێی ئاماری گەشتوگوزاری سۆران-یش، تەنها لە پشوی سەری ساڵدا 30 هەزار گەشتیار ڕوویانکردووەتە سۆران.
لە دەڤەری سۆران-ی سەر بە پارێزگای #هەولێر#، کە هەریەک لە شارۆچکەکانی سۆران و ڕەواندوز و #چۆمان# و مێرگەسۆر لەخۆدەگرێت، چەندین ناوچەی گەشتیاری هەیە، کە لە وەرزی هاوین و بەهاردا گەشتیارێکی زۆر ڕووی تێدکەن، بەڵام چەند ساڵێکە سروشتی جوانی ئەو ناوچەیە لە وەرزەکانی پایز و زستانیش گەشتیار بۆ ناوچەکە ڕادەکێشێت.
چەند ڕۆژێکە لە ناوچە گەشتیاریەکانی وەک تێل فریکی کۆڕەک و حەسەن بەگ زیاتر لە 20 سانتیم بەفرباریەوە،بەهۆیەوە پلەکانی گەرما هاتووەتە 5 پلە ژێر سفر، ئەو کەشە ساردە و ئەو تارا سپیەی چیاکانی سۆران پۆشیویەتی گەشتیارانی بۆ چیای کۆڕەک و ناوچە گەشتیارییەکانی دیکەی سۆران ڕاکێشاوە.
ئاوارە مەسیفی، یەکێک لەو گەشتیارانە بوو کە لەگەڵ هاوڕێکانیدا لەشاری هەولێرەوە ڕوویان لە ڕەواندز کردبوو، بۆ ڕۆژنیوز دڵخۆشی خۆی دەربڕی، وتی: بەفربارین بۆمن چێژ و خۆشی خۆی هەیە،بۆیە لە هەولێرەوە هاتووم بۆ چیای کۆڕەک و بوونی بەفر گەشتەکەمانی خۆشتر کردووە و هیوادارم ئاسانکاری زۆر بۆگەشتیاران بکرێت لە ڕووی گواستنەوە و سەلامەتی ڕێگاکان.
سروە بەرەڤان، یەکێکی دیکەبوو لەو گەشتیارانی چیای کۆڕەک، کە لە شاری #دهۆک#ەوە لەگەڵ هاوسەرەکەی بۆ گەشت هاتبوونە ئەو ناوچەیە، وتی بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە، هاتووین بۆ بینینی سروشت و سەیرانگاکانی دەڤەری سۆران و ڕواندز، بەلامانەوە شوێنێکی جوان و دڵگیرە”.
بارزان محەمەد، بەرێوەبەری گەشت و گوزاری سۆران بۆ ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند لە ماوەی ڕۆژانی پشوی سەری ساڵ، گەشتیارێکی زۆر سەردانی ناوچە گەشتیاریەکانی سۆران ڕواندز- یان کردووە، بەگشتی زیاتر لە 30 هەزار گەشتیار سەردانی دەڤەری سۆران و ڕواندزیان کردووە، ڕۆژانە چوار بۆ پێنج هەزا گەشتیار هاتوونەتە ناوچە گەشتیارییەکانی سۆران”.
لەم ساڵانەی دوایدا، گەشتیارێکی زۆر لە شارەکانی خواروی عێراق و وڵاتانی دراوسێوە سەردانی ناوچە گەشتیاریەکانی تاڤگەی علی بەگ و بێ خاڵ و چیای کۆڕەک و حەسەن بەگ دەکەن لە سنوری شاروچکەی سۆران و ڕەواندز، هاتنی گەشتیار بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان تا ڕادەیەک کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی قورسایی قەیرانی دارایی هەبووە لەسەر هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.[1]
#05-01-2019#