دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا دوو هەزار و 690 حاڵەتی توندوتیژی بەرامبەر پیاوان ئەنجامدراون، سەرۆکی یەکێتی پیاوانیش دەڵێت: باشبوونی قەیرانی سیاسی و دارایی، دەبنە کەمبوونەوەی کێشە خێزانییەکانیش.
بەپێی ئاماری یەکێتی پیاوانی کوردستان کە وێنەیەکی بە دواڕۆژ نێردراوە، لە ساڵی ڕابردوودا 558 سکاڵا تۆمارکراون، 115 پیاو خۆیان کوشتووە و 5 پیاویش لەلایەن ژنانەوە و بەهاوکاری کەسانی دیکە کوژراون.
ئامارەکەی یەکێتی پیاوان دەڵێت: (دەرکردنی پیاوی بەتەمەن 39، ناپاکی هاوسەریی 57، توندوتیژی جەستەیی 9، دەستوەردانی کەسوکاری خێزان لە ژیانی هاوسەریدا 178، فشاری دەروونی و سێکسی 36، دەستبەسەرداگرتنی مووچە 8، دەستبەرداگرتنی منداڵ یان بێبەشکردنی باوک لە بینینی منداڵەکەی 231.
وەکو لەو ئامارەدا هاتووە: لە ساڵی ڕابردوودا حاڵەتەکانی خۆکوشتنی پیاوان بەم جۆرە بوون، لە پارێزگای #هەولێر# 23، لەپارێزگای #سلێمانی# 45، لەپارێزگای #دهۆک# 16، لە پارێزگای #کەرکووک# 18 و لە پارێزگای #هەڵەبجە# 13.
بەپێی ئامارێکی دیکەی ئەو ڕێکخراوە لە ساڵانی 2014 تا 2018 حاڵەتەکانی توندوتیژی بەرامبەر پیاوان بەم شێوەیە بوون: (تۆمارکردنی سکاڵا توندوتیژی دوو هەزار و 690 حاڵەت، خۆکوشتنی پیاوان 393، کوشتنی پیاوان لەلایەن ژنانەوە بەهاوکاری کەسانی دیکە 29 حاڵەت.
بورهان عەلی، سەرۆکی یەکێتی پیاوانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ژن و پیاو لە خێزاندا پێکەوە ئەرک و مافیان هەیە و دەبێت سەرەتا ئەرکیان جێبەجێ بکەن، پاشان داوای مافەکانیان بکەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: لەبەرئەوەی پیاو ئەرکی زۆرە لەبەر دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزانەکەی، بۆیە دەبێت ڕێز لە ماندووبوونی پیاوان بگیرێت و وتی: هۆشیارکردنەوە قۆناغێکی گرنگی چارەسەرە و هیوادارین بەهاوکاری ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕاگەیاندنەکان، هەڵمەتێکی هۆشیاری دەستپێبکەین بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان و پیاوان.
بەبۆچوونی بورهان عەلی، سیاسەتێکی ناماقول لە کوردستان پیادە دەکرێت کە دەروونێکی نائارامی بۆ تاکی کورد دروستکردووە، بۆیە باشبوونی قەیرانی سیاسی و دارایی، دەبنە کەمبوونەوەی کێشە خێزانییەکانیش.[1]
#05-01-2019#