نەبوونی پیشەسازی بگۆڕ بووەتە کێشەی سەرەکی بەرهەمهێنەرانی شیر لە باشووری کوردستان و خاوەن ئاژەڵەکانی ناچار کردووە کە شیرەکانیان بە خامی ڕەوانەی بازاڕ بکەن.
هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 500 هەزار تۆن شیر هەیە. بەڵام لەو ڕێژەیە زیاتر لە 225 هەزار تۆنی لە دەرەوە هاوردە دەکرێت.
بەشدار فەلاح، بەرهەمهێنەری شیر لە #هەولێر# بە ڕووداوی ڕاگەیاند: کەس هەبووە چونکە دکتۆر وتوویە دەبێ کچەکەت شیری بزن بخوات تا چاک بێتەوە، یەک مانگ بە بەردەوامی شیری لەلامان بردووە و کچەکەی چاک بووەتەوە.
لە کوردستان ساڵانە 500 هەزار تۆن شیر بەکاردەهێنرێ، لەمەش 275 هەزار تۆنی بەرهەمی ناوخۆیی و 225هەزار تۆنی لە وڵاتانی دەرەوە هاوردە دەکرێت. 55%ی بەرهەمی شیر ناوخۆییە کە زۆربەی ئەم بڕە شیرەش لە 143 پرۆژەی بەخێوکردنی مانگا و مەڕ بەرهەم دێت.
بە پەرەپێدانی ئەمجۆرە پرۆژانە دەتوانرێت پێویستیی شیری بازاڕ لە هەرێمی کوردستان پڕبکرێتەوە. ڕەمەزان محەممەد، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وزارەتی کشتوکاڵ پێشنیاز دەکات کارگەیەکی گەورەی شیر لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە و لە ڕێگەی چەند سەنتەرێکەوە شیری بەرهەمهاتوو لە ناوچە جیاجیاکان کۆبکرێنەوە و لەو کارگەیەوە بخرێنە بازاڕەوە.
بەشی زۆریی شیری ناوخۆیی لە بەرهەمە شیرەمەنییەکاندا بەکاردێت. بۆیە پێویستی شیری خامی بازار پڕناکاتەوە، هەر ئەمەش بازاڕی بۆ شیری پاکەت و وشکی بیانی خۆشتر کردووە. بۆ وەرگرتنەوەی ئەم بازاڕە، ڕێگای سەرەکی وازهێنانە لە بەخێوکردنی مەڕوماڵات بەشێوەی نەریتی و مۆدێڕنیزەکردنییەتی.[1]
#01-02-2019#