سامان عەلی
بەروار: ڕۆژی پێنجشەممە، شەشی مانگی نۆی ساڵی 1979.
شوێن: شاری #سلێمانی#، گەڕەکی گۆیژە، کۆڵانی مەعمەلی کۆلاکەی عەبەی کۆلا (ئێستا ئەو کۆڵان و گەڕەکە پێی دەوترێت سەیوانی دوو).
کات: پێش نیوەڕۆ.
دیمەن: ئۆتۆمبێلێکی لادا-ی ڕەنگ سپی، لە بەردەم مەعمەلەکە کە داخرابوو، ڕاوەستا، هەر خێرا ژمارەیەک ئەمن کە جلی مەدەنییان پۆشیبوو، بە کۆڵان و سەر گۆشە و سوچەکانی ئەو ناوەدا بڵاوبوونەوە و خۆیان قایم کرد و چوونە دۆخی ئامادەباشیی و بۆسەوە.
ئەمنەکان ترس و دڵەڕاوکێ بە جوڵە و ڕەفتاریانەوە دەبینرا، بەتایبەتی ئەو دانەیەیان کە لە پەنجەرەی هۆڵەکەی ماڵی بینەری ئەم ڕووداوەوە دەبینرا، لە سەر گۆشەکە ڕاوەستابوو و میلی دەمانچەی هێنابووەوە و بێ ئۆقرەیی بە جوڵە زۆرەکانییەوە دیاربوو.
بەینێکی نزیک بە نیوکاتژمێری پێ چوو، تا ئەو کەسەی کە بۆسەکەی بۆ دانرابوو پەیدابوو.
لە گۆشەکەی سەرەوە، گۆشەکەی لای دووکانەکەی کاک مەحمودی وردەواڵەفرۆش، پیاو و ژنێک و منداڵێک دەرکەوتن و بەرەو خوار بوونەوە. لەگەڵ گەیشتنە بەردەم مەعمەلی کۆلاکە کە لادا سپییەکەی لێ ڕاگیرابوو، لە ناو لاداکە و لە سەر گۆشەکە و سوچ و گۆشەکانی تری ئەو کۆڵان و دەوروبەرە چەندین ئەمن بەهەڵەداوان و پەلاماردان و هەڵکوتانە سەر گەیشتنە سەر ژن و پیاوەکە و هاواریان دەکرد خۆت بدە بە دەستەوە. پێنج شەش ئەمن دایان بەسەر پیاوەکەدا و دەرگای دواوەی لادایان کردەوە و بە زۆر ترنجاندیانە ناو لاداکەوە. لەم بگرە و بەردەیەدا ئەفسەری ئەمنی ئەم پرۆسەیە کە ئەو پیاوەی تێدا دەستگیرکرا، ژن و منداڵەکەی ئیزندا بڕۆن، پاش ئەوەی کەسی مەبەستیشیان دەستگیرکرد ئەمنەکان وەک دەربڕینی شادیی و خۆشیی بەم سەرکەوتنەیان بە چەکەکانیان تەقەی خۆشییان کرد بە ئاسماندا و بەپەلە هەموو سواری لاداکە بوون و لادا بەخێراییەک کە لەپاش خۆی تەپ و تۆزی لە کۆڵانەکەدا دروستکرد تێی تەقاندو ڕۆیشت. ئەفسەری سەرپەرشتیاری ئەم بۆسەو پڕۆسەیە مولازم موحسین بوو، ئەو پیاوەی کە لە بۆسەکەدا دەستگیرکرا #ئاسۆی دەلاک# بوو. ئەی ئەو ژنەی کە منداڵێکی لەگەڵدا بوو و هاوڕێی ئاسۆی دەلاک بوو و ئاسۆی هێنایە ناو بۆسەکەوە کێ بوو؟! هەڵبەتە ئەڵقەلەگوێ و بەکرێگیراوی سەر بە دەزگاکانی ئەمن بوو، چونکە لەدوای دەستگیرکردنی ئاسۆ، دەسبەجێ ئیزندرا و لێیدا ڕۆیشت و لەو ناوە دورکەوتەوە. زۆر جار کە باس لە دەستگیرکردنی ئاسۆی دەلاک دەکرێت دەوترێت ناپاکێک بە گرتی دا، بەڵام نەک هەر ناوترێ ئەو ناپاکە کێ بوو بەڵکو باس لەوەیش ناکرێت کە بە ڕەگەز مێینە و ژن بوو. تۆ بڵێی ئەو ژنە کێ بووبێت؟! ئایا لەدوای گرتنی ئەمنەسوورەکەی سلێمانی لەپاش ڕاپەڕینی زستانی ساڵی1991 و دەستگرتن بەسەر ئەو ژمارە زۆرە لە فایل و بەڵگەنامە و نهێنی کە لەو دەزگا داپڵۆسێنەرەدا هەبوون ئەوەندەی پێویست بەڵگەنامە و دۆکیومێنت نەکەوتە دەست یەکێتی و خەڵکی ڕاپەڕیو کە ڕووداوی ئەم دەستگیرکردنە و بەشداران لەم کارەی تێدا تۆمارکرابێت؟!
ئاسۆی دەلاک، ناوی ڕاستەقینەی حەسیب عومەر سابیرە، ساڵی 1957 لەگەڕەکی دەرگەزێن-ی سلێَمانی لەدایک بووە، تا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی خوێندوەو دواتر دەستی کردووە بەپیشەی سەرتاشی لەناوەڕستی دەیەی حەفتای سەدەی ڕابردودا پەیوەندی بەکۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە دەکات.
لەکۆتایی ساڵی 1976دا کە پۆلیس دەبێ لەسەنگەسەر، 11 تفەنگ دەباو دەچێتە ناو هێزی پێشمەرگەوەو چەندین چالاکی لەساخ و ناو شار ئەنجامدەدات بەتایبەتی لەو کاتەی مولازم موحسین، کە ئەفسەری ئەمن بو کوشێکی پڕ لەتۆقاندنی لەسلێمانیدا خوڵقاند بو. ڕۆژی #06-09-1979# لەکاتی ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی چالاکییەک لەناو شاری سلێمانی خیانەتی لێدەکرێت و بەگرت دەدرێ و بەدیلی دەکەوێتە دەست #ملازم موحسین# و بێ سەروشوێن دەکرێت.[1]