1- (چەقی سیاسەت بەرژەوەندییە) ئەو بەرژەوەندییەشی کە زلهێزەکان لەگەڵ دوژمن و سەردەستانی ئێمە هەیانە، هەمیشە گەورەترە لەوەی کە لەگەڵ ئێمە هەیانە، زۆر چونکە ئەوان دەوڵەتن.
ئیتر ئێمە هەرگیز ناکەوینە چەقی سیاسەتەوە، هەمیشە لە حاشیەو پەراوێزی سیاسەتداین!
ئیتر ئێمە قەت نابین بە ژمارە لە هاوکێشەکاندا، بەڵکو ئەبین بە ماوەو بەرسەر ژمارەکاندا دابەشئەکرێین!
ئیتر ئێمە قەت نابین بە یاریچی، بەڵکو تەنیا ئەبین بە کارت و ئەوانیتر کەمجار ڕامان ئەکێشن و ئەمانخەنە پێڕەوە، زۆرجاریش ئەمانسوتێنن و فڕێمانئەدەنە حەوزەوە.
جا ئەم پەتەی کە لە سەری بەرژەوەندییەوە بۆمان گرێ نادرێ لەگەڵ دنیادا، ئەمانەوێ لە ڕێگەی ئەخلاق و وەفاو سۆزەوە گرێیبدەین، کە ئەمەش دراوێکە لە سیاسەتا ناخواو هەرچەنێکت پێ بێ هەر موفلیسیت!
2- (چەقی نیزامی عالەمی دەوڵەتە) بۆئەوەی بچینە ناو ئەم سیستەمەوە، یان ئەبێ ببین بە دەوڵەت، یان ئەبێ بگەڕێینەوە بۆ باوەشی دەوڵەت!
یەکەمیشیان ئەگەرچی ڕەوایە، بەڵام قابیلی ڕوودان نیە، چونکە سیستەمی ئێستای جیهان، تۆزێ مەجالی ئەوەی تیایە کە دەوڵەتیکی ناگرنگی وەکو سودانی تیا دابەش ببێ.
بەڵام هەرگیز بەرگەی ئەوە ناگرێ، کە چوار دەوڵەتی ستراتیجیی وەکو عێراق تورکیا سوریا ئێرانی تیا هەڵوەشێتەوە، کە لەو چوارە دوانیان زلهێزی ناوچەیین!
تەنیا جەنگی جیهانی توانای ئەو گۆڕینەی هەیەو جەنگی جیهانیش ئەگەر ئەمجارە ڕووبدا، شتێک ناهێڵێتەوە بەشی ژیان و بەشی دەوڵەت، بۆیە وا چاکە بەیەکجاریی مەلەفی دەوڵەت داخەین و لەگەڵیا واز لە دژایەتیکردنی هەرچوار دەوڵەتیش بهێنین!
باشترین ئەگەری سیاسی کوردی هەر پارچەیەک ئەوەیە کە دژایەتی پایتەخت نەکات، ئێمە بە پێچەوانەوە سەدەیەکی ڕێکە خەریکی خراپترین ئەگەرین کە دژایەتیکردنی پایتەختە! کوردی سوریا لە هەمووان گونجاوترن بۆ ڕاستکردنەوەیەی ئەو هەڵەیە چونکە کەمترین شەڕیان لەگەڵ دیمەشق کردوە، هیوادارم هەلی ئەو ڕاستکردنەوەیە لەدەست نەدەن.
3- ئیتر چەکهەڵگرتنیش ئەوپەڕی کەرێتی سیاسییە، چونکە تەنیا شەڕێک نیە لەگەڵ دەوڵەت کە ئەگەر هەر ئەونەشبێ ئێمە هەر دۆڕاوین، بەڵکو شەڕێکە لەگەڵ (نیزامی عالەمی)!!
بۆیە بردنەوەی لانیکەمی ژیان لەگەڵ هەر چوار دەوڵەت، زۆر باشترە لەو مەرگەو زۆر شەریفانەترە لەو دۆڕانەی کە هەمیشە چەک و شۆڕش بۆمانی ئەهێنن.
4- ئەو چەکەی کە پێ ی ئەڵێین چەکی شەرەف و کەرامەت، لەبری جارێک دووجار شەرەف و کەرامەتی ئێمەی شکاندوە!
جارێک کە هەمیشە عەقڵێکی شمولیی نادیموکرات هەڵیئەگرێ و لە پشتی شەرعیەتی شۆڕشگێڕییەوە، هەمیشە ئەبێتە ئەداتی سەرکوتکردنی جەستەیی و مەعنەویی تاکی ئێمە.
جارێکیش کە سەدەیەکە دۆڕان لەسەر دۆڕان بۆمانی تۆمارئەکاو کە ئەوەش پرۆسەی کەڵەکەکردنی شکانە لەناو کەسایەتی ئێمەدا.
5- گەورەترین وەهم کە چەک بۆی دروستکردووین، وەهمی ئازایەتییە!
لە
کاتێکا ئازایەتی هەر ئەوەیە کە جارێک لە جارەکان بیبەینەوە، بەڵام ئێمە هەر دۆڕاوین و تەواوی چیرۆک و داستانی قارەمانێتیمان بە شکست کۆتایی هاتووە!
لەکاتێکا ئازایەتی هەر ئەوەیە کە شەڕکەری سەربەخۆبین، بەڵام بەخۆشیی خۆمانبێ یان بەناچاریی هەر مورتەزەقەو شەڕکەری ئەموئەوین.
6- ئەی چەک دانێین چیبکەین تەسلیم بین؟؟
ئەمە ئەو پرسیارەیە کە یەکسەر دێتە پێش، چونکە دوای سەدەیەک شکست، هێشتا لەوە تێنەگەیشتووین کە چەک بەرگریی نیە!!
چونکە دوای سەدەیەک دۆڕان، هێشتا تێنەگەیشتووین کە ئێمە (تەسلیمبوونمان بە چەک) ئەو قەڕنە شکانەی بۆ هێناوین!
ئەگەر یەکجار تێبگەین، ئیتر چەکدانان نابێتە تەسلیمبوون، بەڵکو ئەبێتە کۆتاییهێنان بە تەسلیمبوون! نابێتە کۆتایی بەرگری، بەڵکو ئەبێتە کۆتایی شکست.
7- لە سیاسەت و سیستەمی ئێستای جیهاندا (هەمیشە ئەخلاق بەرامبەر بەرژەوەندی دۆڕاوە، هەمیشە کاراکتەری نادەوڵەتی بەرامبەر دەوڵەت دۆڕاوە، هەمیشە چەکهەڵگرتن دۆڕانە) ئەمانە ئەگەر بۆ خەڵکی تر بە ڕیژەیی وابن، بۆ ئێمە لە سەتا سەت و بە موتڵەقیی وان!
جا پێویستە کورد یەکجار لەو کەوانەیە تێبگاو لەسەر ئەساسی ئەو تێگەیشتنە، سیاسەتێکی تر دەستپێبکات.
8- گەورەترین ڕووداو لە مێژووی کوردا ڕووبدا ئەوەیە کە کوردی هەر چوارپارچە چەک فڕێدەن و حیزبی هەر چوارپارچە خۆیان هەڵوەشێننەوەو کورد سەقفی داواکاری سیاسیی دابەزێنن بۆ داواکاری کولتوریی!
ئەم سیستەمەی ئێستای جیهان جسمی سیاسیی کورد قبوڵناکات، کورد تەنیا ئەبێ بمێنێتەوەو خۆی هەڵگرێ بۆ سەردەمێک و نیزامێکی تر، زمانیش کەفالەتی ئەم مانەوەیەی نەتەوە زۆر بەباشیی ئەکات!
لە هەر چوارپارچەکە جگە لە زمانی کوردی، ماباقی ئەو مافانەی تر کە هەمانە یان نیمانەو داوای ئەکەین، هەرهەمووی سەرئێشەیەو بارە بەسەر شانمانەوە، تا زووتر دەسیان لێهەڵگرین، قازانجێکی وجودییە بۆ ئێمە!
ئەگەر لە سایەی داوا سیاسییەکاندا شار لەدوای شارمان وەکو عەفرینی لێبکرێ، ئیتر ئێمە ئینقیراز ئەکەین و ناگەینە سەردەمێکی ترو سیستەمێکی تری جیهان.
9- ئەگەر دنیاو دەوڵەتانی سەردەستیش لێمانگەڕێن، ئێمە هەر لە زاتی خۆماندا هێشتا ئەهلی حکومڕانیی نین، ئێمە کە پارچەیەکمان ئەکەوێتە دەست، بەرێوەی نابەین داگیری ئەکەین!
ئێستا لە باشور دوو پارچەی داگیرکراومان لەلایەن دوو حیزبەوە هەیە، ڕۆژئاوا ئەگەرچی هاوسۆزییەکی زۆرمان بۆی هەیە، بەڵام لەڕاستیدا داگیرکراوی ئایدۆلۆژی و چەکداریی پەیەدەیەو لەولاوە ئەنەکەسەش لە هەوڵی داگیرکاری خۆیدایە! وردیکەینەوە داگیرکارییەکە تا گوندو گردیش ئەڕوا..
ئەمەوێ بڵێم بە پێوەری ناعەدالەتی ئەم دنیایە نا، بە پێوەری عەدالەتیشبێ، ئێمە هێشتا شایەنی خۆبەڕیوەبەریی نین، مەغۆلەکان چۆن ئەیاندا بەسەر خاک و خەڵکی ترا، ئێمە ئا وا ئەدەین بەسەر خاک و خەڵکی خۆمانا.
10- بەشێکی کەسایەتی توندوتیژی ئێمە پەیوەندی بە چەکەوە هەیە، ئاخر لە سایەی ئەدەبیاتی بەرگریدا چەک هەمیشە ئامادەیەو لەنێوان ئامادەیی چەک و بەکارهێنانیشیدا قۆناغێکی ترنیە، بۆیە وا زوو بەرامبەر یەک بەکاری ئەهێنین!
بەشێکی بێ عەقڵیی ئێمە هۆکارەکەی چەکە، چونکە مرۆڤ لە بیرکردنەوەدا بۆ خاڵی هێز ئەگەڕێ و کە چەکیش ئامادەبوو ئیتر وائەزانیت هێز ئامادەیە، ئیتر بیریش ناکەیتەوەو لەوە تێناگەیت کە هێز عەقڵە!
بەشێکی خۆخۆریی و سەقافەتی یەکترسڕینەوەمان پەیوەندی بە چەکەوە هەیە، چونکە لە وجودی چەکدا پێمانوایە ئەتوانین نەیارەکان لەناوبەرین و دنیا یەکڕەنگ بکەین.
بەشێکی خۆبەکەمزانی ئێمە، دیسان پەیوەندی بە چەکەوە هەیە، چونکە ئێمەی نادەوڵەت بەرهەمهێنەر یان کڕیاری چەک نین، بەڵکو سواڵکەری چەکین، سواڵکەری چەکیش لە باشترین حاڵدا جاش و مورتەزەقەیە.
ئەمەوێ بڵێم لەگەڵ دانانی چەکدا کەسایەتییەکی تری ئێمە لەدایک ئەبێت، کە کەسایەتییەکی ئارامەو ئەشێ ئەو ئارامییەش زۆر شت بهێنێ کە چەک هەزار ساڵی تریش نایهێنێ!
11- (دواجار سەرکەوتن نا، سەلامەتی بۆ ڕۆژئاڤا.)
ئاخر چیتر چیرۆکەکانی سەرکەوتنم بۆ گرنگ نیە، ئەوەی کە هەمیشە بە خوین ئەنوسرێنەوەو هەر ئەمەش بۆخۆی دۆڕانە ئەگەرچی براوەی شەڕیش بیت، لەکاتێکا ئێمە لە شەڕەکەشا هەر دۆڕاوین!
کورد خۆی ئەڵێ لە هەر خەسارەتێ عەقڵێ، کەچی لە سەدەیک خەسارەتی چەک عەقڵێ وەرناگرێ[1].