”کاتێک لە فەرمانگەیەک داوای ناسنامەم لێدەکەن، دڵم لەسەر هەزار لێدەدات، جارێک فەرمانبەرەکە کە بینیی نوسراوە (تەڵاقدراو) ناسنامەکەی دامەوە لەگەڵ کاغەزێکی بچکۆڵە کە ژمارەی مۆبایلی خۆیی لەسەر نوسیبوو”. ئەمە قسەی بێوەژنێکی گەنجە.
دەیان نموونەی وەک ئەم فەرمانبەرە ڕۆژانە یەخەی بێوەژنەکان دەگرێت و دەیانخاتە بەردەم ئەو حوکمە ناشرینەی کە کۆمەڵگە داویەتی و دەیدات لەسەر بێوەژنەکان.
لە ماوەی پێشوودا، مشتومڕێکی زۆر لەسەر وشەی بێوەژن دروست ببوو، ئەمەش لە دوای ئەو هەوڵانەی کە لە لایەن ڕێکخراوێکی مەدەنییەوە دەدرا بۆ گۆڕینی وشەی بێوەژن بۆ بێهاوژین.
من نامەوێت بچمەوە سەر ئەو باس وخواسانەی لەو کاتەدا لەسەر ئەم دوو چەمکە کرا، کە زۆربەی گرفت و باسەکە مەسەلەی زمانە و لە دەرەوەی کار و شارەزایی منە، ئەوەی من دەمەوێت باسی بکەم ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکەی وشەی بێوەژنە.
وشەی بێوەژن وەک تانەیەکی سێکسی، وەک جنێوێکی کۆمەڵایەتی، وەک ئاماژەیەک بۆ سوێبوونەوە بۆ پیاو، وەک تاکباڵی و ئیحتیاج بوون، لە هەموویشی خراپتر، بێساحێبی وەک دەرگایەکی کراوە و ماڵێکی بەجێهێڵراو، کە کۆمەڵگە بە چاوی تەماع و سووک لێی دەڕوانێت. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی کۆمەڵگەی خۆمان و بپرسین: بێوەژنەکان کێن؟
دەتوانین بڵێین، مێژووی کورد پڕاو پڕە لە جەنگ و کوشتار، بە شێوەیەکی نیمچە بەردەوام کورد لە دۆخی بەرگریدا بووە و پیاوەکان قوربانیی یەکەمی ئەم کوشتار و جەنگانە بوون و لە هەمانکاتیشدا هەر ئەوان زۆربەی هێزی کاریان پێکهێناوە و ژنەکان زیاتر بە کاروباری ماڵەوە و منداڵ بەخێوکردنەوە سەرقاڵ بوون.
لە هەموو جەنگەکان، پیاوە گەنجەکان شەهید دەبوون و ژن و منداڵەکانیشیان لە دوای خۆیان جێهێشتوە.
بەو پێیەی کە تا ئێستاش لەم کۆمەڵگەیەدا تەڵاقدان بە ئاسایی و ئاسانی وەرناگیرێت، بۆیە دەبێت زۆرترین ژمارەی بێوەژنەکان، ژنە شەهید بووبن، نەک تەڵاقدراو.
کەواتە باوترین وێنەی بێوەژن، ئەو ژنە گەنجەیە، کە چەند منداڵێکی هەبووە و مێردەکەی لەدەستداوە.
لێرەوە دەتوانین لە جیاتی ئەوەی لە دۆخی بێوەژنەکان ورد ببینەوە، بە چاوێکی ڕەخنەگرانە و ئازایانە دان بەوەدا بنێین، کە ئەو گرفتەی وشەی بێوەژن هەیەتی، دەگەڕێتەوە بۆ لایەنێکی بێڕەوشتی ناو خەڵک و کۆمەڵگە، ئەوەی لەم هاوکێشەیەدا نائاساییە، بێوەژنەکە نییە، بەڵکوو ئەو کۆمەڵگەیەیە، کە بە چاوێکی ناشایستە تەماشای ژنی قارەمانە شەهیدەکانی خۆیی کردوە، کە لە پێناو وڵاتدا شەهید بوون.
هەر لە خاوەن ماڵەوە تەماعی تێکردوە، تا دراوسێ و سەوزەفرۆش و گۆشتفرۆش و مامۆستای منداڵەکانی و … هتد، ژنەکانیش بە گشتی کەوتوونەتە دژایەتیکردنی و وەک ئەوە سەیریان کردوە، کە لە کەمیندایە بۆ مێردەکانیان.
بێوەژنەکان تەنیا دەمێننەوە!
لەم سەردەمی پێشکەوتن و تەکنەلۆژیایەدا و کاتێک ژنانی ئازا و ئازاد دەرکەوتوون و دەتوانن بڕیاری گەورە لەسەر ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان بدەن و دەنگ و هەڵوێستی باڵا وەربگرن، ئیتر بەو وێنە کۆنە ناشرینە هەرزانە، ڕازی نابن و زۆربەی جار بە توڕەیی بەرانبەری دەوەستنەوە و ڕەفز دەکەن، کە ئەوان ئەو بێوەژنە بن، کە لە بەند و گۆرانی فۆلکلۆری بە دەستی دوو و بەکارهاتوو ناودەبرێن.
لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا، چەمکی (سنگڵ مام) بەکاردەهێنرێت، بۆ دایکە تاک باڵەکان، کە بە تەنیا منداڵەکانیان بەخێو دەکەن، ئەم ناوە پڕە لە ڕێزگرتن و ئەم ژنانە بە تەقدیرەوە تەماشا دەکرێن.
لە کاتێکدا کە زۆرینەی دانیشتوانی ئەم کۆمەڵگەیە موسوڵمانن و ئایینی ئیسلام بە بایەخەوە باس لە بێوەژن دەکات و خەڵکیش بە گشتی خۆیان بە پابەند دەزانن، کەچی ئەوەندەی وشەی بێوەژن لە هزری کۆمەڵگەدا نیشانەیەکە بۆ ئەوەی ئەو ئافرەتە (کراوەیە)، ئەوەندە نیشانەیەک نییە بۆ دۆخە کۆمەڵایەتیەکەی.
گرفتی وشەی بێوەژن لە خودی وشەکە و ماناکەیدا نییە، بەڵکوو لەو شوێنەدایە کە کۆمەڵگە بەکاری دەهێنێت.
بەداخەوە، کاتێک ناوی بێوەژن دێت، دوو وێنە دەکەوێتە بەرچاو، یان ژنێکی سەرەڕۆ و بەرەڵا، یانیش بێدەستەڵات و سواڵکەر.
لە هەردوو حاڵەتەکەشدا، ژمارەیەکی بێشومار لە پیاوەکان وەک گورگ بۆی ڕاوەستاون و لەوان زیاتریش ژنەکان کە زیاتر لەناو کۆمەڵگەدا بیانخەنە بەر هێرش و تانە و تەشەر،
هەر بۆیەش بێوەژنەکان کاتێک ئەو وشەیە ڕەتدەکەنەوە، بۆ بەرگریکردنە لە خۆیان بەرانبەر مانایەک، کە وەک کراسێکی بێبەها لە هەبوونیان جەڕیوە و بە کەڵکیان نایەت[1].
09-06-2019