هاونیشتمانانی خۆشەویست
پابەندیی و خۆپارێزیتان، خۆڕاگریی و خۆبەخشیتان، نیشانەی هۆشیاریی و دانشمەندیی و گیانی بەرزی بەرپرسیارێتیانە، بۆیە شایانی سوپاس و ستایش و پێزانینێکی زۆرن، کە بەهۆی خۆڕاگریتانەوە بە پشتیوانی خوداو هیمەتی مەردان، دۆخە سەختەکان پێدەنێنە قۆناغەکانی کۆتایی.
ئەم کارەساتەی لەڕێی ئەم پەتایەوە بەسەر مرۆڤایەتیدا هاتووە، وانەی نوێ و بەبیرداهێنانەوەی ئەزمون و کەلتورە جوانەکانی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، هەر لە چارەنووسی هاوبەشەوە، تا دەگاتەوە بەیەکەوە ڕووبەڕووبوونەوەو، یەکتر خۆشویستن و ئەزمون ئاڵوگۆڕکردن، هەوڵدان بۆ زاڵبوون لە هەموو کەس و پنتێکدا بۆئەوەی هەڕەشەکان جارێکیتر دووبارەنەبنەوە.
لەهەمان کاتدا ئەم دۆخە تەندروستیەی ئێستا بەسەر جیهاندا هاتووە، دۆخێکی ئابووری نوێشی لەگەڵ خۆیدا هێناوه و لە ئایندەیەکی نزیکدا دۆخێکی نوێتر دەهێنێتە کایەوە، کە پێویست دەکات سەبەتەی خۆراکیی و چارەسەرسازیی و ئاسایشی ئابووریش، بەهەمان شێوەی ئاسایشی تەندروستیی ڕێکبخەین و یەکبخەین.
بۆیە دڵسۆزانه و خزمەتکارانە، داوا لە هەموو ئێوەی ئازیز دەکەم، کە کۆتایی بە بەهەدەردانی خۆراک و پێداویستیەکانی ڕۆژانە بهێنن، ئەوەندە بەکاربهێنن کە پێویستیانە، بۆئەوەی هیچ بەش و ژەمەخۆراکێک زیاد لە پێویست نەبێت و نەکرێتە سەبەتەی خۆڵەکانەوە، هەروەها داواتان لێدەکەین زیاد لە پێویستی خۆتان و خۆراک و پێداویستیەکان مەکڕن، چونکە هەموو ئەمانە ئەگەری خراپبوون و کۆنبوون و بەسەرچوونیان هەیه و سەرەتایەکی ترسناک دەبن بۆ برەودان بە گیانی خۆپەرستیی و خوڵقاندنی قەیرانی ئابووریی.
داوا لە مارکێت و دوکانەکان دەکەین، زیاد لە پێویستی خۆیان و خواستی کڕیارەکانیان خۆراک و کەلوپەلی پێویست تاقت نەکەن، چونکە لە ئەگەری هەر خراپبوون و تێکچوونێکدا خۆیان بەرپرسیار دەبن و زیان بە ئاسایشی خۆراک و ئابووریی نیشتمانی دەگەیەنن.
داوا لە کۆمپانیا بازرگانیەکانی خۆراک و پێداویستیە سەرەکیەکانیش دەکەین بەهەمان گیانی مرۆڤدۆستیی و نیشتمانیانەیانەوە بەردەوامبن لە دابینکردنی پێداویستیەکان و بە بەرنامەیەکی شیاو بەردەوامیی بە سوڕی بازرگانیی و ئابووریی و دابینکردنی پێداویستیەکان بدەن وەک لە کۆبوونەوەماندا لەگەڵ بەڕێزتاندا دیاریمانکردووە.
هەموولا دڵنیا دەکەینەوە، کە جوڵه و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی بەردەوامە، خۆراک و سوتەمەنیی و کاڵاو پێداویستیەکان بە قەبارەی زۆرو شیاو لەبەردەستدان، هەموویان لەژێر کۆنترۆڵی وردی چاودێری نرخ و جۆرو قەباره و دابەشکردنی شیاوانەدان، بە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، جیهان دوچاری دۆخێکی سەختی ئابووریی و بازرگانیی دەبێت، بەڵام سوپاس بۆ خودا، هەرێمی کوردستان دەرفەتی ئەوەی دەبێت، کە وەک ناوچەیەکی ئارامی پاکی تەندروستیی ببێتە ناوەندێکی بازرگانیی و ئابووریی گرنگ.
بۆیە خۆپارێزیی و پابەندیتان، بەهێزکردنی کەلتوری دەستپێوەگرتن و بەهەدەرنەدان و لەخۆگرتنەوە، ئەوەندەی تر زەمینەی ئه و دەرفەتە نێودەوڵەتیانە، لە ناوخۆدا پتەوو بەهێزو لەبار دەکات.
شادو سەربەرزو سەرکەوتوو بن..
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری #سلێمانی#
#26-03-2020#