یەکەم پرۆژەی خانووی شوشەیی کشتوکاڵی لە #هەولێر# نزیکە لە تەواوبوون کە 75 خانوون و لەسەر ڕووبەری 700 هەزار مەتر چوارگۆشە دروستدەکرێن. بە تەواوبوونی پرۆژەکەش هەلی کار بۆ نزیکەی دوو هەزار کەس دەڕەخسێندرێت.
تێچووی هەر خانوویەکی شوشەیی سێ ملیۆن و 200 هەزار یۆرۆیە. کارکردنیان بە سیستەمی زیرەکە و بەپێی ستانداردی کشتوکاڵیی جیهانییە کە نوێترین تەکنەلۆژیای کشتوکاڵی تێدا بەکاردەهێندرێت. کۆمپانیای HORTI XS هۆڵەندی ئەرکی سەرپەرشتیکردنی پرۆژەکەی گرتووەتە ئەستۆ.
خانووی شوشەیی کشتوکاڵی لە هەولێر لە باشووری کوردستان
|
|
|
|
لە کاتی تەوابوونی ئەو پرۆژەیە، هەر مەترێک چوارگۆشە چوار ئەوەندەی مەترێکی ئاسایی بە کوالێتی و جۆر و بڕی خوازراو لە هەر چوار وەرزی ساڵ بەرهەم دەدات.
نەواز نازم دەباغ، هاوئاهەنگیکاری پرۆژەکە دەڵێت، ئێمە لە هەموو وەرزەکان دەتوانین بەرهەممان هەبێت، چونکە لە ڕووی سمارت تەکنەلۆژییەوە تۆ دەتوانی کۆنترۆڵی هەمووشتێک بکەیت وەک: چەند ئاوی تێدابێت، مینراڵەکەی چەند بێت، چەند نیوترێنتی تێدابێت، چەند تیشکی خۆر لێی بدات یان دیاریکردنی پلەی گەرمی و ساردی. ئەوە هەمووی لە ڕێگەی کۆمپیوتەرەوە دەکرێت.
خانووی شوشەیی کشتوکاڵیی هەولێر بەشێکە لە پرۆژەی عەلوەی نوێ و هاوچەرخی هەولێر کە خاون گەورەترین سەنتەری توێژینەوەی کشتوکاڵی و خانووی شوشەیی دەبێت لە ناوچەکە. تیمێکی ئەندازیاری و کشتوکاڵیی هۆڵەندی سەرپەرشتیی پرۆژەکە دەکەن، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەخەی هاتووچۆ گەڕاونەتەوە هۆڵەندا. بەڵام ئەندازیارانی کورد ڕۆژانە هەشت کاژێر کاردەکەن و بەردەوامن لە تەواوکردنی پرۆژەکە.
خانووە شووشەییەکان لە ساڵێکدا 10 مانگ بەرهەمیان دەبێت، لە هاویندا دوو مانگ کاری چاککردنەوەیان بۆ دەکرێت، لە قۆناخی یەکەمی پرۆژەکە کار لەسەر چوار بەرهەمی کشوکاڵی دەکرێت کە تەماتەی بچووک، بیبەر، خەیار و شلیکن.
بەشی یەکەمی پرۆژەکە کە دوو خانووی شووشەییە لە دوومانگی داهاتوو تەواو دەبن، بەشەکانی دیکەشی دوای تەواوبوونی بەشی یەکەم کارکردن تێیاندا دەستپێدەکاتەوە.[1]