کارگەکانی جگەرە لەهەرێم لەناوبران و ساڵانە بایی ملیۆنان دۆلار جگەرە هاوردە دەکرێت
#ڕەسوڵ بۆسکێنی#
خاکی کوردستان خاکێکی نەرمان و بەپیت و گونجاوە بۆ کشتوکاڵ، بەپێی کات و سەردەم و پێویستی دانیشتوانەکەی هەرچیان مەبەست بووبێ چاندوویانه و پێویستی خۆیان جێبەجێ کردووە، لەبژێوی و گەشەکردنی ئابووری وڵات و لایەنی بازرگانی، بەم پێیە لەگەڵ ناسینی تووتن، بەپێی ڕێنمایی حکومەت و بەهۆی سوودو بڕشتی بەرهەمەکەی، خەڵک ڕوویان لەچاندن و بەرهەمهێنانی تووتن کردووە، هەناردەکردن و نایابی بەرهەمی تووتنی کوردستان و داخوازی لەسەر بەرهەمەکەی، حکومەتی عیراقی گەیاندە ئه و ڕایەی زیاتر گرنگی بەبواری تووتن بدات و ئاوڕ لەناوچەکە بداتەوە، لەبەرئەوە حکو مەتی عیراق بەپێویستی زانی کارگەی جگەرەی #سلێمانی# وەک یەکەم کارگەی پیشەسازی لەساڵی1951 بەردی بناغەی دانرا، لەسەر شەقامی سالم، شوێنەکەی لەباشترین شوێنی سلێمانییە و تائێستاش هەر بەکارگەی جگەرە ناودەبرێت، کارگەکە تەواوکراو له1961 بەرهەمی جگەرەی خستە بازاڕەوە، دواتریش کارگەی جگەرەی #هەولێر# بنیات نرا، ڕۆژانە لەکارگەی جگەرەی سلێمانی دەزگەکان بەکاردەخران و لەهاتوچۆی کارمەند جمەی دەهات، بووە هۆی دابینکردنی هەلی کار بۆ سەدان خێزان، ڕۆژانە هەزارو750 کارمەند خەریکی بەرهەمهێنانی جگەرە بوون، کارگەی جگەرە ڕۆژبەڕۆژ لەگەشەکردن دابوو، زۆرترین بەرهەمیان دەخستەبازاڕەوە، بەرهەمی هەردوو کارگەی جگەرەی سلێمانی و هەولێر لەساڵی1989 زیاتر لە72 ملیۆن گڵۆز جگەرەبووە، ئەمەش بۆ ناوچەکە هەلێکی باش بوو، لەگەڵ بەرهەمهێنانی جگەرە سەرەڕای بواری پیشەسازی، کەرتی کشتوکاڵیش گەشەی کرد.
لەکاتی خۆیدا کارگەی جگەرە ڕۆڵی باشی بینی لەبوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵی و ڕەخساندنی هەلی کار لەڕێگای برەودان بەزەوییە کشتوکاڵییەکان، بەتایبەت لەچاندن و بەرهەمهێنانی تووتن، بەشێکی زۆری زەوی کشتوکاڵی سنووری پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی و هەرێم بەگشتی توتنیان بۆ ئه و کارگەیە بەرهەمدەهێنا، بەڵام بەهۆی گۆڕینی سیاسەتی پیشەسازی لەکەرتی حکومییەوه بۆ کەرتی تایبەت، حکومەتی هەرێمی کوردستان کارگەکانی جگەرەی داخستن، سەرباری پەکخستنی بەرهەمی جگەرە، کارمەندەکانی کارگەکەش بوونە بارێکی قورس بەسەریەوە.
#بەرهەمەکانی کارگەی جگەرەی سلێمانی#
بەخستنە بازاڕی بەرهەمی یەکەمین کارگەی جگەرە، سلێمانی ڕۆڵێکی گرنگی بینی لەبواری پیشەسازی تووتن و بۆ ماوەیەکی زۆر پێشەنگایەتی لەسەر ئاستی پارێزگاکان تۆمارکرد، کارگەی جگەرەی سلێمانی یەکەمین بەرهەمی خۆی بەناوی جگەرەی (شعار) خستە بازاڕەوە، دواتریش هەر لەژێر ئه و گۆرانکارییانەدا چەندین ناوو جۆری تری جگەرەی بەرهەمهێنا، کەبریتی بوون لە: (جگەرەی غازی، جمهوری داڵ، سۆمەری مقەبا سپێشڵ، بەغدای مقەبا سپێشڵ، سۆمەرو بەغداو پاکەت ڕەقیشی هەبووە، ڕِانیە...هتد) لەپاش ڕاپەرینی گەلی کوردستان جارێکی تر هەوڵی بنیات نانەوه و خستنەگەرِی کارگە دراو یەکەمین بەرهەمی سەردەمی حوکمرِانی کوردی بەناوی (سان) خستەبازاڕ. بەردەوام نەبوونی کارگەی ئیفلیج کرد، ئەگینا دەیتوانی بەشداری دابین کردنی بڕێکی زۆر لەمووچەی فەرمانبەران بکات.
داخستنی کارگەکانی جگەرەی هەرێمی کوردستان
هەردوو کارگەی جگەرەی هەولێر و سلێمانی دەیتوانی باشترین بەشداری بکات، لەبوژانەوەی وڵات و بەگەڕخستنی لایەنی ئابووری، لەکاتێکدا کارگەی جگەرە کرداری سووتاندن و کەمترین زیانی ژینگەی نییە، کەچی بە بیانووی پیسکردنی ژینگه و پێویست نەبوونی کارگەی جگەرە، لەبری برەودان بەکاری بەرهەمهێنانی جگەرە، هەردوو کارگەی هەولێرو سلێمانی داخران و لەکار وەستێنران، لە 30/4/2002 کارگەکەی جگەرەی هەولێر درا بەکەرتی تایبەت و لە31/3/2013یش کارگەی جگەرەی سلێمانی کرایە دیاریی ناسناوی پایتەختی ڕۆشنبیری، بەمەبەستی کردنەوەی سەنتەرێکی کولتووری لەپایتەختی ڕۆشنبیری، خاوەندارێتی کارگەی جگەرەی سلێمانی لەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی گواستەوە بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان.
ئه و بڕیارەی حکومەت لەداخستنی کارگەکانی بەهەمهێنانی جگەرە لەکاتێکدایە کارگەی جگەرە یەکێکە لەپڕداهاتترین کارگە پیشەسازییەکانی دنیا، بەرهەمهێنانی جگەرە بەهیچ جۆرێک زیان ناکات، وەک دەگوترێ ئەگەر بەرهەمی زێڕ100% قازانجی بێت، ئەوا بەرهەمی تووتن و جگەرە 500%ی قازانجە.
بەهەندنەگرتن و داخستنی کارگەکانی جگەرە، بەرهەمهێنانی تووتنیشی بەیەکجاری لەناوبردو بووە هۆی شکستی بەرهەمهێنانی تووتنی کوردستان و پەکخستنی کەرتی کشتوکاڵ و بێکارمانەوەی هەزاران جوتیار و شکستی بەرهەمهێنانی جگەرەی ناوخۆ، سەرەڕای کێشەی تەندروستی، جگەلە زیانەکانی داخستنی کارگەکانی جگەرەی هەرێم، ئێستا ساڵانە بایی ملیۆنان دۆلار جگەرە لەدەرەوە هاوردە دەکرێت، کاتێ کوردستان خاوەن کارگه و بەرهەمهێنانی تووتن بوو، بڕێکی کەمی پارەکەی بۆ هاوردەی جگەرە دەڕۆیشتە دەرەوە، بەڵام ئێستا ڕۆژانە لەسنوورەکان بەلێشاو پاکەت دێتە کوردستانەوە، جگەرەی تێکەڵ بەمادەی کیمیایی و نەپشکنراو هاوردەی کوردستان دەکرێت، دەکرا حکومەتی هەرێم گرنگی زیاتر به و کارگانە بدات و بەرهەمی ئه و کارگانە لەبووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریدا کەڵکیان لێ وەربگیرێت.
$هەرێمی کوردستان و باشترین جۆری تووتن$
بێگومان هەرێمی کوردستان خاوەنی باشترین تووتن و جۆری ئه و تووتنەی لەکوردستان بەرهەم هاتووە، سەرتۆپی تووتنەکانی دنیابووە، بەهۆی گەڵای بۆندارو سروشتی وەک تووتنێکی ناوازە ناسراوە. بەپێی زانیارییەکان باشترین تایبەتمەندی تووتنی کوردستان تێکەڵ نەبوونی بەمادەی کیمیایی، پسپۆڕانی تووتنی سەرسام کردووە، چونکە تووتنی بەرهەم هاتووی پێشووی کوردستان، هیچ مادەیەکی کیمیایی و ناکیمیایی لەگەڵیدا ناتوێتەوە، بەم پێیە زیانی کەمترە له و جگەرانەی مادەی کیمیایییان لەگەڵ تێکەڵ کراوه و ئێستا لەبازاڕەکانی کوردستان دەفرۆشرێن.
بێگومان سەرچاوەکانی ئابووریی وڵات زۆرن و لەم ڕووەوە تووتن کۆڵەگەیەکی پتەوە، بەتایبەت کەکوردستان کەشوهەوایەکی لەباری بۆ چاندنی تووتن هەیە، ئێستا کەتەنگژەی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەجۆرێک دەستەوەستان کردووە، پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی بۆ سەختە، ئاوڕدانەوە لەکەرتی کشتوکاڵ و بڕەودان بەبەرهەمی تووتن، جگەلە دابین کردنی هەلی کار بۆ هەزاران جوتیارو کرێکارو فەرمانبەر، دەکرێت لەبنیاتنانەوه و پتەوکردنی ژێرخانی ئابووریی پشتی پێ ببەسترێ و کارگەکانیشی وەگەڕ بخرێتەوە.[1]