قوماش 56
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
وەزعەکم بەسەرهات کافر بەسەری نێ، هەندم فرمێسک ڕێشت هەتا خوا دەرێ بەس، وەختەکی هەستم کرد چاوم هیشک بووە و ئاوی لێ نایێ، داکم هات لە دەرکەی داو هاتە ژۆرێ، لای سەرم دانیشت و تێر تێر گریا، بە هەردوو دەستی سەری دەشێلام و دری دەدامەوە، گێم لە دەنگی بابم بوو، بە چاوی پڕ لەگریان سورەتی یوسفی دەخیند، کە گەیشتە ئەو ئایەتەی دەرێ یەعقوب لە دووری یوسفی چاوی سپی ببوو، بابم لە پڕمەی گریانێی داو بەرگەی نەگرت، وازی لە قورئان خیندنێ هیناو هاتە ژۆرەکەی من و لای سەرم دانیشت و تێر تێر گریا، ئەمن ئەوەم باشبوو داکم و بابم لێم تێدەگەیشتن و هەستیان بە گەرمی ئاگری هەناوم دەکرد، باشە ئەگەر ئەوان لێم تێنەگەیشتبان و فشەیان بەوەزعەکەی بهاتبا چم دەکرد، ئای برینم چەند قۆرە و چەند بە ئازارە، زۆر قورسە لەو ژیانە کورتەی بەدری خۆت ئێکەکی هەربژێری، کەچی سەگبابەکت لێ پەیدابی و خەونەکانت تەفروتوونا بکا!
سێ چار ڕۆژ تێپەڕی بەسەر ئەو وەزعەی، ئەمن بەس وەختی نوێژێ دەهاتمە دەرێ، دەسنوێژم دەشووشت و نوێژ دەکرد و دەچوومەوە ژۆرێ، وەختی جەمێ داکم و بابم بەینەکی باش ڕجایان دەکرد پارە نانەکی بخۆم، لەبەر دری وان دەچووم لەسەر سفرەی دادەنیشتم، لەگەر پارووی یەکەم هەموو برینم لێک هەردەوەشاوە و ئاگرم لە هەناوی بەردەبوو، بە چاوی پڕ فرمێسک دەچوومەوە ژۆرەکەی خۆم، چەند خەمم لۆ خۆم خوارد، سەت ئەوەندەش لۆ هەورینی، ئەو هەورینەی دەتگۆ ناسکە نانە و لەپەلکی گوری تەنکتر بوو، ئێستا کەتیتە باوەشی جاشەکی خۆ فرۆشی سەر و سمێر بۆیاغ کرای، لە هەمووش ناخۆشتر بێجگە لە هەورینی دوو ژنی دی هەیە، ئەوەی خیندەواری و ڕۆشنبیریش بی نیتی، قسەی خۆشی سەگباب و قەحپەباب بوو، لە هێوارێ هەتا نیوەی شەوێ لەگەر ئەمن و ڕەفیق حزبیان خەریکی ئارەق خواردنەوە و قومار کردنی بوو، دەوەرە ئەو هەورینە ناسکە بکەوتە دەست زەلامی ئەوها!
ئای ژیان چەند قورسە، برینم نەک ساڕێژ نەدەبوو، بەرکوو فرمێسکەکانم دەبوونە خێ و دەناو برینم دا دەچوونە خوارێ! جیرانەکانیش هەستیان بەو وەزعەی من کرد و زەکیەی جیرانمان هات لە دیارم دانیشت و تێر تێر گریا، جیرانەتی پێشان ئەوها بوو، هەموو هەستیان پێکدەکرد و بەشداری خەم و خۆشی ئێکدیان دەکرد، زەکیە دری دەدامەوە و دەیگۆ کوڕم ورەت بەرزبی، ئیشاڵلا خوا ئێکی زۆر لەوی باشترت بە نسیب دەکا، قادری جیرانیشمان زوو زوو دەهات لەگەر بابم دادەنیشت و دری دەداوە، بابم بچووبا مزگەفتێ ئیللا لەگەری دەچوو! ئەمن لەناو ئەو هەموو خەمەی دەسووتام و دەتاوامەوە، پلە زەکیەش دەستی لە گیرفانی ڕاکرد و گۆتی: کوڕی گەورەم، دەها ئەو پرتەقارەی بخۆ، بە دەستی خۆم لە دار پرتەقارەکەی حەوشێم کردیتەوە، وەکی چاوم بە پرتەقارەکەی کەت، ئاگرم لە هەناوی بەربوو، سەرم برند کرد و وامزانی وا هەورین لە بەرامبەرم ڕاوەستایە، زەردەخەنەکی کردو گۆتی: پرتەقار کوی!
حەفتەک بەسەر ئەو وەزعەی تێپەڕی، ویستم بەخۆم بچم تەئکید بکەم بزانم هەورین مێردی بەو سەرۆک جاشەی کردیە یان نا، پاش نیوڕانەکی جلکم گۆڕی و لە ژۆری خۆم هاتمە دەرێ، داکم چاوی بەمن کەت، هات و گۆتی: کێوە دەچی ڕۆرە؟ گۆتم: دەچمە ماری قادرە فەندی، دەمەوێ تەئکید بکەم بزانم هەورین مێردی بەو کابرایەی کردیە یان نا! داکم گۆتی: کوڕی گەورەم بەگێی من دەکەی ناچی، نەکوو ئەو پیاوە لە ماریان بی و چاوی بەتوو بکەوی و چشتەکت لێبکا، گۆتم: ئیشاڵلا هیچ نابی، گۆتی: ئەتوو ماری قادرە فەندی پێ دەزانی؟ گۆتم لەگەر شێرۆی دەچم، ئەدی ئەو بابمی نەبردبوو، گۆتی: باشە کوڕم باشە، بەران زۆرت ئاگا لەخۆبی، گۆتم: بەتەمای خوای، خواحافیز!
چوومە دەرێ، تەماشام کرد تڕومبێلەکەی شێرۆی برین پێچ لە پێش دەرکەیە، چووم لە دەرکەم دا، فەرهادی کوڕی هاتە دەرێ، گۆتم: بابت چدەکا؟ گۆتی: وا ڕدێنی دەتراشی، دە فەرموو وەرە ژۆرێ، چوومە ژۆرێ دیتم شێرۆ جغارەکی بە لالێوی وەیە و فانیلەکی عەللاگەی کوون کوونی لەبەرە و تاقمەو تراشی دانایە و ڕدێنی دەتراشی، هەردوو ڕوومەتی سپی دەچوو لەگەر کەفی، لا ڕوومەتەکی پڕی با کردبوو، هێدی هێدی دەیتراشی، سەلامم لێکرد و گۆتی: یا هەلە بیلعاشق، وەرە دانیشە وەرە! لە تەنیشتی دانیشتم، گۆم: ئەتوو مادام ڕدێنت دەتراشی دە جغارەکەی لە دەوت کەوە ڕەحمەت لە بابت! گۆتی: دختۆر شێرۆ بەخۆی ئیشی خۆی باش دەزانی و بەخۆی دەزانی چدەکا! ئێستا پێمبرێ خێرە ڕێت غەرەت کردیە؟ گۆتم: بمبە ئەو مارەی کە بابم چوو لە ئازادی، گۆتی: بەچاوان بەس با ڕدێنم بتراشم، گۆتم: زۆر باشە! گۆتی: ئەتوو ڕدێنت ناتراشی؟ گۆتم: نەخێر، گۆتی: بەگێی من دەکەی دەتراشی، با تووشی کێشەکی نەبی، بەخۆت نازانی ئەو سەگبابانە دوژمنیان ڕدێنە! گۆتم: خوا کەریمە، ئیشاڵلا هیچ نابی!
شێرۆ ڕدێنی تراشی و جلکی لەبەر کرد و گۆتی: بابڕۆین، چووینە دەرێ و سواری شڕە لادەکەی شێرۆی بووین و بە ڕێکەتین لۆ ئازادی، گەیشتینە لای مەلعەبی دیار بوو مەفرەزەیان دانابوو، شێرۆ گۆتی: هەویەت مەزبووتە یان لادەمە ناو کۆرانان؟ گۆتم: مەزبووتە و هێشتا ناوم نەهاتیە لۆ عەسکەری، گۆتی: زۆر باشە، ئەڵلا بەناوت! باشبوو بە سەلامەتی لە مەفرەزەکەی دەربازبووین و شۆڕ بووینەوە لۆ ئازادی، دختۆر شێرۆ یەک دوو کۆرانەی بڕی و ئەمنی لە پێش مارەکی داناو گۆتی: ئەو مارە هەوە! دەستم لە گیرفانم ڕاکرد و دوو دینارم دەرینا لۆ شێرۆی و لۆم ڕاگرت، شێرۆ گۆتی: پارەی لە عاشقان وەرناگرم! گۆتم: ڕادەبوێری مام شێرۆ؟ گۆتی: ناوەڵلا، بەس ئەمن کوو پارەی لەتوو وەردەگرم، بڕۆ بابە بڕۆ لێمان مەدە! زۆرم ڕجا لێکرد، سووندی خوارد گۆتی لێت وەرناگرم و ئەگەر دەرێی لەسەریشت ڕادەوەستم! گۆتم: ناوەڵلا ئەتوو بڕۆ، زۆر مەمنون و مارت ئاوابی، بەس ئەتوو تەئکیدی ئەوە مارەکەیە؟ گۆتی: دەزانی ئەتوو ئیهانەی دختۆر شێرۆی دەکەی، ئەمن ئیشی خۆم...، گۆتم: زۆر باش دەزانی! گۆتی: ئەو قسەی من وەکی ئینشای نەورۆزی لێهاتیە هەموو کۆران لەبەری کردیە! زەردەخەنەکم لۆ کرد و خواحافیزیم لێکردو بەجێم هێشت، شێرۆ پێی لێناو ڕۆیی، ئەمنیش چوومە کن دەرکەی مارەکەیی و جەڕەسەکم لێدا!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!