قوماش 58
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
لە ماری قادرە فەندی بە چاوی پڕ لە فرمێسک و درەکی پڕ لە خەم هاتمە دەرێ، هەناوم دەتگۆ کورەی ئاگریە و دەسووتێ، نازانم کوو گەیشتمەوە مارێ، بەران دەزانم کە گەیشتمەوە پێش دەرکەی، موختاری گەڕەکێ لە پێش دەرکەیمە ڕاوەستابوو، چاوی بەمن کەت، لۆلای من هات، سەلامی کرد و گۆتی لەکێ بووی؟ گۆتم: لۆ؟ گۆتی: لۆ ئەوها ڕەنگت تێکچووە و وەزعت خراپە؟ گۆتم شتەکی وانیە، خێرە هاتی؟ گۆتی: ئەبو عەلا گۆتی: پێی برێ سبەینێ سعات نۆ بێتە دائیرەی ئەمن ئیشم پێیە! گۆتم: ئەبو عەلا کێیە؟ گۆتی: ئەوەی لەگەرت دانیشت و گۆتی: بڕۆ بازۆی بینەوە لە سەرێ! گۆتم: کوو لە وەزعەکەی دەگەی؟ گۆتی: بەگێی من دەکەی دەچیە کن ئەبو عەلای! گۆتم: ئەزیەتم نادا؟ گۆتی: مەترسێ، مادام دەرێ بڕۆ ئەو برادەرەت بینەوە، تەئکیدبە هیچت لێناکا! گۆتم: زۆر باشە ئیشاڵلا سبەینێ دەچم! موختار گۆتی: بەگێی من بکەو بڕۆ، خۆت و ماری خۆت تووشی کێشەکی مەکە! زانیم ئەو قسەی ئاخیری موختاری هەڕەشە بوو لەمن، لۆیێ گۆتم: دەچم!
چوومە ژۆرێ، دیاربوو مارێ ئاسایی بوو، بەوەی زانیم موختار لەگە من گەیشتبووە پێش دەرکەیی و هێشتا جەڕەسی ماری مەی لێنەدابوو، بابم دانیشتبوو قورعانی دەخیند و داکیشم دیاربوو سێ چار سندووق تەماتەی دانابوو، دەیویست بیکاتە ئاوی تەماتەی(دۆشاوی تەماتە)، هەر چاویان بە من کەت گەش بوونەوە، زۆر دریان خۆشبوو ئەمن گەڕامەوە مارێ، ناهەق نەبوون، لەو ڕۆژگاری هەر گەنجەک کە دەچووە دەرێ، هەتا دەگەڕاوە مارێ داک و بابی دریان لە دووڕ دەستی بوو، سەلامم کرد و دانیشتم، بابم گۆتی: لە کێ بووی کوڕم؟ گۆتم: لە ماری قادرە فەندی! گۆتی: چ چ؟ گۆتم: ماری قادرە فەندی! گۆتی: کوو چووی کوڕم، نەترسای ئەو جاشە لەوێ بی و زەڕبەکت لێبدا؟ داکم گۆتی: بەخوای پێشی بڕوا پێمگۆ، بەران بەگێی نەکردم! بابم گۆتی باشە لۆچووی؟ گۆتم: وەڵلا ویستم بە خۆم تەئکید کەم هەورین مێردی کردیە، بابم گۆتی: ئەدی نەمگۆ کردیتی؟ گۆتم: قسەی توو تەواوە و بەرێ کردیتی، ئەمن دانیشتبووم وەکی ئەویش هاتەوە! داکم گۆتی: ئەی چاوی داکت کۆرەبی کوڕم، یەعنی دیتت؟ گۆتم ئەرێوەڵلا دیتم، ئەو بەستەزمانە وەکی چاوی بەمن کەت دەتگۆ مریشکە سەربڕایە وەها هەردەلەرزی! بابم گۆتی: ئای هەورین، کیژی گەورەم چت بەسەرهات، یاڕەبی خوایە سەبەب کاری بگری و لە عاردی ببەیە خوارێ!
بەینەکی لەکن داک و بابم دانیشتم و دوایێ چوومە ژۆرەکەی خۆم جلکم گۆڕی و نوێژی عەسرێم کرد و لێم پارداوە، هەر فکرم لەوەی دەکردەوە کوو خۆم لەبەر دەستی ئەبو عەلای قورتار کەم، بڕیارم دا ئەگەر سبەینێ نەگەمە ئەنجامەکی ئەمنیش بڕۆمە دەرێ و لەو شارەی نەمینێم، ئاخر پاشی دوو چاوی جوان و هەناسە گەرمەکانی هەورینی ئەو شارە وێرانە وێران!
سبەینێ دەوری سعات نۆ چوومە دائیرەی ئەمن و ئەمنیان بردە کن ئەبو عەلای، هەرچاوی بەمن کەت هەستاوە، گۆتی ئیللا دەبی لەدوو بنێڕم ئەوجە دێ ئێڕە؟ گۆتم: وەڵلاهی واز لەمن بینی باشترە، ئەو وەزعە بەمن ناکرێ، ئەمن کوڕی پیاوەکی فەقیرم و دەرچووی زانکۆیمە، هەموو ئاواتی من ئەوەیە ببمە مامەستا و لە گوندەکی دابمەزرێم، نامەوێ تێکەری سیاسەت و ئەولاو ئەولای بم، زۆرت لێ مەمنون دەبم ئەگەر لێمگەڕێی! گۆتی: ئەتوو چ زەڕەڕ دەکا، بڕو سەر بدە بازۆی ئوو تەکلیف لێبکە بێ سەف وەتەنی، هات باش نەهات ئەتوو هیچ لۆ نابی، تەئکید بە بازۆ بێ ئەو نێ ئەمە دەبین موافق تەعین ئەتوو مامەستا، ئەمما ئەگەر نەچی تەکلیف لەو بازۆ، ئەوە تەئکید بە زەڕەڕ دەبی ئەتوو! دەوجە بڕو مار ئوو نەتبینم حەتا نەچی کن بازۆ!
لە دائیرەی ئەمن هاتمە دەرێ و بەینەکی باش بە پێیان ڕۆیشتم و زۆرم فکر لەو مەسەلەی کردەوە، گۆتم: ئەگەر نەچم ڕەنگە ئەزیەتی من و مارێشمان بدەن لۆیێ دەچمە کن بازۆیی و پێی دەرێم ئەگەر پارچە پارچەشیان کردی نێیەوە!
دوو سێ ڕۆژ بەسەر وەزعەکەی تێپەڕی، تەواو بێتاقەت ببووم و ڕدێنم درێژ ببوو، هەرکەس بیدیتبام دەیزانی خەمەکی گەورە لە هەناومە، داکم و بابم زۆر داوایان دەکرد ڕدێنم بتراشم، نەوەک تووشی کێشەکی ببم، ئەمنیش هەر دەمگۆ: بەسەرچاو، زۆربەی وەخت لە ژۆرەکەی خۆم بووم و نەدەهاتمە دەرێ، خەمی گەورەی من ئەو ژیانە پڕ لە دۆزەخەی هەورینی بوو لەگەر ئەو جاشەی، لەلایەکیدیش فکرم لەوەی دەکردەوە کوو ئەو فەیرۆزەی ببینمەوە و تۆرەی ئەوەل و ئاخیری لێبکەمەوە، ئەو نەگریسە بوو ماری هەورینی وێران کرد و پشتی منیشی شکاند! پاشان گۆتم با جارێ بچم سەرەکی لە بازۆی بدەم و دوو قسەی لەگەر بکەم، ئەوجە هەق و حسابەکی لۆ فەیرۆزی دەکەم!
ڕۆژی پاشی سعات هەشتی بەیانی هەستام، جلکم گۆڕی و چوومە دەرێ، داک و بابم لەسەر نانی دانیشتبوون، وەکی دیتیان خۆم گۆڕیە، تەماشا ئێکدیان کرد، چووم لە تەنیشت بابم دانیشتم و نانەکم ڕاکێشا، بابم ماستەکەی لە پێشە من داناو گۆتی: خێرە خۆت گۆڕیە کوڕم؟ گۆتم: بەتەمامە بچمە بالیسانێ و سەرەکی لە بازۆی بدەم! گۆتی: بەڕاستیتە؟ گۆتم: بابە، دیسان ئەبو عەلای دائیرەی ئەمن لەدووی ناردم و گۆتی: دەبی بچیە کن بازۆیی و بیهینیەوە، بابم گۆتی: بەتەمای ئەو ئیشەی بکەی؟ گۆتم: ناوەڵلا دەچم پێی دەرێم نەکەی ئەو غەرەتەی بکەی بێیەوە، بابم گۆتی: کوڕم بەتەنێ پێی برێ، تەئکیدبە لەوێ هەر قسەکی بکەی، لۆ سبەینێ ئەو قسە لە مستی ئەبو عەلای دایە! داکم گۆتی: دەبا ئەمنیش لەگەرت بێم کوڕم، وەڵلا هەتا دێیەوە درم لەناو دەستمە! گۆتم: وەڵلا بە کەلک نایێ دایە، دەنا پێکەوە دەچووین، هەر کووی هەبوو داکیشم ڕازی کرد، بابم سی دیناری دامێ لۆ خۆم و گۆتی: کوڕم ئەو بیست دینارەش بداتە بازۆیی و سەلامی مەی پێبگەینە، بەران وریابە کەس نەزانی ئەمن ئەو پارەم ناردیە، گۆتم: خەمت نەبی، دەستی هەردووکانم ماچ کردو خواحافیزیم لێکردن!
ئەوەل جار سواری تڕومبێلی خەتی شەقراوەی بووم، ئەوجە لەوێشەوە چاوەڕێم کرد هەتا تڕومبێلەک پەیدا دەبی لۆ بالیسانێ، دەوری سعات دووی پاش نیوڕانێ جێبەک پەیدابوو، گۆتیان ئەوە دەچتە بالیسانێ، چوومە کن سایەقەکەیی و سەلامم لێکرد، گۆتم: دەچیە بالیسانێ؟ کابرا بەینەکی تەماشای کردم و گۆتی: خێرە دێیە بالیسانێ؟ گۆتم: مارە خزمەکم لەوێیە، دێم سەرەکیان لێدەدەم، گۆتی: بەحسابی خزمان بی دەبی نفوسی بالیسانێ بەتەنێ نیو ملیۆن بی، هەرکی دێ دەرێ خزمی بالیسانیانم! گۆتم: ئەتوو چیشت هەیە، مهیم ئەوەیە پارەی خۆت وەرگری، گۆتی: دە سواربە دەی، دوعای بکە زوو جێب پڕبی!
نیو سعاتەکی پێچوو جێب پڕبوو، سایەقەکە سوار بوو، ناوی خوای لێهیناو بەڕێکەت، نیو کیلۆمەترەک ڕۆیی بوو، گۆتی: ئەرێ خۆ هەویەتان مەزبووتە، سەیتەرەکی زۆر تووندمان لەپێشە، فیل دەربازی نابی! هەموو گۆتمان: مەزبووتین مەزبووت، کابرای سایەق شریتەکی حەسەن زیرەکی هاویشتە سەرێ، ئەوی ئەو گۆرانیەی دەرێ: ساران دەچوومە باغی شەقراوە، ئەمساڵ پیر بوومە و جەرگم بڕاوە! دەنگی زیرەکی دەتگۆ تیرە مارە و بە بن بەرد و تەپۆلکەکانی ڕێی بالیسانێ خشکەی دەکرد و دارو بەردی دەتەزاند! ئەو گۆرانیە تەواو بوو و زیرەک هاواری کرد: هەوران گازە گازە، یارم زۆر بەنازە! لەگەر وشەی هەوری، هەورینم بە بیر هاتەوە و هەردوو چاوم پڕی ئاو بوون، لە دری خۆم گۆتم: ئای بازۆ، چ غەرەتەکم کرد و بەگێم نەکردی، چەندت هاوار کرد: هەورینی هەگرە و بڕۆ لایەکی، لەگەر ئەوەی ئەو بڕیارە خەتەرە، بەران خۆ هەورین تووشی ئەو هەموو دەردەسەریەی نەدەبوو! لەو داڵغەو خەیارانە دابووم و جێبەکەمان گەیشتە سەیتەرەی، ئینزیباتەکی ڕەش سەری هینا ناو جێبی و گۆتی: الکل ینزل(هەمووتان وەرنە خوارێ)!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!