قوماش 60
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
گۆتم: بازۆ تازە بەدوو چووان دامەچوو و تەواو، هەورین ڕۆیی و لە دەستم دەرچوو، ئەمن بەتەواوی ڕوخایمە و دری من وەکی نانی تیری دوو کەرتک بووەو قەت پێکووە نانووسێتەوە! گۆتی: ئەگەر ئەمن بازۆ بم، نابی بێلم لەوەی زیاتر خەمی بخۆی و هەورینیش لەو دۆزەخەی قورتار دەکەم، گۆتم: بەتەمای چی؟ گۆتی: ئەوەی لۆمن لێگەڕێ و بەخۆم دەزانم چدەکەم، ئەتوو لەو خەمەی دابی و هەورینیش لە باوەشی ئەو جاشەی بی، ئەگەر بازۆ بازۆ بی، دەبی بسەلمێنی برادەری تەنگانەیە! گۆتم: چاوەکەم لەسەمن خۆت تووشی کێشەی مەکە، ڕەنگە لەو ماوەی ناوم دەربچی و بە مامەستا دامەزرێم، دەچمە گوندەکی و دوور دەکەومەوە لە هەموو خەفەتەکانی شاری، لێمگەڕێ با ببمەوە گوندی و ژیانەکی سادە و ساکار بژیم! گۆتی: ئەتوو لەوماوەی هەورینت نەدیتیە؟ گۆتم: با دیتیتم، چوومە ماری قادرە فەندی و ئەویش هاتەوە ماری بابی، گۆتی: کوو تانیت بیبینی، ماخران ئاگری عەشق زۆر بەتینە و شاخی دەتاوێنتەوە، کوو نەتاوەیەوە! گۆتم: هەر تاوانەوە، تەفروتوونا بووم، بەران لە خەمی وی خۆم لەبیر کرد!
بازۆ گۆتی: هەستە با پیاسەکی ناو گوندی بکەین و قسەکان تەواو کەین، هەستاینەوە و دەستمان بە پیاسەی کرد، لە ڕۆیشتنێ بیست دینارەکەی بابمم دەرینا و هاویشتمە گیرفانی بازۆی، گۆتی: ئەوە چیە؟ گۆتم: بابم لۆی ناردی و سەلامی لێدەکردی، گۆتی: برێ زۆر ئاگا لە خۆبی! بازۆ هەر دوو چاوی پڕی ئاو بوو، گۆتی: ئەتوو برێی ڕۆژەک دابێ بێمەوە ناو شاری و جارەکیدی کفتەی دەستی داکت بخۆم! گۆتم: دەترسێم ئەگەر بێنەوە شاری ئەمە نەناسنەوە و لە سەدامی خراتر بکەن، گۆتی: دەبینی کوو خزمەتی میللەتی دەکەین و شەو و ڕۆژی لەسەر یەک دادەنێین لۆ فەقیر و هەژاری، گۆتم: هیوادارم وا بکەن و شتەکی نەکەن خەرک برێ خۆزگەمان بە سەدامی! بازۆ بەینەکی تەماشای کردم و گۆتی: لۆ ئەوها ڕەشبینی؟ گۆتم: لەمێژە گۆتیتیتان شۆڕش پیاوی فەقیر و هەژار دەیکا و پیاوی کاسەلێس و دزیش دەیخوا، بازۆ گیان تەممەنا دەکەم ئەو خەباتەتان بە فیڕۆ نەچی و خەرک تف و لەعنەتتان لێنەکا! بازۆ گۆتی: دەتوو واز لەوەی بینە، بەس ئەتوو یەک شتم لۆ بکە، گۆتم: برێ! گۆتی: هەر ڕۆژەکی کابرایەک هاتە کنت و گۆتی: ئەوشۆ مێوانتان دێ! فەوری خەبەر دەدەیە هەورینی، ئەو شەوی لە ماری ئەو گەوادەی نەمینێ و بە هەر نەوعەکی هەیە بچتەوە ماری بابی! گۆتم: ئەتوو بەڕاستتە؟ بازۆ دەستی لەشەر شانم داناو گۆتی: پیاو نەبم ئەگەر تۆرەت نەکەمەوە!
لەو قسانە دابووین، ئێکەک هات سەری لەبن گێی بازۆی ناو خوندە خوندەکی لەگەر کرد، بازۆ ڕەنگی تێکچوو، کابرا ڕۆیی، بازۆ گۆتیە من: ئەتوو کوو لەو سەیتەرەی پێشەوە قورتاربووی؟ گۆتم: بە موعجیزە! گۆتی: ئەو پیرەمێردەی شەهیدیان کرد لەگەنگۆ دابوو؟ گۆتم: بەرێ! گۆتی: کوو شێت نەبووی؟ گۆتم: دەترسێم ئەتوو وا تێبگەی ئەمن زۆر مەزبووتم و تەواوم، ئەوەی ئەو کووشتنەی دیت تەئکیدبە ماوەکیدی تووشی نەخۆشی نەفسی دەبی! بازۆ فرمێسک بە هەردوو چاوی داهاتە خوارێ، گۆتم: لۆ دەگرێی؟ گۆتی: دەزانی ئەو پاکەتانەی ئەو پیرەمێردە قەرار بوو بیهینی دوو تەکەی لۆمن بوو، دونێ عەسرێ گۆتی: دەچمە شەقراوەی چت ناوێ؟ دە دینارم دایێ و گۆتم: خێرت دەگاتێ دوو پارچە پاکەتی سۆمەرم لۆ بینە! ئێستا کابرا شەهید کرا و نەیتانی پاکەتەکانم لۆ بینی! ئای ژیان چەند قورس بووە! گۆتم: ئەگەر دەتدیت وەکی ئەو زابتە دایە بەر گووللان ئاگرت لە هەناوی بەردەبوو! گۆتی: ئێستا تڕومبێلەک دێ، خۆت باوێ ناوی و بگەڕێوە، گۆتم: حەزدەکەم ئەوشۆ لە کنە تووبم، لە مێژە نەمدیتی! بازۆ سەری لەبن گێی نام و گۆتی: خۆت قورتارکە، ئەوشۆ بەسەر ئەو سەیتەرەی دادەدەین، وەختی مانەوەی نیە! بازۆ وەکی ئەو قسەی کرد، ڕەنگم تێکچوو، گۆتم: ئەتووش دەچی؟ گۆتی: ئەدی کوو، دەبی بەو دەستانەی خۆم ئەو زابتەی بکوژمەوە، گۆتم: زۆرت ئاگا لە خۆبی، ئەتوو چشتەکت لێبێ، ئەمن بە یەکجاری دەمرم، ئەتوو ئازیزترین برادەری منی! گۆتی: خوا گەورەیە، ئیشاڵلا هیچ نابی، ئەگەر پێت کرا پاشی سێ چار ڕۆژیدی داکت بنێرە کن داکم، با پێی برێ ئەمن باشم و خەمی هیچی نەبی، گۆتم: ئەوجە داکم دەرێتە داکت، گەلە خەمی چاو بەلەبۆقت نەبی، لە گیزی ساغترە! بازۆ زۆر پێکەنی و لەگەر پێکەنینیش چاوی پڕی ئاو بوون، گۆتی: دەزانی زۆر غەریبی پرچک و پەلارەکانی داکت دەکەم، یاڕەبی داکت هەر ساغبی!
بەینەکی باش لەگەر بازۆی پیاسەمان کرد، پیکابەک هات و ڕایگرت، بازۆ گۆتی: خۆت فڕێدە پشتەوە و بڕۆ، باوەشم بە بازۆی کرد و خواحافیزیم لێکرد، خۆم فڕێدا پشتەوە و سەلامم لە خەرکەکی کرد و بەخێراتنیان کردم، پیکەب بە ڕێکەت، هەتا لە ئاوایی بزربووم، ئەمن دەستم لە عاسمانێ بوو و خواحافیزیم لە بازۆی دەکرد، ئەویش دەستی برند کردبوو و هەریدەشەقاند!
شۆڕ بووینەوە و گەیشتینە لای سەیتەرەی، دیتم هێزەکی زۆری جاش و عەسکەری لەوناوەی دابەش کراینە و هەرچی چەکە پێیتیان، ترسەک بەری دری گرتم، لەدری خۆم گۆتم: یان خەبەر درایە ئەوشۆ پێشمەرگە هجوم دەکەن، یان لەبەر کووشتنی پیرەمێردەکەی ترساینە هجوم بکرێ! ئەمەیان هینا خوارێ تەفتیشەکی هوردیان کردین، ناو پیکابەش زۆر گەڕان، دوو سێ ڕاشدیان لە یەک دووەکی دا، بە بیانووی ئەوەی هەویەیان مەزبووت نیە، زابتەکە هاتە لای من و گۆتی: هویتک(هەویەت بدە)، هەویەم دەرینا و دامێ، بەینەکی تەماشای کرد، ئەوجە گۆتی: شفت المخرب بازو(بازۆی تێکدەرت دیت)؟ ئەمن ڕەنگم پەڕی، نەمزانی چبرێم، زۆر ترسام لەوێ جاسووسەک پێشی من خەبەری لێدابم و سەری لە قوڕێ ڕاکردبم، زابتەکە هەر تەماشا منی دەکرد، گۆتی: لیش متحچي(لۆ قسەی ناکەی)؟ ئەمن هیشک ببووم، نەمدەزانی چبرێم، ئەگەر دەرێم بازۆ کێیە، هەر نایناسم، لەوانەیە بە دەردی پیرەمێردەکەم ببا، لۆیێ هیچم نەگۆ، ئەویش زەردەخەنەکی کرد و گۆتی: لا تخاف، اني جماعة ابو علاء(مەترسێ ئەمن جەماعەتی ئەبو عەلایمە)! هەویەکەی دامەوە و ئیشارەتی داینێ و گۆتی بڕۆن، بە پڕەپڕ سواری پیکابی بووینەوە و شەقراوە خۆت بگرە وا هاتین!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!