قوماش 77
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
بەیانیەکی وەختی مەلا بانگدانێ لە خەوێیان هەستاندم، گۆتیان: یاڵلا خۆت حازرکە، دەڕۆین لۆ مەحکەمەی سەورەی بەغدایێ، هەناوم ڕنگەی لێوەهات و گۆتم: ئەوە ڕۆژەکەیە، کە چاوەڕێی دەکەم، خۆم خڕ کردەوە و دەستنوێژم شووشت و لای دەرکەی ڕاوەستام، وەختەکی دوو کەس هاتن، لە پشتەوە کەلەپچەیان لە دەستی کردم و ئەوجە هەردوو چاویان بەستم و قۆریان گرتم و گۆتیان: یاللە خل نمشی(یاڵلا بابڕۆین)! چونکە ئەمن هیچم نەدەدیت، ئەوان ڕایان دەکێشام، ئەمنیان بردە ژۆرەکی و ڕایان گرتم، هەستم کرد لەگە من خەرکیدیش ڕاوەستایە، بەران نەمزانی چنە، ئێکەک هات و بە کوردی قسەی لەگەر کردین و گۆتی: ئێستا ئەمە هەمووتان ڕەوانەی بە غدایێ دەکەین و دەتاندەینە مەحکەمەی سەورەی، لەوێ حاکم بە گێرەی تاوانەکانتان حوکمتان دەدا، لە یەک حالەتی ئەنگۆ دەگەڕێننەوە ئێرە، ئەگەر لە پێش حاکمی برێن: ئەمە ئەو ئیشەمان نەکردیە و ئەو پێ لێنانە ئیمە نیە، باش بزانن ئەگەر ئەو قسەی بکەن و بێنەوە ئێرە، ئەوە لە سفریەوە دەست پێ دەکەینەوە و تەحقیق دەست پێدەکاتەوە، بە خۆشتان باش دەزانن تەحقیق لێرە کووە و تێدەگەن چ دەرێم! ئەگەر لە پێش حاکمی برێن: بەرێ ئەو ئیمزایە ئیمەیە و ئەمە ئەو ئیشەمان کردیە، ئەوە هەر حوکمەک بدرێن نایێنەوە ئێرە و لەوێ دەمینێنەوە، ئەوجە بە زندیتی بی یان مردیتی! ئەوجە بە عارەبی گۆتی: یاللە اخذوهم للباصات(یاڵلا بیانبەن سواری پاسیان کەن)! بەو قسانە زانیم ئەمن بەتەنێ نیمە و زۆریدیم لەگەرە، قۆریان گرتین و لۆلای پاسیان بردین، وەختەکی سواریان کردین و لەسەر کورسیەکان دایاننیشاندین!
پاس بە ڕێکەت و ڕۆیشتین، بەوەی دەمزانی هێشتا بەرە بەیانە چونکە دنیا کش و مات بوو، دەنگی هۆڕنی تڕومبێلیش نەدەهات، هەستم دەکرد چەند تڕومبێلەکی پڕ چەکدار لە پشت و پێشمان دەڕوا و حیمایەمان دەکا، ماوەکی باش ڕۆیی، نابا کەس قسەی بکا و دەنگی لێوەبێ، هەرکەس بە بێ دەنگی دانیشتبوو، گێمان لە هیچ نەدەبوو، مەگەر جار جار ئێکەک بکۆخیبا!
ماوەکی باش ڕۆیشتین و هەستم کرد ڕۆژهەراتە، چونکە گێم لە دەنگی هۆڕن و گڕەگڕی تڕومبێلی دەبوو، دیاربوو جادە بەرەو قەرەبارغی دەڕۆیی، بەران ئەوەی سەیربوو، هەستم بە گەرمی ڕۆژێ نەدەکرد، وەکی برێی پاسەکە هەمووی جام ڕەش بوو، وەختەکی ئێکەک قسەی لۆ کردین و گۆتی: هسە نفتح عیونکم و ننطيکم مي، اي واحد یتحرک او یسوي شي ڕٲسا نکتله، هسه مننطيکم اکل لان نخاف تحتاجون توالت، من نوصل بغداد ننطیکم اکل (ئێستا چاوتان دەکەینەوە و سەرو هەندە ئاوتان دەدەینێ، ئەو بیەوێ بجولێ یان شتەکی بکا دەمودەست دەیکوژین، جارێ نانتان نادەینێ هەتا دەگەینە بەغدایێ، نەکوو پێویستتان بە ئاودەستی بی)! چاویان کردینەوە، تەماشام کرد پاسەکە دەوری بیست کەس زیاتری تێدابوو، هەر هەمووشی کورد بوون، تەمەنمان لە بەینی بیست و سی دەبوو، بەس تەماشا ئێکدیمان دەکرد، زۆربەمان ڕدێنمان هاتبوو، یەک یەک هەرئێکی پەرداغە ئاوەکیان داینێ، خواردمانەوە، تەماشام کرد جامی پاسەکەی هەمووی ڕەش بوو، نە لە ژۆرێ نە لە دەرێ هیچ نەدەدیترا، گۆتیان: منسد عیونکم، لان عبرنا المناطق الخطرة(چاوتان نابەستین، چونکە لە جێی خەتەر تێپەڕین)! لە خەیاری خۆم گۆتم: پێدەچی لە چیای حەمرین تێپەڕی بین و کوردستانمان بە جێهێشتبی!
پاش ماوەکی باش، کە پێدەچوو دوو سێ سعاتەک بی، گەیشتینە بەغدایێ، پاسەکە لەناو بەغدایێ ماوەکی باش ڕۆیی، ئەوجە ئەمەیان لە دەرکەکی بردە ژۆرێ، پاسەکە بەینەکی باش ڕۆیی و ڕایگرت، هاتن دیسان چاویان بەستاین و ئەمەیان هینا خوارێ، دەستمان تێکگرت و ئەمنەک لە پێشەوە ڕایدەکێشایان، سێ چارەک چەکیان سوار کرد، وەکی برێی پێیان گۆتین: ئەوەی بجولێ دەیکوژین! بەینەکی باش ڕۆیشتین و دوایێ ئەمەیان بردە ژۆرێ، تەواوەک ڕۆیشتین و ڕایانگرتین، ئەوجە چاویان کردینەوە، دیتمان لە قاعەکی زۆر گەورە داینە، ئێکەک گۆتی: الیوم تبقون هنا و باچر نودیکم للمحکمە، شویە و نجیبلکم اکل و ترتاحون(ئەوڕۆ لێرە دەمینێنەوە و نانتان دەدەینێ و پشیەکی بدەن، سبەینێ دەتانبەینە مەحکەمەی)!
ئەمنەکان چوونە دەرێ، ئەمەش هەریەکەی لە لایەکی دانیشتین، ژماردم بیست و سێ کەس بووین، هەموومان کورد بووین و خەرکی هەولێرێ بووین، لە زۆربەی گوند و عەشیرەتەکانی تێدابوو، هەر هەمووشمان بە تۆمەتی سیاسی گیرابووین، هەبوو ڕێکخستن بوو، هەبوو بڵاوکراوەی لێ گیرابوو، ئەوەی جیێگای خەفەت بوو، هەموویان لەلایەن برادەر و ڕێکخستنی خۆیان زمانیان لێدرابوو، هەرهەموومان بە ڕاپۆرتی برای کوردزمان گیرابووین، یەک تاکە کەسم نەدیت برێ عارەبەک ڕاپۆرتی لەسەر نووسیمە! هەموو لێکدیمان دەپرسی لەسەر چ گیرای و هەرئێکەی وەرامەکی دەداوە، هاتە سەرە من و گۆتیان: ئەدی ئەتوو لۆ گیرای؟ گۆتم: وەڵلا ئەمن لەسەر کیژەکی گیرایمە! هەموو پێیان عەنتیکەبوو، باوەڕیان نەدەکرد، لۆیێ تەماشا ئێکدیان کرد و گۆتیان: قاتی جاسووس نی لەناوەمە؟ گۆتم: ئەوجە تازە جاسووسی چ فایدەی هەیە، سبەینێ هەموومان حوکم دەدرێین و بەس خوا دەزانی حوکمەکەمان چیە! گۆتیان: ئەوەندەش وەیە، ئەدی تێمانناگەینی کوو لەسەر کیژەکی گیرای؟ ئەمنیش لە نووکی هەتا بنی هەمووم لۆ گێڕانەوە، دیتم: خۆیان لەبیر کرد و لەبەر خەمی من خەمی خۆیان لەبیر نەما، هەندەکیان فرمێسک بە هەردوو چاویان داهاتە خوارێ و گۆتیان: خوا لۆت ئاسان بکا، ئیشاڵلا حوکمی توو ئاسان دەبی!
وەختەکی دەرکەیان کردەوە و نانیان لۆ هیناین، پێنج شەش سنی گەورە بوون و پڕی برنج بوو، سەر برنجەکەی هەمووی گۆشت بوو، ترش(شلە)ی پەتاتەشیان بەسەر داکردبوو، دەستە نانەکیشیان هینا، ناخۆشەکە ئەوەبوو مراکیان(کەوچک) نەهینابوو، ناچاربووین عارەبی دەست پێ بکەین و بە دەستی بخۆین، زۆربەمان پاروومان بە نانەکەی دەکرد و دەمانخوارد، ئێکیان پێکەنی و گۆتی: وا تێدەگەم سبەینێ هەموومان لە قنارە(سێدارە)ی دەدەن! گۆتمان: لۆ؟ گۆتی: بەگێرەی ئەو خواردنە خۆش و بەتامەی، دەیانەوێ بە قەرەوی بگەڕێینەوە لای خوای! زۆربەیان دەستیان بە پێکەنینێ کرد، وەلەو هەندەکیان بێتاقەت بوون لەو قسەی!
نانەکەمان خوارد و سنییەکانیان بردەوە و چایەیان لۆ هیناین، چایەکەشمان لەسەر کرد، هۆرەکە پەنجەرەی تێدابوو، بەران پەنجەرەکان برند بوون، جامەکانیش وا دروست کرابوون هیچت نەدەدیت لەو دیوی پەنجەرەکان، برادەرەک چایەکەی بە دەست بوو، بە پێوە ڕاوەستابوو بەرامبەر پەنجەرەکان و هێدی هێدی فڕی لە چایەی دەدا، چوومە تەنیشتی و گۆتم: تەماشا چدەکەی؟ گۆتی: زۆر حەزدەکەم لەو دیوو پەنجەرەکان چەند کۆترەکم بدیتیبا لە سەر تێلی کارەبای، هەتا بە ئێکەکیم بگۆتبا: بڕۆ سەلامم بگەینە نەسرینی و پێی برێ: خۆشم دەوێی! گۆتم: نەسرین خێزانتە؟ گۆتی: نەخێر دەزگیرانمە، پێشی بیگۆزمەوە لەلایە برادەری خائینی خۆم خەبەرم لێدرا و گیرام، ئیدی نەسرینم نەدیتەوە، ڕۆژی مواجەهەش لە دائیرەی ئەمن نەیتانیبوو بێ، چونکە لە خەمان تووشی سەرەتانی قۆلۆنی بووە و عەمەلیات کرابوو! ئەو گەنجە کە ئەوەی دەگێڕاوە فرمێسک لە هەردوو چاوی دەهاتە خوارێ، ئەمنیش درم داوە و گۆتم: گێت لێبوو، بەسەرهاتی منیش وەکی ئی توو بوو، گۆتی: وایە گێم لێبوو، زۆرت لۆ گریام، ئای ژیان، چەند قورسی، پاشان گۆتی: دەزانی خەمی چمە؟ گۆتم: چ؟ گۆتی: دەترسێم ئەوەی ئەمە خەباتم لۆ کرد و لەوانەیە لەسەری لە سێدارە بدرێین، هەمووی فشە دەرچی و ئەوانەی ئەمن و ئەتوویان بە گرتن دایە، لێی بخۆن و ببنە پیاوی گەورە و موهیم! گۆتم: ئەتوو برێی ئەوها دەرچی؟ گۆتی: ئەمن دەرچووی کولیەی ئادابم بەشی مێژوو، مێژوو دەرێ هەموو شۆڕشەک دڵسۆزەکان دەیکەن و پاش ماوەکی خائینەکان دەیخۆین و ئەو دڵسۆزانەی ماشن یان دەیانکوژن، یان بە خەم وخەفەتان لەناویان دەبەن!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!