قوماش 84
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
دەستمان لەسەر درمان داناو هەریەکەی دە هەزار دوعای دەکرد ناوی لەگەر نەبی! زابتەکە بەینەکی تەماشای قاقەزەکەی کرد و بە عارەبی گۆتی: یەکەم! هەموو لەشمان ببووە چاوو گێو خۆمان حازر کردبوو ناومان بخیندرێتەوە و بمان بەن! یەکەم ناو خیندیەوە ناوی ئەو گەنجە گۆرانیبێژە دەنگ خۆشەی بوو، هەرکە گێی لە ناوی خۆیبوو، قەدەمی شکاو کەتە سەر چۆک، دوو سەرباز ڕوویبوونێ و برندیان کرد و کەلەپچەیان لە دەستی کرد و پەڕۆکەکی ڕەشیان بەسەر دەم و چاوی دادا، چاوەڕێی ناوی دووەم بووین، ناوی دووەمیشی خیندەوە و ئەمن نەبووم، گەنجەکیدی بوو، خەرکی ڕواندزێ بوو، ئەو هیچ خۆی تێکنەدا و گۆتی: خوایە وا دێم لۆلای توو و هەقم نەفەوتێنی، ڕووی لەمە کرد و گۆتی: کوڕینە نەڕوخێن، ئەوڕۆ ئەمنم و سبەینێش ئەنگۆ، نەکەن بەلاوازی خۆتان پیشانی دوژمنی بدەن! ئەویشیان کەلەپچە کرد و پەڕۆکیان بەسەر دەم و چاوی دادا و هەردووکیان بردن، ئەوان هەتا دەنگیانمان گێ لێدەبوو، هەر جوونیان بە سەدام و حزبی بەعس دەدا و دروشمی کوردایەتی و بژی کورد و کوردستانیان دەگۆتەوە! ئەوان ڕۆیشتن بەرەو پەتی سێدارەیی و ئەمەش گلۆپیان لەسەر کوژاندینەوە و هەر کەسە و بە بێدەنگی لەسەر جێی خۆی دانیشتەوە! نوتقمان گیرابوو، قسەمان پێنەدەکرا، بڕەکمان پێخۆشبوو کە ئەو بەرەبەیانەی ناوی مەی تێدا نەبوو، بەران پاش بەینەکی درمان زۆر بریندار بوو لۆ ئەو دوو کەسەیی و هەریەک لەمە خۆزگەی دەخوارد لەجێی ئەو دوو کەسەی باین و ئەمەیان ببردبا نەک ئەوان!
لەسەر جێی پارمان داوە و فکرمان دەکردەوە، کەس تاقەتی قسەکردنیش نەبوو، هەموومان تەماشای بنمیچی هۆرەکەمان دەکرد و فکرمان لە خۆمان و مارێ و خزم و کەس و برادەران دەکردەوە، ئێکەک گۆتی: برادەرینە بنوون، ئەو فکرکردنەوە و داڵغە لێدانە زیاتر دەمانڕوخێنی، بنوون و پشت بە خوای ببەستن، هەر ئەو کەسی بێکەسانە!
سبەینێ قیتیان کردینەوە و ناویان خیندینەوە، ئەوجە نانی بەیانیان لۆ هیناین، گەنجەکمان لەگەر بوو، زۆر قۆز و نازدار بوو، پرچی زەرد و چاوی شین، هەتا برێی هێمن و لەسەرخۆ، زۆرکەم قسەی دەکرد، زۆربەی وەختی ڕووی لەو پەنجەرە برندەی دەکرد کە لە دیواری هۆرەکەی بوو، لەسەر نان خواردنێ زۆر مات بوو، پارووی دەکرد و برندی دەکرد لۆ دەوی دوایێ دایدەناوە، وەختەکی لە قریتەی پێکەنینێی دا، ئەمە هەموو تەماشامان کرد و تەماشا ئێکدیمان کرد، ئێکەک گۆتی: بە شەرەفت وەختی پێکەنینێیە، ئەمە وا درمان دەتەقی! گۆتی: کوو پێنەکەنم، داکم وا یەک مەنجەرە دۆڵمەی لۆ کردیمە و هاویشتیتە سەر ئاگری، هەر بووکرێ، هەشت نۆ نانی تیریشم لۆ تەڕدەکا و داوێتە ناو سەرنانی، لەگەر سەوزە و مەنجەرە ماستەکی، ئیشاڵلا وەختی نیوڕانێ لەگەر برادەران دەچینە شێخ ئەحمەدی و دەیخۆین! برادەرەک گۆتی: کورە ڕەحمەت لە بابت، مەنجەری چ و دۆڵمەی چ و ماستاوی چ! ئەمە وا لە سێدارەی دەدرێین ئەتووش باسی شێخ ئەحمەد و دۆڵمەی دەکەی؟ ئەویش گۆتی: کورە ئا ئا، ئەگەر پێشم باوەڕ ناکەی هەستە بابچینە مارێمە؟و تەماشا بکە، ئیزنیشت نادەم و دەبی ئەتووش لەگەرمان بێی! ئەمە دەستمان لە نانی بەرداو ئاو بە چاوانمان دا هاتە خوارێ، چونکە زانیمان ئەو گەنجە جوانە لە خەمان و لە زۆر فکر کردنەوەی لە وەزعی خۆی مێشکی تێکچووە و بەخۆشی نازانی چدەرێ! خۆ ناهەقیش نەبوو، پیاو چرکە بەچرکە مێشکی مەشغولی ئەوەی بی کەنگی دێن دەیبەن و لە سێدارەی دەدەن، دەبی لە غەیری شێت بوونێ چی بەسەربێ؟
هێوارە داهات و خەم بەری دری گرتینەوە، چونکە چرکە بە چرکە بەرەو ئەو کاتەی نێزیک دەبووینەوە، کە زابتەکە بە خۆی و بە لیستی ناوەکان بێتە ژۆرێ! نانیان لۆ هیناین، ئەوەی نانەکەی دانا، بە عارەبی گۆتی: با تێبینییەکتان بدەمێ، ڕەنگە زۆر خواردن باش نەبی، چونکە لەوانەیە لە کاتی لە سێدارەدانی خۆتان پیس بکەن، لۆیێ پێم باشە زۆر نەخۆن، هەتا پێشتان دەکرێ پیاسەی بکەن، با لەشتان سووک بی و غازاتی تێدا نەمینێ! ئێک لە خۆمان گۆتی: ئەو سەگبابانە پێیان ناخۆشە نانیش بخۆین، دە وەڵلاهی دەبی هەنکی یەک کەری بخۆم، بەشکوو بە چڕوچاویان دەڕیم عەدمیان دەکەم! گەنجە جوانە تێکچووەکە گۆتی: کاکە زۆری مەخۆن، چونکە هەونکە دۆڵمەی داکم دەگا، ئەوجە بتانبینم کوو دوو دوو داوێنە دەوتان! هەموومان بێدەنگ بووین و هیچ قسەمان نەکرد، هەرکووی هەبوو نانەکەمان خوارد و لێی ڕاکشاین، کەس تاقەتی نەبوو قسەی لەگەر ئێکدی بکا، لۆیێ بە بێدەنگی لێ کەتینە خەوێ، ئیدی نازانم خەومان لێکەتبوو یان نا، ئەمن بەخۆم باوەڕ ناکەم نووستبم و قەت ناچیتە مێشکم ئەوانی دیش خەویان لێکەتبی، نووستن ئاسان نیە لۆ ئێکەکی ئەوشۆ ئاخیر شەویبی!
جیڕەی دەرکەی هات و هەموومان ڕاپەڕین و قیت بووینەوە، بەو ڕاپەڕینەی زانیم کەسمان خەومان لێنەکەتبوو، ئاخر لۆ بنووین و لۆ خەومان لێبکەوی، کێ دەرێ تۆزەکیدی ناوت ناخیننەوە و ناتبەن لۆ خەوەکی دوور و درێژ قۆر، خەوەک تا قیامەتێ لێی بەخەبەر نایێی!
زابتەکە قاقەزەکەی گیرفانی دەرینا و گۆتی: ئامادەبن، وا ناوی دووان دەخینمەوە! هەموومان دەستمان لەسەر درمان بوو، سێ چارەک نەیانتانی خۆیان ڕابگرن و کەتن، پاسەوانەکان ویستیان بەزۆری قیتیان بکەنەوە، زابتە ئیشارەتی دانێ و گۆتی لێیان گەڕێن، دوو ناوی تازەی خیندەوە، ناوی دووەم ئی ئەو کوڕەی بوو کە تێکچووبوو، هەرکە گێی لە ناوی خۆیبوو، دەستی بە چەپرە لێدانێ کرد، گۆتی: هەی های ناویان خیندمەوە وا دەچمە کن داکم، دەچم تەماشای دۆڵمەکەی دەکەم بزانم کورایە یان نا؟ خۆتان بزر نەکەن هەونکە دێمەوە و خەبەرەکی خۆشتان لۆ دەینم، بەران دەترسێم ئەمن بچم و داکم بە ڕێکەتبی لۆ ئێرە و ئێکدی نەبینین! ناوی یەکەمیش ئی گەنجەکیدی بوو، پێشتر بەمنی گۆتبوو: ئەمن قوتابی ماستەرم لە فیزیای ناوکی (نەوەوی)، دەیگۆت: ئەگەر نەگیرابام لە داهاتوو دەبوومە زانایەکی گەورەی بواری نەوەوی! کوڕە تێکچووەکە بە زابتەکەی گۆ: با زوو بڕۆین، دەمەوێ داکم ببینم! زابتەکە هەستی کرد ئەو کوڕە تێکچووە و تەواو نیە، بەران لە باتی زگی پێی بسووتێ، پێی پێدەکەنی و گۆتی: خەمت نەبی بەخۆم دەتبەمە کن داکت، یەکسەر دەستیان کەلەپچە کردن و سەریان داپۆشین و بردیانن، گەنجەکە لە دەرکەی ئاوڕەکی لەمە داوە و گۆتی: کورە ئەگەر داکم هات و دۆڵمەکەی هینا، نەچن هەمووی بخۆن، هەندەکم لۆ هەگرن هەتا دێمەوە! ئەمە تێکڕا لە هۆڕژنی گریانێمان دا، چونکە نە داکی دۆڵمەکەی هینا و نەخۆشی هاتەوە بزانی دۆڵمەکە هاتیە یان نا؟
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!