قوماش 90
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
کتابەکەم وەرگرت و گۆتیان: دەتانی بڕۆی، ئەگەر لە سەیتەرەی ڕایانگرتی، ئەو کتابەیان نیشان دە، گۆتم: باشە بەسەرچاو، ئیدی کتابەکەم لە بەڕکم ناو جانتا و گووشەکانم هەرگرت و بەڕێکەتم لۆلای دەرکەی دەرێ، هەندەی نەبرد پاسەک هات، گۆتیان: سواربن، هەتا دەرکەی دەرێی بەندیخانەتان دەبەین، سواری پاسی بووم و بە ڕێکەتین، هەندەی نەبرد، گەیشتە دەرکەی، هاتمە خوارێ و لە دەرکەی چوومە دەرێ، پێش دەرکەی دەرێی بەندیخانەی زۆر قەرەبارغ بوو، خزم و کەسی گیرایەکان هاتبوون، ئاخر ئەوانیش شەوێ ئەو خەبەرەیان بیستبوو، لەناو خەرکەکەی چاوم گێڕا و تەماشام کرد وا داکم و بابم و شێرۆ پاریان بە شڕە لادەکەی شێروی دایە و چاوەڕێی من دەکەن! زۆر درم خۆش بوو، هەر لە دووری هاوارم کرد: بابە، دایە، دختۆر شێرۆ! ئاوڕیان داوە و چاویان بەمن کەت، هەر شاگەشکەبوون، کەلوپەلم فڕێ داو بە غاردان لۆیان چووم، هەر گەیشتمە داکم، پڕم دا هەردوو دەستی و ماچم کرد، داکم لە باوەشی گرتم و لە هۆڕژنی گریانێیدا، ناهەق نەبوو، قەت باوەڕی نەدەکرد، ڕۆژەک دابێ ئەو کوڕەی لە بەندیخانەی بێتە دەرێ و ئازادبی، ئەوجارە پڕمدا دەستی بابم و ماچم کرد، ئەویش تێرتێر ماچی کردم بەسەر شان و ملم گریا، لەگەر دختۆر شێرۆی باوەشمان پێککرد و تێر تێر ئێکدیمان ماچ کرد، شێرۆش لە خۆشیان دەستی بەگریانێ کرد، ئاو لە چاومان ڕانەدەوەستا!
کەلوپەلەکانمان هاویشتە ناو تڕومبێلی و شێرۆ و بابم لە پێشەوە و ئەمنیش لەگەر داکم چووینە پشتەوەو هەولێر خۆت بگرە وا هاتین، گۆتم: دختۆر شێرۆ باش شارەزای بە غدایێ بووی لەگەر ئەو هەموو سەفەرانە! گۆتی: قەت لە دختۆر شێرۆی مەترسێ، سەی عەفت گوندانی پێ ڕەوییە و بەخۆی ئیشی خۆی زۆر باش دەزانی و باشیش دەزانی چدەکاو چناکا! گۆتم: وەڵلاهی ئیعترافت پێدەکەم و ئەشەدەن و بیللا قسەکەت تەواوە، ئیدی بەڕێکەتین و هەتا توزخورماتووی بەس قسەی خۆشمان کردیە و پێکەنینە، شێرۆ لە توزخورماتووی لایدا و گۆتی: دایە عاجی پێت کووە نان و کەبابەکی لێدەین؟ داکم گۆتی: ئەگەر لە حیسابی تووبی چ عەیبی نیە! شێرۆ پێکەنی و گۆتی: مادام لە عیسابی منە، ئەتووش دەبی کرێی ڕێیێ بدەی، دە دینارم نەدەیێ ئەلێرەت بە جێدێلم! داکم گۆتی: وەڵلا لە دەستت دێ قوون کەتی! شێرۆ ئەعسابی نەما، گۆتی: وەڵلا وەبیللا ئەمن ئەتوو بناسم لە قیامەتێش بەو ناوەی گازم دەکەی! گۆتم: دختۆر شێرۆ نانی توو عایدی منە، گۆتی: عەیفت نەکرد هەمووتان عایدی منن، بە دایە عاجیەوە، ئەنگۆ درو گورن! نانەکەمان خوارد و دوو چایەی عەننابیمان لەسەر کرد، ئەوجە سواری تڕومبێلی بووین و هەولێر خۆت بگرە وا هاتین!
گەیشتینەوە هەولێرێ و بامان داوە لۆلای مارێ، وەکی گەیشتینەوە کۆرانێ، دیتم دەر و دراوسێ هەرهەمووی لەبەر دەرکەی ڕاوەستاینە و چاوەڕێیمە دەکەن، زەکیە هەر چاوی بەمن کەت هەلهەلەکی لێداو قادر قرپەستووریش بە غاردان هات و لە باوەشی گرتم و چارپێنج ماچی لێکردم، هەردوو چاوی پڕی ئاوبوون و گۆتی: هەزار جار مەمنون خوایە، کە کۆرانت ڕۆناک کردینەوە، خەرکەکە یەک یەک دەهاتن بەخێراتنەوەیان دەکردم، چووینەوە ژۆرێ و شەربەت و پاقلاوە و چوکلێت دابەش کرا، ئیدی بەینەکی باش لەگەر خزم و دۆست و دەرو درواسێیان دانیشتم، بووە بەرەبەری هێوارێ، بابم کەسی ئیزن نەدا، گۆتی: ئەوڕۆ هێوارێ هەموو مێوانی منن، ئیدی سفرە داندرا و هەرمارەی سنیە شیوەکی هینا، توومەز هەموویان لە خۆشی بەربوونی من، شیویان کردبوو، نانمان خوارد و هەتا دەرەنگی شەوێ قسەی خۆشمان کرد، پاشان خەرکەکە پەرتەی کرد و ئەمنیش ئاوەکم بەخۆ داکرد و نوێژی عیشایێم کرد و لێکەتمە خەوێ!
بەیانییەکەی دەوری سعات دەی داکم هات لە خەوێی هەستاندم و گۆتی: هەستە کوڕم هەستە، مێوانمان هاتیە، ئاخر ئەو هەموو خەرکە لەبەر توو هاتینە! هەستام دەموچاوم شووشت و کراس و پانتۆڕەکم لەبەر کرد و چووم بەخێراتنی مێوانانم کرد و لەکنیان دانیشتم، هەندەی نەبرد دیتم مام حەمەدەمین بەخۆ و بە مامز و خەجەی هاتن، مام حەمەدەمین ڕووبووە من و هەشت نۆ ماچی لێکردم، پلکە مامزو خەجەش زۆر بەگەرمی بەخێراتنەوەیان کردم، دانیشتین و کەتینە قسان، مام حەمەدەمین گۆتیە بابم: دەوجە خەمەکی لێ بخۆ و لێفەکەی لۆ بکە دوو نەفەری، بابم گۆتی: وەڵلا ئەمن لە شەکریم پێ خۆشترە، زۆر حەزدەکەم دامەزرێ! قادری جیرانمان گۆتی: کاکە دە سەبرەکی لێبگرن، با بڕەک بێتەوە سەرەخۆ، فەقیرەی پێویستی بە ئیسراحەتەکییە! گۆتم: ئاخر چشتەکیدیش هەیە، گۆتیان: چشتی چ؟ گۆتم: وەڵلا ئەمن لە سجنێ کتابیان لۆ کردیمە و دەبی پاشی حەفتەکی بچمە عەسکەری! بابم ڕەنگی تێکچوو، گۆتی: ئەتوو بە ڕاستیتە؟ گۆتم: ئەرێوەڵلا، دەستم لە بەڕکی کراسم ڕاکرد و گۆتم: ئەوەش کتابەکە، بابم بێتاقەت بوو، گۆتی: ئەوجە بەو شەڕ و هەرایەی، وا تۆپ بە تۆپی دەکەوی، وەڵلا هەر ببیە عەسکەر بە بیست ڕۆژی دەتنێرنە جەبهەی، یا ڕەبی خوایە زۆر شوکر! شێرۆ گۆتی: وەڵلاهی بەگێی من دەکەی هەر ناچیە پێش و خۆ لە مارێ مات دەکەی، هەزار کەس فیرارە و وا لەمارێ دانیشتیە، گۆتم: ئاخر ئەمن زیندانی بووم، کێ دەرێ تاقیبم ناکەن، هەر بزانن فیرارم لەوانەیە تووشی کێشەم بکەن، بابم گۆتی: دەتوو جارێ بە داکت مەرێ، با خۆشی هاتنەوەی تووی لێ تێکنەچی، کوڕم داکت گەلە گوناحە، دەزانی چەندی خەم لەتوو خواردیە ئەو چەند سارەی! گۆتم: وەڵلا دەزانم بابە، بەران هەر دەزانی، گۆتی: وەیە وە، بەران با ئەو سێ چار ڕۆژەی نەزانی! مام حەمەدەمین گۆتی: وەڵلا دەنا ئەمە بە تەما بووین دۆر و زوڕنات لۆ بگێڕین، هەونکە چشتەکە عەکس بۆوە! گۆتم: خوا گەورەیە، خوا تەمەن بدا ئیشاڵلا ئەویش دەبی، بابم گۆتی: ئەمن ڕەئیەکم هەیە، پێم باشە بچتە عەسکەری، ئەگەر ڕەوانی شەڕیان کرد ڕاست فیرار بکاو بێتەوە، وەکی هاتەوەش عیلاجەکی لێدەکەین! هەموو ئەو ڕەئیەی بابمیان پێ باشبوو، ئەمنیش لە دری خۆم هەروام دانابوو!
نوێژی نیوڕانێ کراو سفرە ڕاهێخرا و شیو داندرا، داکم و پلکە مازو خەجە دەهاتن و دەچوون و شیوەکەیان تەرتیب دەکرد، پلکە مامز قاپە ساوار بەگۆشتەکی لۆلای من ڕەوان کرد و گۆتی: ئەوە خەجەی کیژم بە تایبەتی لۆی لێنای، دەتوو پارووەکی لێبخۆ، ئەگەر دەست و پەنجەی خۆت لەگەر نەخوارد ئەمن مامزۆکی سۆفی برایمی نیمە! بە ناچاری قاپە ساوارەکەم وەرگرت، ئەمن چونکە کێشم زیادی کردبوو، دەموویست ڕێجیمی بکەم، خەجەش بە تەمایە قاپە ساوارم دەرخوارد بدا، لەگەر یەکەم پاروو بادانێ خەیارم لۆ ئەوەی چوو، باشە هەورین لە دەستە من ڕۆیی و کەتە دەست ئەو سەرۆک جاشەی، قەت باوەڕ ناکەم لۆمن ببی، خەجەش کیژەکی باشە و خزمی خۆمانە، ئەوی بینم لە هەمووی باشترە، هەم خزمەتی داک و بابیشم دەکا، هەم ئەو سەرۆک جاشەش وازم لێدەینی تووشی کێشەم ناکا، ڕەنگە ئەمنیش بحەسێمەوە و داک و بابیشم لە خەموخەفەتی قورتارکەم! دوایێ گۆتم: با جارێ ڕاوەستم، بزانم مەسەلەی عەسکەرییەکەی چی بەسەردێ هەنگی قسەکی لێدەکەم!
دوو ڕۆژم مابوو لۆ عەسکەری، پاش عیشابوو لەگەر داک و بابم دانیشتبووم چایەمان دەخواردەوە، بابم گۆتیە داکم: گێ بدەمن با دوو قسەت لۆ بکەم! داکم گۆتی: برێ! بابم گۆتی: ئەو کوڕە موالیدی هاتیە لۆ عەسکەری و هەر لە سجنێ کتابیان دایتێ بچتە عەسکەری، دوو ڕۆژیدی دەبی بچتە تەجنیدی و بەرگی لەبەر بکا، داکم پیارەی لە دەستی بەربۆوە و گۆتی: ئەی چاوی داکت کۆرەبی ڕۆرە، ئەوجە بەو شەڕە تۆپ و تەیارەی، ئەتوو ببیە عەسکەر خۆ ئەمن بەزگ دەدەم!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!