قوماش 91
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
بابم گۆتی: خۆ مشەوەش مەکە حورمێ، تێمگەیاندیە چدەکا و چناکا، هەتا ڕەوانی شەڕی نەکرێ با دەوام بکا، هەروەختەکی کتابی ڕوانکردنێیان دایێ، با ڕاست بێتەوە مارێ و خۆی ماتکا، هەتا لایەک بە لایەکی دەبی، داکم گۆتی: ئەوجە کێ دەرێ مەجالی دەدەن بێتەوە، کێ دەرێ ڕاست سواری لۆریەکی ناکەن و نایبەن لە پێشی پێشەوە فڕێی نادەن! بابم گۆتی: خوا نەکا، ئیشاڵلا بە سەلامەتی دێتەوە ناوەمە، گۆتم: دایە درت هیچ نەکا، مادام خوای گەورە ئەمنی لە غورفەی ئیعدامی قورتار کرد، ئیشاڵلا لەو هەراو هۆریایەی عەسکەریش قورتارم دەکا! هەرچەندی دری داکمم داوە و بابم قسەی لۆ کرد، فایدەی نەبوو، ئەو هەر فرمێسکی ڕێشت و هەر ئاخی هەرکێشان، ئیدی داک ئەوهایە و دەستی لە جەرگی خۆی بەرنابی و بەرنابی!
لۆ بەیانیەکەی لە ژۆرەکەی خۆم پارم دابۆوە و درم هەورینی دەویست، درم قۆرتی ڕوومەتی و خەتی چەناگەیی و زەردەخەنەی لێوانی دەویست، فرمێسکی چاوی و هەناسەی گەرمی ڕۆژانی پڕ لە یادگاری دەویست، نەمدەزانی کوو خەبەرەکی وەرگرم و ئەگەر لە دووریشڕابی بیبینم، ئای هەورین! چمان بەسەرهات، کوو خەرمانی چەند سارەی خۆشەویستیمان سووتا و ئاگری هەناوی گەرممان عارد و عاسمانی گڕدا، کوو بتانم بتبینم و تێر تێر تەماشا هەردوو چاوت بکەم، تێر تێر لەگرت دانیشم و فرمێسکی لێک دابڕانی خۆمان بڕێژین، ئەتوو برێی ئەو زانیبی ئەمن لە بەندیخانەی قورتار بوویمەو وا لە هەولێرێمە، ئەتوو برێی ئەمنی لەبیر مابی، ئەتوو برێی بیەوێ بمبینی، یان خەم و خەفەت پیری کردیە و ئاگای لەمن نەمایە، کێ دەرێ دەتانی لە مارێ بێتە دەرێ، کێ دەرێ ئەو سەرۆک جاشە دڕندە لەمارێ حەپسی نەکردیە و نایێلی پەل ببزوێ! زۆرم فکر کردەوە و نەگەیشتمە هیچ، لە بنی درمەوە حەزم دەکرد بچمە سەر قەبری قادرە فەندی و فەوزیە خانی و فاتیحەکیان لەسەر بخینم، بەران ئاسان نەبوو، کێ دەرێ ئەمن ناچم و ئەو سەرۆک جاشە نایێتە وێ، لەوێ بمبینی پارچە پارچەم دەکا، لەوانەشە ئەونێ، بەران وەکی دەچم هەورین دێتەوێ و چاوی بەمن دەکەوی و شاگەشکە دەبی، ئەمن لەو داڵغە و خەیارانە دابووم، داکم هاتە ژۆرەکەی من و گۆتی: وەرە کوڕم وەرە مێوانت هاتیە و دەیەوێ بتبینی! گۆتم: ئەو مێوانە کێیە دایە؟ گۆتی: وەرە بەخۆت بیبینە و بزانە کێیە! کە داکم ئەو قسەی کرد ڕنگەک لە درم وەهات، گۆتم: ئەتوو برێی هەورین بی و هاتبی بمبینی! قەت باوەڕ ناکەم، هەورین کوو شتی وا دەکا و کوو دەتانی بێتە دەرێ، ئاخر زۆر زەحمەتە لۆوی بێتە ماریمە، کێ دەرێ مێردەکەی چاودێری ناکا! داکم گۆتی: لەگەتووم نیە مێوانت هاتیە، کراس و پانتۆڕەکی لەبەرکە و زوو وەرە چاوەڕێت دەکا! یەکسەر قیت بوومەوە و جلکم گۆڕی و چوومە دەرێ!
وەکی تەماشا دەکەم کیژەکی جاحێرە، زۆر بەڕێزەوە دانیشتیە، بەخێراتنم کرد و لەبەرم هەستاوە، زۆر بەگەرمی ئەخباری پرسیم و فەرمووم لێکرد دانیشیتەوە، دانیشتەوە و ئەمنیش لە بەرامبەری دانیشتم، بەینەکی تەماشای کردم و گۆتی: پیر بووی! گۆتم: ئەوەی لە جێی من با داوەکی ڕەشی بەسەری وەنەدەما، خەم و خەفەت پیری کردم، گرتن و تێهەردان و بەندیخانە دایڕزاندم، بەران نەیکووشتم، ئەوەی ئەمنی کووشت تەنها و تەنها عەشق بوو! بینەکی تەماشای کردم و فرمێسک بە هەردوو چاوی داهاتە خوارێ، گۆتی: دەرێی نامناسیەوە؟ گۆتم: یان ئەتوو زۆر گۆڕای، یان ئەمن دەردی خۆت گۆتی: پیر بوویمە! سەری برند کرد و گۆتی: ئەمن هەنارم هەنار، خوشکی هەورینی! وەکی ئەو قسەی کرد چاوم زەق بۆوە، بەینەکی بێدەنگ بووم و بە تەواوی سامگرتی بووم، گۆتم: هەنار، ئەوە ئەتووی؟ گۆتی: ئەرێوەڵلا ئەمنم! گۆتم: وەڵلاهی زۆر گۆڕای، بڕوابکە نەمناسیەوە، ئاخر لە مێژیشە نەمدیتی، داوای لێبوردن دەکەم، گۆتی: گێمەدێ، کوو خەم و خەفەت ئەتووی پیر کرد، ئەمنیش پیر کرد و گۆڕی! گۆتم: ئەدی وەزعت کووە، بە چ خەریکی؟ گۆتی: کولیەی ئادابم تەواو کرد و بە مامەستا دامەزرایمە، پاشی داکم و بابم قورسایی مارێ هەمووی کەتیتە سەرەمن، ئەو برایەمان کە لەگەتوو گیرابوو، بە تەواوی تێکچووە و بە زنجیری بەستیتمانەوە، بیکەینەوە دەست دەوەشێنێ، بەردەوام حەبی دەدەینێ هەتا هێور بیتەوە، ئەگەر هەموو سەری خۆی دەشکێنی هەندی بە دیواری دادا، بڕوا بکە کێشی هەر چل کیلۆ مایە، ئەو برایەی من ئەگەر بمری ئەوجە ئیسراحەت دەکا! ئیدی ژیانمان بوویتە یەک پارچە لە خەم و خەفەت و ئاگر و دووکەری! بەو قسانەی هەناری ئازارەکی زۆرم پێگەیی، درم برینداربوو، خەمم و خوارد و نەمزانی چبرێم، درم زۆر داوە و دوعای خێرم زۆر لۆ کردن، هەنار گۆتی: هەرکە خەبەری بەربوونی توومان زانی، زۆر درمان خۆشبوو، گۆتم: هەر دەبی بچم سەرەکی لێدەم، ئەمە ناتانین ئەوها بە ئاسانی ئەتوو لەبیرکەین، ئەتوو بوویە بەشە لە ماریمە و یادگاریەکانیمە، بەران چبکەین، بەرداشی ژیان هەموومانی هاڕی و تەفرو توونای کردین! ئەو قسەی دەکرد و ئەمن فرمێسکم بە چاوی دادەهاتە خوارێ، هەر جاری تەماشای هەنارم دەکرد، بازۆم بە بیر دەهاتەوە، کە دەیگۆ: هەورینی لۆ خۆت بینی و هەناری لۆمن نەینی، بیست کەللەت لێدەدەم! بازۆش ڕۆیی و قسەی خۆشیش ڕۆیی و ژیانیش دەڕوا و بە جێمان دێلی!
ئەمن هەر چاوم لە عاردی بوو و فرمێسکم دەڕێشت، هەناریش وەکی من دەگریاو خەمی دری خۆی بەو فرمێسکانە دەباراند، وەختەکی سەری برند کرد و گۆتی: لۆ قسەکی ناکەی؟ گۆتم: قسەی چبکەم ئاگرت لە هەناوی بەردام! گۆتی: کووە خەبەرەکی هەورینی ناپرسی، دەرێی هەورێت لە بیر کردیە؟ گۆتم: هەموو دنیای لەبیرکەم، هەورۆی لە بیر ناکەم، هەورۆ خۆی بیرکردنەوە و پارچەکی ناو درمە، کوو لەبیر دەکرێ، پیاو چجێیەکی بسووتێ، سووتانەکە چاکیش ببی جێی هەر دیار دەبی، بەران برینی سووتانی هەورینی نە چاک بووە و نە جێشی بزر بووە، هەستاوە کاغەزەکی دامە دەستی و گۆتی: هەورین ڵۆی ناردی و ئەمن دەڕۆم! زۆر ڕجام لێکرد نیوڕانێ لە مارێمە بی، گۆتی: دەبی بڕۆم، قورسایی ماری بابم بە تەواوی کەتیتە سەرەمن، کەلکی ئەوەی نیە بمینێمەوە، خوا حافیز! داکیشم هات و گۆتی: دە مەڕۆ کیژم مەڕۆ، نیوڕانێ لەکنەمە بە، گۆتی: زۆر مەمنون هەروودەبی بڕۆم! هەنار ڕۆیشت و ئەمنیش غارمداوە ژۆرەکەی خۆم و بزانم هەورۆی من چی لۆ نووسیمە لەو کاغەزەی!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!