قوماش 98
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
گەیشتینەوە ئوتێلی، کەل و پەلەکانمان دەرینا، ئیمن نەک هەر پۆستارەکەم جل و بەرگەکەش زۆر گەورەبوو، ڕێک لەناو بزرببووم، سەفین بێریەکەی لەسەرینا، سەری لەناو نووقم بوو، گۆتمان وەچاکە لەوناوەی خەیاتەکی ببینینەوە و ئەو کەل و پەلانەمان لۆ چابکا، پشیەکمان دا و چووینە خوارێ، نانی نیوڕانێمان خوارد و چووینە لای(باب الشرجي)، خەیاتەکمان دیتەوە، شتەکانمان چاکرد و گەڕاینەوە ئوتێلی، نوێژمان کرد و لێمان پارداوە، پاش عەسرێ هەستاین، نوێژی عەسرێمان کرد و چووین پیاسەکی سەعدون و ئەبو نەواسمان کرد، پاش عیشایەکی درەنگ گەڕاینەوە ئوتێلی و بڕەکی لە دیار تەلەفزیۆنی دانیشتین و لێمان پارداوە!
بەیانی زوو قیت بووینەوە، هێشتا دنیا تاریک بوو، جلکی عەسکەریمان لەبەر کرد و چووینە دەرێ، دیتمان هەندە عەسکەری دیش لەوناوەی بوون، ئێکەک گۆتی: لە جادەی ئەو دیوی کۆستەر هەیە و بەکن معەسکەر ڕەشیدی دادەچی و هەتا جسر دیالەی دەڕوا، لەگەر کابرای ڕۆیشتین و گەیشتینە کۆستەرەکان، کۆستەرەک هاواری دەکرد: جسر دیالە، جسر دیالە، سوار بووین، هەندی دەمێ کۆستەر پڕبوو، بەڕێکەتین و لای جسر دیالە دابەزین، دیتمان عەسکەر بە لێشاو دەڕوا لۆ ناو معەسکەری، چووینە ژۆرێ و لە گۆڕەپانە گەورەکەی ڕاوەستاین، وەختەکی سافیڕە لێیدا و عەسکەرەکان فەسیل فەسیل ڕێز بوون، ئەمە چونکە تازە بووین، لەلایەکی ڕاوەستاین، نائب زابتەک هاواری کرد: ئەوانەی دونێ هاتبوون بێنە ئێرە، ئەمە کۆمەرەک بووین، دەوری حەفتا کەسی دەبووین، فەسیلەکیان لۆ دروست کردین و ناویان لێنا فەسیلی شەش! نەقیبەک هات، بە عەستەم دەلەنگی، پێدەچوو لە شەڕی عێراق ئێران بریندار بووبی، گۆتیە نائب زابتەکەی تەدریبەکی وایان پێبکەن ئاگریان تێبەردەن، وەکی پێیان لە عاردی دا دەبی نەفتی دەرینن! سەفین ئاوڕی لەمن داوە و گۆتی: نەمگۆ عەرزمان دە..ێن! لۆ نائب زابتەکە گێی لە دەنگی سەفینی نەبوو، گۆتی: کێبوو قسەی کرد، کەس دەنگی نەکرد، گۆتی: برێن کێبوو، دەنا یاسای یەک کەس هەمووان تووش دەکاتن بەسەرتان جێبەجێ دەکەین! ئەمە هەر قسەمان نەکرد، نائیب زابتەکە بانگی نائب عەریفەکی کرد، ئێکی ئەسمەری لچەستووری چارشانەبوو، گۆتی: بیانبە و بە دارو بەردیان دادا!
ئەو نائب عەریفە ئەوەی ویزدان بی نەیبوو، دەتگۆ ئەمە داکی ویمان مارە کردتەوە، وەی بابە چیلێکردین، سەرفەتاح لە ناو گۆمە ئاوەکی وەرداین، لەوسەری گۆمێ لۆ ئەوسەری، دەیگۆ دەبی غاردەن و هەردوو دەستیشتان لەسەر سەرتان بی، لەبنی پێمان هەتا تۆقی سەرمان بووە قوڕاو، دە جار ئەمەی لەناو ئەو ئاوەی وەردا، ئەوجە ئەمەی هینا دەرێ و گۆتی: یاڵلا لەسەر زگ بخشێن و بڕۆن هەتا ئەوسەری و دوایێ وەرنەوە، دەستمان بە زگخشانی کرد، ئەوەی لەسەرەخۆبا یەک دوو بلۆکی دەهاویشتە سەر پشتی، وەلحاسری دەردەکی داینێ ئەممان دەرد، بە حەیاتی عەزابی ئەوهامان نەدیتبوو، زووزووش دەیگۆ: لە کولیەی لەگە کچان دەگەڕێن و ڕادەبوێرن، وەڵلا دەبی هەمووتان لەدەوی بینمەوە(خەریج ئیبریج میاکل)، خەریج و مەسینە ناخوا! ئەو سەگبابە وایدەزانی ئەمە لە کولیەی ئیشمان نەبووە بەس کیژی جوانمان لە باوەشی بووە و دەومان لە گەردەنی ناینە!
هەتا سعات دەی بەیانی ئەو دەردەی دامە، بەین بەین نائب زابت یان زابتەک دەهات، تەماشایەکی دەکردین و دەیگۆ: بەدرم نیە(بعد اقوی)، هێشتا تووندتر تەعزیبیان بدەن، لەو تەعزیب و تەدریبەی تەواو بووین و ڕێزیان کردین، وەختەکی جوندیەکییان هینا مەکینەکی سەر تراشینێی لە دەست بوو، کورسیەکی داریان دانابوو، یەک یەک دەچووین، لەسەر کورسیەکەی دادەنیشتین، مەکینەکی لەسەری دەداین و هەمووی جەوجەو دەکرد و دەیگۆ: یاڵلا بڕۆ!
سعات لە دەی تێپەڕی، گۆتیان: ڕێز بن، دەچنە قاعەی نانی بەیانی دەخۆن، سڕەمان گرت و چووینە ژۆرێ، سەموون و نیسکیان دانابوو، لەگەر پەرداخە چایەک و پەنیری سێگۆشە و موڕەبای، سەموون چ سەموون، لە تەنگەی زەلامت دابا دەیهێخست، هەنکی سێ سەموونان دەبوو، بۆر بۆر بوو دەتگۆ لە جۆی دروست کرایە، لەکن مێزەکەی ڕاوەستاین، گۆتیان سافیڕە لێدرا دەست پێبکەن، سافیڕە لێدراوە واز لێبینن، سافیڕە لێدرا و دەستمان پێکرد، دوو پاروومان نەخواردبوو، سافیڕەیان لێ داوە، دیتم سەفین پەنیرەکە و پارچە سەموونەکی لە گیرفانی نا، ئەمنیش وەکی ویم کرد، گۆتیان یاڵلا لۆ دەرێ، سوڕاینەوە لۆ دەرکەی قاعەی، دیتمان لە دەرکەی گیرفانی جووندیان دەگەڕێن، مەجالیش نەما سەمون و پەنیرەکەی دەربینین، گەیشتینە دەرکەیی و گیرفانمان گەڕان، سەمون و پەنیرەکەیان دەرینا و گۆتیان: بڕۆن لەگەر ئەو جوندیانە ڕاوەستن!
ئەمەیان جوودا کردەوە، ڕەنگە بە هەمووی دووسەت کەس دەبووین، مەعنای وەیە هەر ئەمە نەبووین سەموون و پەنیرمان لوول دابوو، نائیب عەریفەکیان هیناو پێیانگۆ: ئەوانە ئاقرکە! ئەویش گۆتیەمە ڕێزبن و وەرن، ڕێزبووین و کەتینە دووی، گۆتی: هرول(غاردەن)، دەستمان بە غاردانەی کرد و دەیگۆ: دەبی هاوار کەن ئەوجە غاردەن، کاکە ئەو کابرایە ناو ئەو معەسکەرەی بەمە گێرەکرد، یەک سعاتی ڕێک بەس غاردانە، بەین بەین دەیگۆ: ماندینە؟ ئەمە دەبا یەک بە دەنگی برێین: حدید(ئاسنین)! پاش سعاتەکەی، دوو دەقەی پشووی داینێ و گۆتی: پۆستارتان لە پێکەنەوە و پانتۆڕتان هەتا سەر چۆکی هەرکەن و بەناو ئەو بەردانە کەون و غاردەن، زیاتر لە سی جاری غاردانەی پێکردین و هەموو پێمان بووە خین! کوڕەکی عەرەب لە ڕێزی مەبوو، گۆتی: ئەگەر شەڕ نەبا ئەو تەعزیبە سێ مانگی دەبرد، بەران چونکە شەڕە مانگ و نیوەکی دەبا، مەرکەز تەدریب ئەوهایە، بەران کە لێرە نەقربووی لۆ وەحدەی ئیسراحەت دەکەیی و ئەو بەزمە نامینێ!
وەکی غاردانەی ناو بەردی تەواو بوو، گۆتی: یاڵلا گۆری و پۆستارتان لە پێکەن و ڕێزبن با بڕۆین لۆ ناو قاعەکان، ئەمەی بردە ناو قاعەکان و گۆتی: یاڵلا ئاو دەستەکان هەمووی خاوین کەنەوە! ئاودەست چ ئاودەست پیس پیس، وەڵلا ڕشانەوەت دەهات، چارمان ناچاربوو دەبا پاکی بکەینەوە، وەلحاسر ئەو ڕۆژەی دەردەکیان داینێ نەبیتەوە، سعات یەک نانیان داینێ و نیو سعات ئیسراحەتەکمان کرد و دیسان هەتا سعات سێ تەدریب دەستی پێکردەوە! پاشی سعات سێی ناویان خیندینەوە و ئیزنیان داین، ئیدی لە معەسکەری هاتینە دەرێ و چووینە سەرجادەی، بڕەکی ڕاوەستاین کۆستەر هات و سواربووین!
گەیشتینەوە سەعدونی و یەکەم چشت کردمان چووینە حەللاقەکی و بە مووسی سەرمان سفر کرد، چونکە سەریان جەوجەو(جێ جێ تراشیبوویان) کردبووین، دوایێ چوینەوە ئوتێلی و ئاوەکمان بە خۆ داکرد، هەند ماندی بووین لێی وەرکەتین!
ئەو وەزعە مانگ و نیوەکی برد، لە دەرفەتەکی دی بە درێژی لەسەری دەنووسم، بەران چونکە ئێرە جێی نیە، بە خێرایی بەسەری دادەڕۆم، ڕۆژەک خڕیان کردینەوەو گۆتیان: ئەمری نەقرتان هاتیە و ئێستا ناوتان دەخینینەوە و کتاب نەقرتان دەدەینە دەستی، حەفتەک ئیجازەتان دەدەینێ، پاش ئەو حەفتەی هەرکەسەو دەچیتە ئەو وەحدەی لۆی نەقر کرایە! ناویان خیندینەوە، گەیشتە ناوی من و گۆتی: وەحدەی ژمارە چل و هەشت لە شاری ناسریەی، سەفینیش ناوی لە وەحدەی پەنجاو دوو دەرچوو لە شاری بەسرەی! کتاب و ئیجازەکەمان وەرگرت و گەڕاینەوە ئوتێلی، خۆمان گۆڕی بگەڕێینەوە هەولێرێ، بەڕێکەتین لۆ نەهزەی، پاش دوو سعات لە کەتنە دوو مەنشەئەی، باشبوو جێمان بە دەست کەت، سواری مەنشەئەی بووین و هەولێر خۆت بگرە وا هاتینەوە، لە ڕێی گۆتمە سەفینی: دەچیە وەحدەکەی؟ گۆتی: ئەدی ئەتوو؟ گۆتم: بابزانم مارێ چدەرێن، هەنگی بڕیارەکی دەدەم، گۆتی: ئەمنیش هەروەدەکەم!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!