قوماش 100
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
ئاخیر ڕۆژی ئیجازەی جانتام پێچاوە و جلکم گۆڕی، داکم و بابم لە دیارم ڕاوەستابوون، بابم گۆتی: ئەوە چدەکەی؟ گۆتم: ئەمن هەر ئەوها بە بێدەنگی لە مارێ پاردەمەوە، خەرک دەزانی فیرارم کردیە و دەبیتە هەرا، دوو ڕۆژ نابا موختار دەگاتە سەر سەر و کۆکرمان، لۆیێ جانتای دەست دەدەمێ و دەڕۆم دەچمە مارە خزمەکی یان برادەرەکی، درەنگی شەوێ وەکی دنیا کش و مات بوو دێمەوە مارێ، داکم با ئەو ژۆرەی سەبانی تەرتیب کاو لەوێ پاردەدەمەوە، بابم گۆتی: ئەوە فکرەکی باشە، زۆر باشە کوڕم، ئیشاڵلا خوا دەتپارێزی، داکیشم زۆر دری بەو تەکبیری خۆشبوو، جانتام هەرگرت و چوومە دەرێ، ئەوانیش لەگەرم هاتن، ماچیان کردم و خواحافیزیم لێکردن، یەک دوو جیران خڕبوونەوە و گۆتیانە بابم: ئەتوو کوو درت دێ ئەو کوڕەی بنێریە ناو ئاگری، بابم گۆتی: جارێ جێی باشە و ڕەوانی شەڕی نەکرایە، کەنگی ناردیانە شەڕی بابێتەوە و وەکی ئەو عالەمەی لە مارێ خۆ مات کا! خوا حافیزیم کرد و ڕۆیشتم، لە جادەی شێستی پەڕیمەوە و بەسە کەتم لۆ بەستەپیازەیی و چوومە مارێ مامم خەلیلی، مامم کە چاوی بە جانتایەکەی کەت، زانی مەسەلەکە چیە، بەگەرمی بەخێراتنیان کردم و هەتا دەوری سعات دەی شەوێ لەوێ مامەوە، پاشی دەی گۆتم: ئیزنم بدەن بابڕۆم، مامم گۆتی: لۆ لێرە خۆت مات ناکەی، مار ماری خۆتە کوڕم، گۆتم: وەڵڵا دەچمەوە مارێ، چونکە بە داکم و بابم گۆتیە شەوێ دێمەوە، گۆتی: مادام وەیە، ڕاوەستە ئەمن بە تڕومبێلی دەتبەمەوە! مامم خەلیل لادەکی تەکسی هەبوو، پاش دەوامان هوردە هوردە ئیشی پێ دەکرد!
چووینە دەرێ و سواری تڕومبێلی بووین، گۆتی: دوعای بکە لە فلکەی خەستەخانەی مەفرەزە دانەندرابی، گۆتم: ئیجازەکم هەتا سبەینێ دەخوا، ئەگەر چیان گۆ، دەرێم وا دەچمە گەراجی و دەڕۆمەوە عەسکەری! گۆتی: زۆر باشە، گۆتم: ئەگەر دیتمان لای مارێمە قەرەبارغە ڕامەگرە با نەمبینن، گۆتی: زۆر باشە! گەیشتینە لای مارێ خۆمان دیتم کۆران چۆلە، مامم لە پێش دەرکەی ڕایگرت، گۆتی: ئەتوو دامەبەزە، ئەمن لە جەڕەسی دەدەم، وەکی کردیانەوە وەرە خوارێ و بڕۆ ژۆرێ، گۆتم: زۆر باشە! مامم دابەزی و لە جەڕەسی دا، بڕەک پێچوو داکم دەرکەی کردەوە، مام بە عەستەم سەلامی لە داکم کرد و ئیشارەتی دامن و گۆتی: یاڵلا! بە تووندی دابەزیم و ڕاست چوومە ژۆرێ، مامم خواحافیزی کرد بڕوا، داکم گۆتی: دە فەرموو دانیشە! گۆتی: وەختی هەندێ نیە، جارێ خواحافیز، مامم ڕۆیشت و داکیشم هاتە ژۆرێ و دەرکەی پێوەدا، چوومە ژۆرێ و دیتم بابم لە ژۆرێ دانیشتیە و گێی دایتە ڕادیۆی، سەلامم لێکرد و دانیشتم، گۆتی: بەخێر بێیەوە کوڕم، داکت ژۆرەکەی سەبانی تەرتیب کردیە و پەردەکی ئەستووریشی لە پەنجەرەی دایە، وەبی ئەگەر شەوێ گلۆپیشت پێکرد کەس ڕۆناکی نەبینی، گۆتم: زۆر باشە ئیشاڵلا خوا ئاسانی دەکا!
بەینەکی باش لەکن داکم و بابم دانیشتم و پاشان لەگەر داکم چوومە ژۆرەکەی سەبانی، دیتم داکم زۆر جوانی تەرتیب کردبوو، کۆمەرە کتابەکیشی بردبووە سەبانی، وەبی بێتاقەت نەبم و بە خیندنەوەی خەریکبم، ڕادیۆیەکی سۆنیشم دیت لەوێ، گۆتم: دایە ئەو ڕادیۆیە چیە؟ گۆتی: بابت عەسرێ چووە بازاڕی و لۆی کڕی، گۆتی: با بێتاقەت نەبی و لۆ خۆی گێ بداتە ڕادیۆی! داکم چووە خوارێ و ئەمنیش جلکم گۆڕی و لەسەر جێی لێی ڕاکشام و ڕادیۆم پێکرد و هاویشتمە سەر ئێسگەی کوردی بەغدای، لۆ حەسەن زیرەک تێی هەرنەکردبوو لە گۆرانی هەوران گازە گازە، یارێ من بەنازە! لەگەر ئەو هەورەی هەورینم بە بیر هاتەوە و ئاگرم لە هەناوی بەربوو!
ناهەق نەبووم، برینی هەورینی زۆر بە سۆیە، هەموو دختۆری دنیایێ پێی تیمار ناکرێ، هەموو برینەک دەرمانی هەیە، بەس برینی عەشق نەبی، عەشق دەردەکی کووشندەیە و دری بنیادەمی لەت و پەت دەکا، زۆرن ئەوانەی بەو داخ و کەسەرەی سەریان نایتەوە، ژیان بەتامی پڕ لە ئازاری عەشق خۆشە، مرۆڤ کە عاشق بوو، هەست دەکا دەژی و دەجولێ و بوونی هەیە، هەست دەکا خەمەک لە ناخیتی و دەیهەژێنی، ئاو لە هەردوو چاوم دابارین و خەمی من خەمی ژیانی هەورینی بوو، بەدەست ئەو سەرۆک جاشە نەفام و نەخیندەوار و دڕندەی، ژیان هەندەک جار زۆر غەدارە و لەت و پەتت دەکا، هەر بەوەندەش وازت لێناینی پڕی برینەکانت خێ دەکا، هەورین ئەو خێیە بوو کە لە ناو برین و شادەماری درم دەهات و دەچوو و هەنجن هەنجنی دەکرد! ئەو شەوەم بە خەم و خەفەت و ئازار بەڕێکرد.
بەینانیەکەی دەوری سعات دەی داکم هات لە دەرکەی دا، گۆتی: کوڕم دێیە خوارێ نانی بخۆی یان نانت لۆ بینمە سەربانی! گۆتم: دایە، ئەتوو دەرکەی حەوشێ پێوەدە و مەیکەوە ئەمن دێم لە خوارێ نانەکەی دەخۆم، داکم چووە خوارێ و ئەمنیش لە دوو وی چوومە خوارێ، چوومە ژۆرێ دانیشتم و داکم نانی لەپێش دانام، چایەم تێک دەدا، داکم تەماشای کردم و گۆتی: پێناچی ئەوشۆ نووستبی! گۆتم: لۆ وەدەرێی؟ گۆتم: کوڕم هەردوو چاوت دەرێی گۆمی خینێیە و سۆر بووە، جێیەکەت ناخۆش بوو لۆیێ نەنووستی؟ گۆتم: ناوەڵلا دایە ژۆرەکەت باش تەرتیب کردیە و دەستت خۆشبی، بابم گۆتی: کوڕم لەبیری کە، بابی من لەبیری کە، ژیان ئەوها ناڕوا! ویستم خۆم لە گێلی دەم و گۆتم: بابە مەخسەدت چیە و چ لە بیرکەم؟ گۆتی: کوڕم بابت ئەو سەرەی بەلاش سپی نەکردیە، کوو دەزانم خوا بەهەقە، ئەوهاش دەزانم ئەتوو فکر و خەیارت هەر لەکن هەورینیە، بریا چشتەکم پێکرابا، وەڵلا وەبیللا قسووریم لۆ نەدەکردی! داکم گۆتی: یاڕەبی خوایە زۆر شوکر، دیسان هاتینەوە سەر مەسەلەی ئەو بابان کۆرەی، کورە بابی من وازی لێبینە و ئاوڕ لە ژیانی خۆت بدەوە، تازە ژنە چووە مار و مێردی خۆیی و لۆ فکری لێدەکەیەوە، گۆتم: دایە، وەڵلا خەمی ویمە، داخوە ئێستا ئەو دڕندە کوو لەگەری دەجوولێتەوە و چی لێدەکا، ئەمن دەزانم ئەو کیژە لە جەهەنەمێ دایە لەگەر ئەو کابرایەی، لۆیێ خەمێ دەخۆم و ژیانم پێ ژیان نیە! گۆتی: دەزانم کوڕم دەزانم، بەران تازە ئەتوو چت پێدەکرێ و دەسەرات چیە! گۆتم: ڕەبی فەیرۆز، خوا تووشی دەردەکت بکا و بە لۆکەی ئاوت بە دەوی وەکەن!
دەوری مانگەکی بەسەر فیراریەکەم تێپەڕی، بە زۆری لە ژۆرەکەی سەرێ بووم، زیاتر کتێبم دەخیندەوە و گێشم دەدا ڕادیۆی، زۆر جاریش ئەو ڕووداوانەی لە ڕادیۆی گێم لێدەبوو، لە دەفتەرەکی دەمنووسینەوە، لەگەر ئەو ژیانەی ڕاهاتبووم، جیرانەکان هەستیان کردبوو ئەمن فیرارم کردیە و لە مارێمە، بەران باسیان نەدەکرد و بەڕووی داکم و بابمیان نەدەداوە، بە قسەی داکم لەو کۆرانەی مە بەمن ڕا شەش حەفت کەسیدیش فیراریان کردبوو، هەموو خۆیان لە مارێ مات کردبوو، هەبوون ودوو دوو و سێ سێ شەوێ خڕدەبوونەوە و پێکەوە دۆمینەیان دەکرد، بەران ئەمن قەت نەدەچووم و تاقەتی ئەو شتانەم نەبوو!
ڕۆژەکی موختار هاتە مارێ، ئەمن لە ژۆرەکەی سەرێ بووم، دیاربوو بە بابمی گۆ: لە دائیرەی ئەمن خەبەریان دایمێ کوڕەکەی توو فیراری کردیە، ئەگەر شتی وا هەیە بینێرەوە عەسکەری، دوایێ بێنە مارێ و بیگرن، دەیدەنە مەحکەمەی عەسکەری و لەوانەیە ڕمی بکەن، بابم گۆتی: ئەو قسانە چیە دەیکەی، کوڕم جانتای دەست دایێ و ڕۆیی، یەعنی چ دەرێی فیرارە، هەر ئەو قسە مابوو، دە فەرموو ئەوە مار تەفتیش کە، ئەگەر کوڕی منت دیتەوە، بە دەستی خۆت بیبە تەسلیمی دائیرەی ئەمنی بکە! باشبوو موختار بەو قسانەی بابم بڕەک هێۆر بۆوە و ڕۆیی، داکم دەرکەی پێوەدا و ئەمنیش چوومە خوارێ، گۆتم: چبکەین بابە، دیارە ئیشەکە ئاشکرا بوو، گۆتی: جارێ خۆ کڕکە کوڕم، خوا کەریمە، ئەگەر ئەو جارە هاتەوە، دەبی تەکبیرەکی خێرا بکەین!
شەوەکی دەوری سعات نۆی شەوێ لە دەرکەی درا، داکم ترسا، ئەمن چوومە سەربانی و داکم چوو کردیەوە، عەوڵای مام سەعیدی بوو، هاتە ژۆرێ، لە حەوشێ گێم لێبوو بە دەنگەکی زۆر سەبر ئەخباری منی پرسی، بابم گۆتی: لۆ دەپرسی؟ گۆتی: ئیشەکی زەرورم پێیە، مەترسێن ئەمن دەزانم لە مارێیە، بەس دەبی بیبینم، وەکی عەوڵا ئەو قسەی کرد، لەسە بانی چوومە خوارێ، سەلامم لێکرد و گۆتم: خێرە! گۆتی: خۆت قورتارکە! گۆتم: چبووە؟ گۆتی: تازە کیژەک تەلەفۆنی کرد، گۆتی: ئەمن هەورینم و بڕۆ پێی برێ: خۆی قورتارکا!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!