قوماش 108
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
گۆتم: ئەمنیش ئەوەی باش دەزانم بابە، بەران وەڵلاهی هەورینیش زۆر گوناحە، لەناو ئاگریە، هەر ئێک لەجێی ویبا ئێستا شێت ببوو، با ئەوەشمان لەبیر نەچی، هەورین خۆی کردە قوربانی من و زریانی برای، ئەگەر نا ئەمن لەمێژبوو هێسک و پڕوسکم لەبن خۆرێ ڕزیبوو، گۆتی: زۆر ڕاستە، وەڵلا ئەمن شەوو ڕۆژ دوعای لۆ دەکەم، خوای گەورە لەو وەزعەی قورتایکا، داکم گۆتیە بابم: دە ئەو خانیەی بفرۆشە و بڕۆ لە لایەکی دیکە خانیەکی بکڕە، با لەو وەزعەی قورتاربین، ئەمن مردی ئەنگۆ زندی، ئەگەر ئەو کوڕەی من ئاخیری سەری بە فەتارەت نەچوو، ئەمن چ لە دنیایێ نازانم، کورە کوڕم لەبیری کە، بابی بابم لەبیری کە، ڕاوەستە ئەگەر ئەو هاتنەی هەورینی لۆ ئێرە هەرایەکی لەسەر دروست نەبوو، ئەمن چنیمە!
دیاربوو قسەی داکم ڕاست دەرچوو، چونکە هەر دوو ڕۆژ پاشی هاتنی هەورینی لۆ ماری مە، مێردی زانیبووی، دیارە چاودێری هەورینی کردیە، بزانی کێوە دەچی و کێوە ناچی، ئێستا ئەمن هەرەتەی شەقراوەی بووم و کەتمە ماری مام ڕەسوری لاسەی، تەئکید لەوێش نامینێم و دەڕۆم، تازە هەتا ئەو وەزعە ئەوهابی ناتانم بگەڕێمەوە هەولێرێ و جارەکیدی چاوم بە داکم و بابم و دەرو جیرانەکان بکەویتەوە، لەناو ئەو هەموو خەمەش، خەمی هەورینم بوو، داخوە ئەو سەرۆک جاشە ئێستا چی لێکردیە، کێ دەرێ نەیکووشتیە و پارچەپارچەی نەکردیە، ئەدی دختۆر شێرۆی داماو، خۆ ئەو کابرایە دڕندە ئەویشی لوول داو بردی، داخوە ئێستا کوو تۆپانێی پێ دەکەن و لەناو خینێیان وەردایە!
دوو ڕۆژم بەڕێکرد لە ماری مام ڕەسوری، بێ ئەوەی بچمە دەرێ، بەیانیەکی جلکی لەبەر کرد و گۆتی: وا دەچمە هەولێرێ و سەرەکی لە مارێ بابت دەدەم و پێیان دەرێم ئەتوو لەمارێ مەی، گۆتم: مەچووە مارێ با تووشی کێشەکی نەبی، بڕۆ مزگەفتێ لەوێ بیبینی باشترە، کەسیش شک ناکا، گۆتی: زۆر باشە، گۆتم: توخوا خەبەرەکی دختۆر شێرۆشم لۆ بینە بزانم مایە یان نا، گۆتی: خەمت نەبی کوڕم، ئیدی خواحافیزی کرد و چووە دەرێ!
دەوری عەسرێ گەڕاوە، پاش سەلام و چاک و چۆنی، گۆتی: چووم بابتم دیت، هەر چاوی بەمن کەت دری بۆوە، زانی ئەتوو لەماری مەی، لۆیێ دەستی گرتم و ئەمنی بردە هۆدەکەی خۆی لە مزگەفتێ و گۆتی وەرە دانیشە و لۆم باس بکە! ئیدی ئەمنیش بە هوردی لۆم باس کرد، بابت گۆتی: لەو ڕۆژیوە ئەمەش لەمارێ نەماینە، وا لەمارێ خەلیلی براینە، دەترسێم ئەو کابرایە بێ و زەڕبەکمان لێدا، گۆتم: پرسیاری دختۆر شێرۆت لێنەکرد؟ گۆتی: بەرێوەڵلا، بابت گۆتی: شێرۆ هێشتا لەکن ئەو جاشەی گیرایەو دەرێ هەتا ئەو کوڕەی من تەسلیمی نەکرێ، شێرۆی بەرنادەم! گۆتم: وەڵلاهی شێرۆ گوناحەو ئەوە چەند جارە لەسەرە من تووشی کێشە دەبی! مام ڕەسور گۆتی: کوڕم، بابت گۆتی: فکر لەوەی نەکاتەوە بێتەوە، با دوو ڕۆژیدی سەبر بگری، لەگەر داکی دێین سەرەکی لێدەدەین و تەکبیرەکی لۆ دەکەین لەو وراتەی نەمینێ! گۆتم: ئەوجە مام ڕەسور تازە ئەمن کوو دەردەچم، خۆ جاری جاران نیە، پڕی دۆری سماقولی و بالیسانێ پێشمەرگەبی، بچمە کنیان و وەرەقەکم لۆ بکەن و بمنێرنە ئەو دیووی! گۆتی: کوڕم، ئەگەر ئەمە ئەو بڕیارەمان دا، ئاودیوو بوونەکەی لۆمن لێگەڕێ، ئەمن وەدەکەم بەسەلامەتی قوورتارت بی!
دەوری سعات دەی بەیانی بوو، لەناو باخچەکەی ماری مام ڕەسوری پیاسەم دەکرد، دیتم داکم و بابم هاتن، جانتایەکیشیان پێبوو، پێدەچوو جلک و بەرگبی و لۆ منیان هینابی، غارمدا دەستی هەردووکانم ماچ کرد، داکم زۆر گریا، گۆتی: وەی لۆت کۆرەبم ڕۆرە، جوانی و جاحێری خۆت هەمووی بە خەمان بەڕێکرد، چەندم حەزدەکرد، لە پێشە توو و هەورینی دەست هەرشەقێنم و دوو سێ هەلهەلەتان لۆ لێدەم، ئەمان چبکەم، ئەوەی عەبد بەخەیاری دادێ، زۆر جار ئەوها دەرناچی! گۆتم: گێ مەدێ دایە، ئیدی ژیانەکە ئەوهایە و لۆ هەندە کەسان ناخۆشی زیاترە لە خۆشی، بەسەکەتین لۆ ماری مام ڕەسوری، هەموو هاتنە دەرێ بەخێراتنی داکم و بابمیان کرد، چووینە ژۆرێ و دانیشتین، بەینەکی خۆشمان بە قسە و دەنگ و باسی هەولێرێ بەڕێکرد، ئەوجە بابم گۆتی: کوڕم، وەزعەکە کەلکی ئەوەی نەمایە ئەتوو بگەڕێیەوە هەولێرێ، نەک هەر ئەوە، وای لۆ دەچم لێرەش نەحەوێیەوە، لەبەر هەندێ دەبی خۆت قورتارکەیی و لەو وراتەی نەمینێی، نەشهێیەوە هەتا لایەک بەلایەکی دەبی، گۆتم: ئەتوو پێم برێ هەورین وەزعی کووە؟ گۆتی: کووی برێی خراپە، ئەو سەگبابە وەکی زانیبووی هاتیتە مارێ مە، لە ژۆرێی کردبوو، هەموو قالبی شکاندبوو بەگۆپاران، دەرکەشی لەسە پێوەدایەو نایێلی لەمارێ بێتە دەرێ، خوشک و برایەکانی چووبوون ڕجایان کردبوو، بەریبدا، یان تەراقی بدا، تێری لەوانیش دابوو، گۆتبووی ئەوە خەونە ئەمن ئەوی تەراق دەم، بچی مێرد بەو سەرسەریە بکاو بگاتە ئاواتی خۆی! گۆتم: ئەدی دختۆر شێرۆ؟ گۆتی: هەروا گیرایە و بەرینادا، زۆریشی لێدایە، دەرێ قەت بەرینادەم هەتا ئەتوو نەچی خۆتی تەسلیم نەکەی! گۆتم: ئەتوو چدەرێی بابە؟ گۆتی: کوڕم ئەتوو بچی دەم و دەست دەتکوژی، لۆیێ فکر لەوەی نەکەیەوە بچی، خزم و کەسی شێرۆی خڕبووینەوە و بەتەمانە بچنە کنی، خزمەکیشی هەیە ڕەفیق حزبیەو دەستی دەڕوا، بەتەمانە لەڕێی وی شتەکی لۆ شێرۆی بکەن، وای لۆ دەچم شتەکیان پێ بکرێ، بەران ئەوەی موهیمە ئەتوو بڕۆیی و خۆت قورتارکەی، گۆتم: یەعنی ئەمن بڕۆم و هەورینی ئەوها بەجێ بێلم؟ گۆتی: کوڕم، ئەتوو چت پێ دەکرێ لۆ هەورینی؟ گۆتم: ئەگەر بازۆ لێرە مابا زۆر شتم پێ دەکرا، بەران بازۆش ڕۆیی و بەجێی هێشتم، داکم گۆتی: کوڕم ئەگەر ئەتوو بڕۆی و بزرببی، هەورینیش پاشی بەینەکی ئەتوو لەبیر دەکاو هەرکەس خەریکی ژیانی خۆی دەبی! گۆتم: وەڵلاهی دایە ئاسان نیە بەتەنێ بڕۆم و هەورینیش لەناو ئەو عەزابەی بمینێ! گۆتی: ئێ دەبڕۆ کوڕم بڕۆوە هەولێرێ، وەبی ئەو سەگبابە بتکوژی و ئەمەش هەناومان پڕی خین بی!
داکم و بابم شەوەکی لەکنە من مانەوە، ڕۆژی پاشی، بابم سێسەت دیناری دامێ، داکیشم گۆتی: ئەو جانتایە هەموو کەل و پەلی تووی تێدایە، بڕۆ خۆت قورتارکە، بابم گۆتی: کوڕم وەعدبی ئەمن سەر لە هەورینی نەبڕم و ئاگام لێیبی، ئیشاڵلا خوای گەورە دەرکەی خێر لە هەردووکتان دەکاتەوە، تەئکیدم ئەتوو بڕۆی لە قازانجی هەردووکتانە! هەرچەند دەمکرد نەمدەزانی چبرێم، بڕیاردان لەو شتانە زۆر قورسە، بەتایبەتی لۆ من، کە ژیانی خۆم لەسەر خۆشویستنی هەورینی دانا، ئەو هەورینەی هەموو ژیانی خۆی کردە قوربانی من، ئەی ژیان چەند سەخت و قورسی، کوو لۆ من و هەورینی بوویە ئاش و لەناو خەم و خەفەتی دەمانهاڕی!
لەپاش بینەو بەردەکی زۆر چوومە سەر بڕیاری داکم و بابم و گۆتم: تەواو بە قسەینگۆ دەکەم و دەڕۆم، بەران توخوا زۆرتان ئاگا لە هەورینی بی، ئەگەر دەرفەتەک ڕێککەت، ئەو قاقەزە گچکەی منی بدەنێ، دەستم لەگیرفانم ڕاکرد و قاقەزە لوول درایەکەم دەریناو دامە بابم، داکم گۆتیە بابم، بابخینتەوە لۆمان بزانین چی نووسیە، نەکوو ئەو قاقەزە بەرایەکی گەورەی بەدوو وەبی! بابم گۆتی: ژنێ چشتی وا کوو دەبی، ئەو قاقەزە بە ئاهو فرمێسکی لۆ یەک کەسی نووسرایە و هەردەبی ئەویش ببینی و بخینتەوە!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!