قوماش 138
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
دەستیان گرتم و ئەمنیان بردو سواری تڕومبێلەکی جام ڕەشیان کردم، پۆلیسەکان گەڕانەوە مەرکەزی، ناو تڕومبێلەکەی سێ چار زەلامی چارشانەی تێدابوو، سمێریان زۆر گەورەبوو، قۆرو باکیشیان کووترابوو، پیاو نەدەوێرا تەماشاشیان بکا، هەندەکیان کلاشینکۆفیان پێبوو، ئەوانیدیش دەبانچەی چاردەخۆر، وەکی ئەمنیان هاویشتە ناو تڕومبێلەکەی سەلامم لێکردن، چشتاق وەرامیان نەدامەوە، تڕومبێل بەڕێکەت، وەکی گەیشتینە سەرجادەی، بە پەڕۆکەکی ڕەش تووند چاویان بەستم، چونکە کارەبا نەبوو، دنیا زۆر تاریکبوو، کە پەڕۆکەکەیان لەچاوی بەستام، بەجارەکی بووە تاریکستان، تڕومبێلەکەی بەینەکی باش ڕۆیی، ئەوان هیچ قسەیان نەدەکرد، نە لەگەرەمن، نە لەبەینی خۆیان، تڕومبێلەکە دەوری بیست دەقەکی ڕۆیی، ئەوجە لایدا سەر ڕێیەکی خۆر، بەوەی زانیم ڕێیەکە خۆرە، دەنگی تایەی زیادی کردو تڕومبێلەکەش هێواشتر دەڕۆیی، وەختەکی تڕومبێلەکە ڕایگرت و دەرکەکانی کرانەوەو نەفەرەکان هاتنە خوارێ و دەرکەیان پێوەداوە، ئەمن بەتەنێ لەناو تڕومبێلی مامەوە، نەیانگۆ دابەزەو؟نەشیانگۆ چاوەڕێکە، کوو ڕۆیشتن ڕۆیشتن، نە دەقەک و نە دوو و نەسێ، چونکە چاو بەسترابوو و نەمدەتانی تەماشا سعاتی بکەم، لۆیێ نەمزانی چەند سعات ئەمنیان بە دەست و چاو بەسترایی بەجێهێشت، لە هەمووش ناخۆشتر میزم زۆر دەهات، نەمدەزانی کوو میزەکەی بکەم، چونکە دەستیشم لە پشتەوە بەسترابۆوە، نەمدەتانی پەڕۆکەکەی سەر چاوم لابەم، یان دەرکەی بکەمەوە، دوو سێ جار هاوارمکرد: کاکە، جەماعەت، جەماعەت، کەس وەرامی نەبوو، نەمدەزانی چبرێم و چبکەم، ئاخیری خۆم لە جامی تڕومبێلەکەی نێزیک کردەوە بە سەری لە جامەکەم دەدا، گۆتم: بەشکوو ئێکەک بێ دەرکەی بکاتەوە خەبەرەکم بپرسی، هەر دەنگ نەبوو، بەتەواوی بێزاربووم، ئەوجارە زۆر بەتووندتر لە جامیم داو یەک بە دەنگم هاوارم کرد، وەختەکی ئێکەک هات بە تووندی دەرکەی کردەوەو ئەمن سەراوسەر لەناو تڕومبێلەکەی بەربوومەوە عاردی، ئێکەک هات، قۆری گرتم و قیتی کردمەوەو گۆتی: چت دەوێ بەو نیووە شەوەی سەی خۆڕی! گۆتم: ئێ کورە ڕەحمەت لەبابت وەختە لەخۆم بمیزم دەست و چاوم بکەوە با میزەکەی بکەم، گۆتی: لە بنەخۆت دەکەی ناکەی چاوت دەرێ، ئەمە هیچ ئیش و کارم نییە ئیللا چاوەڕێی میزکردنی جەنابت بکەین! هیچ قسەم نەکردو بێدەنگ بووم، دیاربوو ئێکەکیدی لەوسەری هات، گۆتی: ئەوە چیدەوێ، ئەویش گۆتی: دەرێ میزم دێ، گۆتی: دە دەست و چاوی بکەوە با میزەکەی بکا، باشبوو دەست و چاویان کردمەوەو گۆتی: یاڵلا دەی زوو میزەکەت بکە، گۆتم: لێرە بکەم؟ گۆتی: دیارە جەنابت دەتەوێ بچی لە شیراتۆنی بیکەی، زوو میزەکەت لە پەنا ئەو تڕومبێلەی بکەو ملت بشکێنە! زانیم یەک قسەیدی بکەم شل و کووتم دەکەن، لۆیێ هیچم نەگۆو چوومە پەنا تڕومبێلەکەی میزەکەم کردو هاتمەوە، ئێکیان گۆتی: تەواو؟ گۆتم: بەرێ، ئەوجە ڕووی لەویدی کردو گۆتی: یاڵلا دەست و چاوی ببەستەوەو با بیبەین، ئەوشۆ حەفلەکی زۆر خۆشمان هەیە!
قۆریان گرتم و ئەمنیان بردە ناو بینایەکەی، بەینەکی باش لەپێش دەرکەی ژۆرەکیان ڕاگرتم، دوایێ ئێکەک هاتە دەرێ و گۆتی: یاڵلا با بچینە ژۆرێ، قۆری گرتم و بە پێشەخۆی دام، چونکە چاوم بەسترابوو هیچم نەدەدیت، لۆیێ نازانم چەند کەس لەژۆرێ بوون، ئەوەی دەستی گرتبووم، دیاربوو لەگەر ئێکەکیدی قسەی کردو گۆتی: ئەوە هەوە تاوانبارەکەیە! ئەویش گۆتی: لەسەر ئەو کورسیەی داینێ، ئەمنیان لەسەر کورسی دانا، پاشان گۆتیە ئێکەکی: یاڵلا فایلەکی تازەی لۆ بکەوەو هەرچی پرسیاری لێی دەکەم بنووسە! ئەویش گۆتی: بەچاوان، ئیدی بە پرسیاران داهاتن، ناوت چیەو بابت کێیەو داکت کێیەو چەند خوشک و برات هەیەو چەند مام و خارت هەیە و چەند پلک و پلتوورت هەیە، وەلحاسر ڕەگ و ڕیشە و بن و پۆتکەیان دەرهینام، ئەمنیش هەمووم وەرام داوە، گۆتی: ئەوجە بابێینە سەر پرسیارە سەرەکییەکان، پێمبرێ بزانم لۆ دژی شۆڕش ڕاوەستای، حیزبی بەعس چەندی پارە دایێ و چەند چەک و سیلاحی لۆ ناردی و کێت لەگەرە؟ ئەمیش هەرچەند کردم نەمتانی وەرام دەمەوە، وەکی برێی شکم هەبوو ئەو پرسیارانە لۆمن بن، ئێکیان لەولای ڕاهات هەتا ڕاژدی گرتی لەبن گێی دام و گۆتی: لۆ وەرام نادەیەوە هەی خائینی خۆفرۆش! لەگەر ڕاژدیەکەی بەلا داهاتم و باشبوو خۆم گرتەوە دەنا لەسەر کورسیەکەی دوو تەقڵەم لێ دەدا، گۆتم: یەعنی ئەنگۆ ئەو پرسیارانەتان لەگەرە منە؟ گۆتیە من: ئەدی لەگە کێمانە، لە غەیری توو کێ خائینە لەو ژۆرەی؟ گۆتم: کورە ئەی هاوار هەر بڕەک ویزدانتان هەبی، ئاخر ئەگەر ئەمن خائین بم، مەعنای وایە هەموو کورد خائینە، ماخران سەدام ئەمنی گرت و لە ژۆری ئیعدامی کردم، ئەمن دوو سێ ساری ڕێک بەس تەعزیب درام، ئێستا پێم دەرێن خائین و بەکرێگیراوی بەعس! کابرا گۆتی: واز لەو قسە قۆڕانە بینە، هەرکی قیت دەبتەوە دەرێ ئەمن لە غورفەی ئیعدامی بووم! باشە بەمن برێ لۆ ملت لەبەر ملی ئەو شۆڕشگێڕە قارەمانەی نایە، ئەوە سی سار پێش ئێستا هەرچی چیاو چۆلی ئەو کوردستانەیە بە پێیان بڕیتی! گۆتم: دەوەڵلاهی ئەو کابرایەی ئەنگۆ پێی دەرێن شۆڕشگێڕ، ئەوە یەکەم جاشی سەدامی بوو، دەیان گەنجی بە ئیعدام کردن دایە، هەرچی خوا پێی ناخۆشە لە دژی ئەو میللەتەی کردیتی، هەونکەش ئەتوو بەوی دەرێی و شۆڕشگێڕو بەمنیش دەرێی خائین! گۆتی: بەرێ ئەتوو خائینی و ئەو شۆڕشگێڕە، ئەو لە بنەوە تەنزیمی خۆمان بووە، چەک و سیلاحی لەناو نانەڕەقەی دەشاردەوەو لۆمەی دەنارد، بریندارمان دەناردە ماری وی و ئەو دختۆری دەهینا سەرێ و تیماری دەکرد، ئێستا ئەتوو خۆت پێ لەوی کوردترە؟ گۆتم: ئەرێوەڵلاهی خۆم زۆر پێ لەوی کوردترە و هەتا دەشمرم بەوی دەرێم جاش، ئەوەی دیفاعیشی لێدەکا لەوی جاشترە! کابرا هەر شێت بوو، ئەعسابی نەماو گۆتیە ئێکەکی: بیبەنە ئەودیووی و پیشانی بدەن کێ جاشەو کێ شۆڕشگێڕە!
ئەمنیان بردە ژۆرەکەی دی و بە سێ چار زەلامان بە کێبل و سۆندان تێمبەربوون، هەتا ئاگام لە خۆبوو لێیان دەدام، لە تۆقی سەرم ڕا هەتا بنی پێم بووە خین، یەک جێی ساغیان نەهێشتم، وەختەکی بە خەبەرهاتم دەبینم لە ژۆرەکی گچکە کەتیمە، ئەو جلکەی لەبەرم بوو، لە بەر خینێ ڕەق ببوو، ، هەر کووی هەبوو خۆم جولاندو قیت بوومەوە، پەنجەرەکی گچکە لە برندی بوو، بەو ڕۆناکاییەی لە پەنجەرەکەی دەهاتە ژۆرێ زانیم ڕۆژەو شەو نییە، هەرکووی هەبوو لە دەرکەکەم دا، کەس وەرامی نەدامەوە، دوو سێ جاریدی لێمدا، ئێکەک هات کردیەوە، سەری هینا ژۆرێ و گۆتی: بێدەنگ دەبی یان بێم بە پێلەقان بتکوژم! گۆتم: بەس پێمبرێ ئەمن چەند ڕۆژە لێرەمە؟ گۆتی: هەر چەندی بی زمانت بگرەو بێدەنگبە، هەتا خۆمان لێت نەپێچینەوە، لە دەرکەی نەدەی! دەرکەکەی بە تووندی پێوەداو ڕۆیی!
دەوری سعاتەکی پێچوو دەرکە کراوە، ئێک هاتە ژۆرێ، گۆتی: هەستە بڕۆ حەمامێ و خۆت بشۆ، ئەو جلکانەش لەبەرکەوەو جلکی تازەت دەدەینێ، بە بێدەنگی دێیەوە ئێرەو دادەنیشی و قسان ناکەی، هەر ئەجنەبیەکیش بێتە کنت و پرسیارت لێبکاو برێ وەزعت کووە، لەو خوایەمان دەوێ برێی تەعزیب درایمە، بەس ئەجنەبیەکە بڕوا قوڕقوشمت لە قوڕگی دەکەین و بە حەیاتی عومرت چاوت بە ڕۆناکایی ناکەوتەوە، هەستە پێشم کەوە هەستە، هەی خائینی خاک و نیشتمان و وڵات! هەر کووی هەبوو هەستامەوەو وەگەری کەتم، قۆری گرتم و ئەمنی لۆلای حەمامەکی بە پێشەخۆدا، لەو ڕێیەی دەڕۆیشتین، ئەوەی دەگەیشتەمە، شاپەکی لێدەدام، وەلحاسر هەتا گەیشتمە لای حەمامەکەی تووشی شەلەییان کردم، لە هەمووی ناخۆشتر دوو لە کوڕەکانی سەرۆک جاشەکەی گەیشتنە من، سەرو ڕانک و چۆغەری کری زۆر خاوینیان لەبەربوو، دەبانچەیان لە قەدی بەستابوو، هەرئێکەی ڕاژدییەکی وای لێدام ئاگرم لە نیوچەوانی برند بوو، هەتا دەمرم ئازاری ئەو ڕاژدییانەم لەبیر ناچی!
گەیشتینە پێش حەمامەکەیی و گۆتی: یاڵلا بڕۆ ژۆرێ، خۆت بشۆو ئەو جلکەی فڕێدەو ئەوەی لە لەوێیە لەبەریکەو زوو وەرە دەرێ، گۆتم: باشە بەسەر چاو، چوومە ژۆرێ، پەقرەجەکی پڕی ئاو داندرابوو، جامەکی گچکەی تێدابوو، دەستمدا دا ئاوەکەی شیرتێن بوو، جلکم لەبەرکردەوەو فڕێم دا لایەکی، نەینۆکەی ژەنگاوی دەرەز بردی بە دیواری وەبوو، لە نەینۆکەی تەماشای خۆم کرد، دیتم هەموو قالبم برینەو شەقار شەقار بووە، جێی ساغبی لە لەشم نەمابوو، هەر کووی هەبوو ئاوەکم بەخۆ داکردو بڕەک خۆم پاک کردەوە، جلکە تازەکەم لەبەر کردو هاتمە دەرێ، کابرای لەگەرم هاتبوو هەر لە دەرکەی ڕاوەستابوو، گۆتی: بە ملی شکات تەواو بووی؟ سەرەکم لەقاند، قۆری گرتم و گۆتی: دەچییەوە ژۆرەکەی خۆت، نانەکی سندان دەکەی، ئەوجە گازت دەکەینەوە لۆ تەحقیقی، دەوجە زمانت پاراوکەو ڕاست و ڕاست قسەی بکە، ئەگەر نا لە دار قەرەمتۆزەکەی ناو هەدیقەی دەتبەستینەوەو سی گووللەی هەریقت بە هەناوی وەدەنێین!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!