خانوویەک ڕوو لە گۆڕستان
#فەڕۆخ نێعمەتپوور#
تەنیا خانوویەک لەم شارەدا دەڕوانێتە گۆڕستان، خانووەکەی منە. پێتان سەیرنیە؟
ئاخر چۆن دەکرێ لە یەک شاردا تەنیا یەک خانوو ڕووی لە قەبرستان بێت؟
سەیرتر ئەوەیە نە خۆم ئەم خانووەم هەڵبژاردووە، نە لە باوکمەوە بۆم بە میرات ماوەتەوە و نە کەسیش بە زۆرەملی بە سەریدا سەپاندووم. کە چاوم هەڵێنا، سەیرم کرد لەم خانووەدا دەژیم. ئیتر وەک عادەتێکی ژیان قبوڵم کرد و، ئەوە ساڵانی ساڵە لێرە دەژیم. لەو خانووەی خەڵکی پێی دەڵێن 'خانووی ڕوو لە گۆڕستان'.
هەڵبەت پێتان وانەبێ من لێرە لەم خانووەدا خۆم بە مرۆڤێکی نابەختەوەر و بەدبەخت دەزانم. بەپێچەوانەوە، زۆریش خۆم بە بەختەوەر دەزانم. هیوام، گەڕانەوەیە لە کار و، دانیشتنە لەبەر ئەو پەنجەرەی ڕووی لە گۆڕەکانە. پیاڵەیەک چا دروستدەکەم و لەوێ لەناو بێدەنگیی و ڕەنگی خۆڵەمێشیی ژوورەکە بە بێ ئەوەی گوێم لە دەنگی هەناسەی خۆیشم بێت، دادەنیشم. لە دەرەوە مانگەشەو و تەم تێکەڵن. گۆڕەکان وەک ژوورەکەم خامۆشن و ئارامی دەبەخشن. من لەمێژە بەو ئاکامە گەیشتووم ئەوەی خەڵک ناویان ناوە ترس، لەراستیدا ئارامییە. نازانم بۆ ڕێک بەپێچەوانەوە ناویان لێناوە! کێلەکانیان کە لەناو گژو گیای وشک و تەڕدا نیوە نوقمن، وەک هاوڕێیەکی قەدیمی بە زمانی بێدەنگی دەمدوێنن. پێشتان وانەبێ هەمیشە باس باسی یەک شتە. نا، ئەوان هەمیشە قسەی تازەیان پێیە. کەسیش بەقەدەر من گوێگرێکی باش نیە. بۆیە لەوێ بە چەندین سەعات بە درێژایی زەمەن دادەنیشم و گوێیان لێدەگرم. هەموو شەوێک. من گشتیان دەناسم. خۆیان و کەس و کار و سەردەمیان. وەک چۆن ئەوانیش من.
من کە هەمیشە لەوەسفکردنی ژیانی خۆم مابوومەوە و نەمدەتوانی قسە و ڕستەی شیاوی خۆی بۆ بدۆزمەوە، من کە بۆم دژوار بوو هۆکاری ڕووەوەبوونی خانووەکەی خۆم ڕوو لە گۆڕستان ببینمەوە، لەیەکێک لەم دانیشتنانەدا بوو بە بۆچوونێکی سەیر گەیشتم. بۆچوونێک کە من بە ڕێکەوت بەتووشییەوە ببووم. ڕستەکە دەیگوت دیمەن، چارەنووس و ڕێکەوتە.
من کە ئەوەتەی هەم قەت باوەڕم بە ڕێکەوت و شتی لەم بابەتە نەبووە، لەناکاو بەڕێکەوت زانیم تەواوی ئەم چیرۆکە لەڕاستیدا ڕێکەوت بووە و بەس. ڕێکەوتێکی سەپاو و هەمیشەیی. منیش هەر بەو حوکمە تیایا دانیشتبووم، چونکە وەک هەموو کەسێکی تر چارەنووسی خۆمم بەگوێرەی حوکمی ئەزەلیی و ئەبەدیی چارەنووس قبوڵکردبوو.
لەو ڕۆژەوە بەتووش ئەو ڕستە وەک دەڵێن ئاڵتونییەوە بووم، بە مەیل و حەزێکی زۆرتر لەجاران لەبەر پەنجەرەکە دادەنیشم و سەیری گۆڕەکان و پانتایی نێوان و دەورووبەریان دەکەم. تەنانەت جاری وایە هەست دەکەم ئاشقی ئەو گۆڕستانەم و بە بێ ئەو لە هیچ کوێیەکی تری ئەم شار و ئەم گەردوونەدا ئۆقرە ناگرم. ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەوێ بووە بە بەشێک لە من و منیش بە بەشێک لەو. گەر تاقەتت بێ و بەناو وێنە خەزنکراوەکانی ئایفۆن چوارەکەمدا بگەڕێی، ئەو وێنە جۆربەجۆرانە دەبینی کە من لە کات و وەرزە جۆربەجۆرەکاندا لە گۆڕستانەکەم گرتوون. تەنانەت وێنەی پرۆڤایلی فەیسبووکەکەیشم وێنەیەکی قەبرستانەکەیە. بە کورتی، ئێمە گیانێکین لە دوو جەستەدا، ... دونیایش ناتوانێ لێکمان کاتەوە، ... مەگەر خوا بۆخۆی بمانباتەوە!
رەنگە بڵێن دەبێ من چەند پیاوێکی ئازا بم وا ئاوا و بەم شێوەیە دەتوانم ژیان بکەم، بەڵام وانیە. لە ڕاستیدا من نەک تەنیا ئازا نیم، بەڵکو زۆر ترسنۆکیشم، ببورن زۆر ئارامیشم. هەروەها پێیشم وایە قەبرستان یەکێک لە خۆشترین شوێنەکانی دونیایە. تەنیا دەبی کەمێک جورئەتت هەبێ بۆ ئەوەی بتوانی ئەم جوانییە بدۆزیتەوە. ئا، تەنیا کەمێک.
وە من ئەو جوانییەم دۆزییەوە. لەڕاستیدا دەبێ بڵێم بەختم هەبوو. ئیستا بۆتان دەگێڕمەوە چۆن.
کاتێک چاوم پشکوت و توانیم بڕوانم، سەرەتا تەنیا دیمەنەکەیم بینی. دیمەنێکی گشتی و بەس. ئەوسا بێدەنگیی گۆرەکان سەرنجیان ڕاکێشام. ڕایاندەگرتم، ... هەزار کاریشم هەبوایە، ڕایاندەگرتم. پاشان نیشتن و هەڵفڕینی باڵندەکان لەسەر کێلەکانیان. کە پاییزیش دەهات، ئەو بایەی بە زمان، تۆزی سەر عەرزەکەی دەلستەوە و، لەگەڵ خۆی دەیبرد و لە گۆشە و کەنارەکان دیسان دەیپژاندەوە بە دونیا و بە بوون دا. بە زستانیش، بارستایی بەفر کە چەند حەزی بە سپیکردنەوەی گۆڕستان بوو. بەڵام لە هەموویان گرینگتر مرۆڤەکان بوون. ئەو مرۆڤانەی خانووەکانیان پشتی لێرە بوو و تەنیا لە کاتی ناشتنی تەرمەکان ڕوویان دەکردە گۆڕستان. من دەمبینی چەندە داماوانە و بە ترس و لەرزەوە دەهاتن، بەو دارمەیتانەوە لە ژێریا دەلەرزین، بەو ڕوخسارانەوە ڕەنگیان تیانەدەما و سەرئەنجام بەو لێوانەوە وشە چییە تیایا نەدەگەڕا. ئەوان کە دەهاتن ڕەنگەکانیان لە قەبرستانەکە کەمتر بوون و دەنگیان لە بێدەنگیی گۆڕەکانیش بێدەنگتر. کە دەهاتن زوو تەرمەکەیان دەناشت، داماوانە چەند ڕستەکەیان بۆ دەگوت و ئەوسا لەپاش گریانێکی ترسنۆکانە، بەپەلە ئەوێیان بەجێ دەهێشت.
کە ئەوان دەڕۆیشتن، دوواتر دەمبینی قەبرستانەکە چلۆن دارو درەختەکانی خۆی کە هەمیشە وشک بوون، دەژیانەوە و بە دەنگی 'با' ئاوازێکی دەچڕی لە ڕەگەزی تێگەیشتن لە مەرگ و لەو ژیانەی وا ئەوان بەجێیان هێشتبوو، دەمبینی چۆن بە ئارامی و ئارامشەوە، ڕۆژەکانی دوواتر، تەرمە شاردراوەکانی لەخۆیا قبوڵدەکرد و هەوڵیدەدا بە چێکردنی جوانترین بێدەنگی، نەهێڵێ ترس و لەرزی دەنگ و ڕوخسار و دەستی مرۆڤەکان کە هێشتا لە ناو گۆڕستانەکەدا مابوون، بیانشەمزێنێ.
گۆڕستان حیکایەتی ئەو خۆشەویستییەی بۆ مردووەکان دەگێڕایەوە کە بەزیندوویی قەت زیندووەکان بۆیان نەگێڕابوونەوە.
کاتێکیش هەندێ لە مردووەکان بە نیوەشەوان لە گۆڕەکانیان دەهاتنەوە دەر و بە تاسەی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، ڕێگای بەرەو خانووەکانیان دەگرتەوە بەر، قەبرستان دەهات و بە زمانی ئەستێرە و شەو لەگەڵیان دەدوا و ڕازی دەکردنەوە کە بمێننەوە، پێیانی دەگوت کە گەڕانەوە بۆ شارێک مردووەکانی بەپەلە دەنێژێ و یەک تاقە پەنجەرە چییە نییەتی ڕووی لێرە، دەتوانێ چەندە بێسوود بێ.
من لێرەوە ئاگام لە هەموو حەسرەتەکان بووە، ئاگام لە هەموو ئەو نیگایانەی لەناو کێلەکاندا دیسان بە سەرگەردانی هەڵدەوەرین.
ئیستا دەزانم بەڕێکەوت چ چارەنووسێکی باشم هەبووە. لێرە خۆشترین خانوو، خانووی منە. خانوویەکی دوو ژووری بە سەر نیوەبەرزاییەکەوە کە تەنیا دیمەنی بەردەمی گۆڕستانێکی بەرفراوانی کڕ و کپە. بەو دەنگانەوەی ئێستاکە ماوەیەکە شەوانە کاتی خەوتن دێنە گوێم. دەنگی ئەو مردووانەی شەوانە لەناو کێلەکاندا کۆدەبنەوە و باسی ژیانی شارێک دەکەن کە تەنیا یەک خانوو، ئەویش بەڕێکەوت، تێیدا ئامادەیە سەیری مردووەکانی بکا و لە ژیان و مردنیان بگا. ئەوان باسی نیگاکانی من، تەنیایی و پیاسەکانی نیوەشەوانی من لە ناو ژوورەکاندا دەکەن. ئەوان پێیان وایە هەتا سەر ئاوا نابێ. پێیان وایە شارێک گەر پشت لە مردووەکانی بکا، شارێکی شیاوی ژیان نیە و ڕۆژێک دەبێ ئاداری بە سەر پادارەوە نەمێنێ.
من کە خانووەکەی خۆم زۆر خۆش دەوێ و بەم دراوسێیەتیە خەنیم، بڕیاردەدەم حەساری نێوان حەوشە و گۆرستانەکە بڕوخێنم. ڕۆژێک پاچێک هەڵدەگرم و دەست دەکەم بە ڕماندنی. سنوورێک نامێنێ.
ئیستاکە ئیتر گۆڕەکان کشاونەتە ناو حەشەکەی منەوە. دەورتادەوری خانووەکەم مردووەکان ڕاکشاون. هەنووکە ئیتر تەنیا لە سەر کورسییەکەمەوە سەیریان ناکەم. جاری وایە دێمە خوارەوە و لەگەڵیان دەدوێم. ئەوان بە بینینی من زۆر خۆشحاڵ دەبن. دەڵێن من بیری سەردەمی زوویان دەخەمەوە، ئەو سەردەمەی وا ئەوان لەژیاندا بوون و پێیان وابوو بۆ ئەوان زەمەن شتێکە وەک بێکۆتایی. منیش دەیاندوێنم. پێیان دەڵێم شار و خەڵکەکەی فەرامۆش کەن، دەڵێم گۆڕستان زۆر میهرەبانترێکە و گەر تەنانەت کەمێکیش مەیل بدەنە ئەو بارانەی کە جاری وایە بەسەریاندا دەبارێ و هەموو شتێک تا دووا سنوور دەخوسێنێ، ئەوا ڕەنگە زیاتر خوو بدەنە شوێنی تازەیان.
ئەوان میهرەبانن. لە کاتێکدا فرمێسک لە گۆشەی چاوەکانیاندا کۆدەبێتەوە و ورد ورد گوێم لێدەگرن، دەڵێن هەوڵدەدەن وابکەن.
بەڵام من ئاگام لێیە دڵێکیان هەر لەوێیە، لەوێ لەلای شار، لەوێ لەلای ئەو خەڵکەی وا ئامادە نین یەک تاقە پەنجەرە چییە هەیانبێ بەرەو ئەوان، بەرەو گۆڕستانەکە.[1]