دوای سێ مانگ تەرمی بەناز لەناو جانتایەک و لەژێر باخچەی ماڵێک دۆزرایەوە
چیرۆکی خێزانێکی کورد لە بەریتانیا، کچەکەیان لەژێر پاساوی (پاراستنی شەرەف) کوشتووە، هێشتا لەمیدیاکاندا باس دەکرێت، ڕۆژنامەی میترۆی بەریتانی، لەزاری خوشکی یەکێک لەقوربانیەکانەوە، چیرۆکێکی تاڵ دەگێڕێتەوە لەساڵڕۆژی یادەوەریی نیشتمانی قوربانیانی شەرەف پارێزیی لەبەریتانیا.
پایزە مەلیک، ناوی خوازراوی ئەو کچە کوردەیە، کەخوشکی (بەناز مەحمود) بووە، ئەو خانمەی لەووڵاتی بەریتانیا، بەپاساوی پاراستنی شەرەفی خێزانەکەی، لەلایەن کەسوکارییەوە کوژراو دواتر جەستەشی شاردرایەوە.
پایزە، باس لەچیرۆک و سەرگوزشتەی ژیانی تاڵی خۆی و خوشکەکەی (بەناز) دەکات و بەوە دەستپێدەکات کەدەڵێت، لەکوردستانی عێراق لەگەڵ خێزانەکەیان ڕوویان کردۆتە بەریتانیا،
هەروەها وتی ئەوکاتەی تەمەنم شازدە ساڵان بوو، لەباشوری لەندەن دەژیان، کچە هەرزەکارێکی ئاسایی بووم و بەچێژەوە دەچوومە بەرخوێندن و ئارەزووی پۆستەرەکانی ئەستێرەی پۆپ، بریتنی سپیرس و وێستلایفم دەکرد، وێنەکانم بەدەرگای دۆڵابەکەم هەڵدەواسی، کتێبەکانی گۆسبۆمپم کۆدەکردەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش، بەپێچەوانەی زۆربەی هاوتەمەنە هەرزەکارەکانم، ناچاری هاوسەرگیری منداڵی کرام، لەلایەن خێزانەکەمەوە.
خوشکەکەی بەناز دەشڵێت لەماڵی ئێمە بەردەوام ئاژاوەو درامای خێزانی هەبوو، تەنها دەتوانم وێنای ئەوە بکەم، کەدووەم گەنجترین کچ بووم، لەو پێنج کچەی تەنها لەهاوبەشی کردنی حەمامێکدا یەکسان بووین، سەرباری ئەمەش، دایک و باوکم، کەسانێکی زۆر توند بوون و بۆ زۆرشت، ڕێگەمان پێنەدەدرا.
پایزە دەڵێت، بۆ نموونە نەیانتوانیوە جلی ڕۆژئاوایی لەبەر بکەن، یان لەگەڵ هاوڕێکانی دەرەوەی قوتابخانە گفتوگۆ بکەن، تەنانەت لەهەندێک باردا، هەڵبژاردن و ڕای خۆیان لەسەر شتەکان مەحاڵ بووە.
یەکێک لەبژاردەکانی خێزانەکەمان ئەوە بوو، کەبەچ کەسێک و چ کاتێک ئەوان دەخوازن، ئێمە دەتوانین شوو بکەین. هەرچەندە دایک و باوکم خۆیان پێشتر هاوسەرگیری زۆرەملێیان ئەنجام نەدابوو.
بەپێی یاسای ئەوکاتە لەئینگلتەرا و وێڵز، تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری 18 ساڵان بوو، لەهەمان کاتدا، هەرزەکارانیش دەیانتوانی لە تەمەنی 16 ساڵیدا بەڕەزامەندی خۆیان و دایک و باوک، هاوسەرگیری بکەن.
بەڵام پایزە وتی لەخێزانێکی وەک ئێمە، ڕای کچەکان بەهەند وەرنەدەگیرا چونکە لەوکاتەدا کەگفتوگۆی هاوسەرگیری من دەکرا، لەگەڵ دایک و باوکم، من لەسەر جێگاکەم لەژوورێکی دیکە دانیشتبووم و پێیان وتم، کەپیاوێکی تەمەن 30 ساڵان، ناسیاوی باوکمەو دەیەوێت من شوو بەئەو بکەم. من هەرگیز ئەوم نەدەناسی، بەڵکو ئەوان، ئەویان دەناسی لەڕێگای بنەماڵەو دۆستایەتیەوە دایک و باوکم دەیانەوێت هاوسەرگیری بکەم.
بۆیە سەرم لێشێوابوو، خەیاڵم دەکردەوە، کەئاخۆ چ هەڵەیەکم ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی بەو شێوازە هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی تەواو نامۆ بکەم).
یەک دوو هەفتە دواتر من (جۆرجم) بینی، (کە ناوی خوازراوی هاوسەرەکەمە) لەماڵی خۆمان، من لەتەنیشت دایکم و باوکیشم لەگەڵ ئەو بەرامبەرمان لەسەر قەنەفەکە دانیشتبوو.
پێشتر لەلایەن دایک و باوکمەوە پێم وترابوو، کە پێویستە تەنها بەڕێزەوە سڵاو و بەخێرهاتنی بکەم، بەڵام دوای ئەوە قسە ناکەم. بۆیە دانیشتم و گوێم لە دایک و باوکم گرت، ئەوان وەسفی منیان وەک کچێکی باش دەکرد بۆ ئەو، پاشان منیان ناردە دەرەوە.
پایزە درێژە بەچیرۆکەکەی دەدات دەگێڕێتەوە و دەڵێت یەکەم شت کەتێبینیم کرد لەو پیاوە، کەئەو زۆر لەمن بەتەمەنترە. ئەوەش لەڕووخسارو قژیدا دیاربوو. تەنانەت پۆشاک و شێوازی جلوبەرگی وەک یەکێک لە مامەکانم دەچوو. بیرمە کەهەستم بە ترس دەکرد لەوەی ئاخۆ ژیانم چۆن دەبێت لەگەڵ ئەم پیاوە.
دوای ئەو یەکەم چاوپێکەوتنە، ئیدی گەورەکان بڕیاریاندا کەدوای چەند هەفتەیەکی دی ژووانی زەماوەندەکە سازدەدرێ.
پایزە وتیشی یەکەم ساڵی چوونە کۆلێژم بوو، دەمویست بچمە چاپتەرێکی دیکەی ژیانە تازەکەی کۆلێژ، نەک شوکردن، بەڵام لەجێی ئەوەی ئاشنایەتی لەگەڵ هاوڕێ تازەکانم دروست بکەم، تووشی هاوسەرگیریان کردم.
لەڕۆژی زەماوەندەکەمدا، هیچ هەستێکم نەبوو، جگە لەترس. ئەوان جلی بوکێنیان بۆ هەڵبژاردبووم و دەم و چاویشیان بەچینێک ماکیاج داپۆشی بووم، لەبەرامبەر ئەندامانی خێزان و ئەو کەسانەی کە بەڕاستی نەمدەزانی کێن، دانیشتبوم و شووم بەکەسێکی نامۆ دەکرد!.
لەتەواوی ڕۆژی ئاهەنگ و زەماوەندو پێشوازی، هەستم بە نەخۆشی و سەرلێشێواوی دەکرد. تێنەگەیشتم کەبۆچی هەموو ئەم خەڵکانە نەیاندەتوانی ببینن، کەمن زۆر ناڕازیم و چی ڕوودەدات؟ بەڕاستی ئەو ڕۆژە هەستمکرد کەخیانەتم لێکراوە لەلایەن هەموو ئەو کەسانەی لەوێ ئامادەبوون.
هەرچەندە دوای هاوسەرگیرمان جاربەجار بەردەوامیم دەدا بەکۆلێژ، بەڵام ئەوە هاوسەرەکەم بوو بڕیاری دەدا کەبچم یان نا چونکە هێندێک جار، بەهەفتە ڕێگری لێدەکردم لەخوێندن.
لەهەمان کاتیشدا، دەبوو وەها خۆم نیشان بدەم، کەهاوسەرێکی باشم لەبەردەم ئەو هاوڕێیانەی کەدەیهێنانەوە ماڵەوە) بەڕاستی ژیانم زۆر سەخت بوو، لەگەڵ ئەوەش بەردەوام هەستم بەتەنیایی دەکرد، بەڵام پیاوەکەم دەیخواست کەببینە خێزان و دوای چەند مانگێک لەهاوسەرگیری، هەستم کرد دووگیانم).
لەکاتی بینینی پەرستارەکەم، پێم ڕاگەیاند دەمەوێت زگەکەم بۆ لەبار بەریت، چونکە لەڕاستیدا هیچ داهاتوویەکم لەگەڵ ئەو پیاوە بەدی نەدەکرد. ئەگەر منداڵیشم لێی ببوایە دەبوو درێژە بەهاوسەرگیریەکە بدەم و گیرۆدەی کێشەی زیاتر ببینەوە.
کاتێکش بیرۆکەی لەباربردنی کۆرپەکەم بەمێردەکەم و خێزانەکەم ڕاگەیاند، ئەوان هەوڵیان لەگەڵدام، منداڵەکەم هەبێت و گوتیان کەیارمەتیت دەدات مێردەکەم خۆش بووێت، بەڵام من پێم گوتن کەمن ناتوانم دایکێکی باشبم و منداڵەکەم بێ داهاتوو دەبێ، بۆیە ئەوان بەناچاری و دواجار ڕێگەیان پێدام بەلەبارچوونەکە).
پایزە، لەدرێژەی سەرگوزشتەکەیدا دەڵێت هەموو ڕۆژێک کە لەخەو ڕادەبووم، ئومێدەواربووم کەژیانم جیاواز بێت، ئەوەی دەمویست، تەنها ئەوە بوو کەوەک هەموو هاوەڵەکانی دیم، درێژە بەخوێندن بدەم و بڕۆمە کۆلێژ، نەک هاوسەرگیری بکەم و ببمە ژنی ماڵەوەو بەرپرسیاریەتی بگرمە ئەستۆ، ئەو کاتەی کە لەیەکەم مانگی تەمەنی هەژدەساڵیدا بووم هاوسەرگیریەکەم، کەمتر لەدوو ساڵ بەردەوامی هەبوو.
دواجار تەڵاقم وەرگرت، هەر لەو مانگەدا بوو، کاتێک خوشکەکەم (بەناز) لەژێر پاساوی (پاراستنی شەرەف) کوژرا.
مێردەکەم هەڕەشەی دەکرد، کەمنیش چارەنووسی بەنازی خوشکم دەبێت و دەکوژرێم.
لەکاتی داواکردنی جیابوونەوەم خێزانەکەم ڕێگریان دەکردو هەوڵی گەڕانەوەیان دەدا لەگەڵم، بەڵام لەوکاتەوە تائێستا ڕووخساری ئەوم نەبینیوەتەوەو لەدەستی ئازاد بووم.
هاوشێوەی منیش، بەنازی خوشکم، وەک هەرزەکارێکی تەمەن 17 ساڵان بەزۆر هاوسەرگیریان پێکردبوو. بەناز، لەهاوسەرگیریەکەیدا بەتەواوی لەکێشەو گیروگرفت دابوو، چەندین جار بەوێنەو بەڵگەوە، جێگای ئازارو ئەشکەنجەی برینەکانی وەک سکاڵا بەپۆلیس دابوو، بەڵام دواجار هیچ کەسێک نەیتوانی ژیانی ئەو لەکوشتن بپارێزێت).
لەچەند مانگی کۆتایی ژیانی بەنازدا، زۆر بەخێرایی شتەکانی تێدا گۆڕا، هەر لەو ماوەیەدا، کەوتە داوی خۆشەویستی کەسێکی دیکەوە، کەدەیویست تێیدا دەست بەژیانێکی تازەبکات و تێیدا بەختەوەربێت، بەڵام هەرزوو لەلایەن ئەوانەی بەنازیان) بەبێ ئابڕوو بێشەرم دەزانی، کۆتایی بەهەموو خۆزگەکانی هێندرا).
کاتێک لە کانونی دووەم 2006 گەڕامەوە ماڵی باوکم و شەو پۆلیس لەدەرگای ماڵەوەیانداو باوکمیان دەستگیرکرد. دواتر هەریەکە لەباوکم و مامم و دوو لەئامۆزاکانم بەتاوانی کوشتنی بەناز، سزای هەتا هەتایی دران. دوای نزیکەی سێ مانگیش، تەرمی بەناز، لەناو جانتایەک و لەژێر باخچەی ماڵێک، لەشاری بێرمینگهام دۆزرایەوە.
ئەوساتە، ناخۆشترین ڕۆژەکانی ژیانم بوو، کاتێک هەواڵی مەرگی خوشکەکەمم بیست، وام هەست دەکرد، کە لەناو ئاگردابم و بەزەحمەت هەناسەم بۆ دەدرا. نەم دەتوانی باوەڕبکەم و هێشتاش ناتوانم بڕوا بکەم چۆن ڕوویدا.
پایزە دەڵێ، ژیان بۆ من ئێستا تەحەدایەکی بەردەوامە. زۆر شت هەیە کە لەگەڵیدا بژیم و هێشتاش شۆکێکی زۆرم هەیە، بەڵام هەموو هەوڵێک بۆ ئەوە دەدەم، کەئەم ئەزموونە ئازاربەخشانەی ژیانم، بگۆڕم بۆ چالاکی وزە).
خوشکەکەی بەناز دەشڵێت ئێستا چالاکوانێکی بواری بەرگریکردن لەمافەکانی ئافرەتانم و لەچەند ڕێکخراوێک کاردەکەم لەوانە، (ئای سی دەبلیو ئاڕ ئۆ) کەئەرکەکانیان تەرخانکراوە بۆ پشتگیری کردن لەمێینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا، لەبەریتانیا، لەمەترسی کوشتن و چەوساندنەوەیان لەژێر ناوی (شەرەف)، هاوسەرگیری منداڵان، هاوسەرگیری بەزۆرەملێ، خەتەنەکردن.
[1]