حەیران، لە دەشتی #هەولێر#ی کاکی بەکاکی هەڵقوڵاوە
نوسینی: وشیار عەلی حسێن
کورد، لە کۆنەوە گەڵێکی شوانکارە و ڕەشماڵ نشینبووە، هەمیشە دۆستی ئاژەڵ، و لەبەر خاتری مێگەڵ و مەڕداریی بۆ هەواری تەڕ و پڕ بە دوای لەوەڕگا و پاواندا سۆراغیکردوە، بە درەنگەوە ئاوڕی لە شارستانیەت و پشتی لە کۆچەریاتیی کردوە.
سەرباری ئەمەش، نە هەر تەنیا لە نێو گەڕەلاوژە و چەڵەحانێی کۆمەڵگای گەورە و کراوەی شارستانشیندا، با لە دیوەخانی کوێرە لادێیەکیش بێت، کولتور دروست دەبێت، هونەریش کە بەرەنجامی بەرکەوتەی کۆمەڵایەتیی و ئاوێنەیەکی باڵانومایە، و زادەی عەقل و ئەندێشەی مرۆڤەکانە، لەوێدا نەشونما دەکات.
حەیران، پۆلێن دەکرێت بە یەکێ لە ژانرەکانی ئەدەبیاتی سەرزارەکی، کە لە دەشتی کاکی بە کاکی هەولێر و پێدەشت و بناری #قەرەچوغ# و #زوورگەزراو# هەڵقوڵاوە، شەقڵ و مۆرکی مێژووەییەکەشی تایبەتمەندە بە دەشتی هەولێر خۆی.
سەبارەت بە حەیران، لە ڕووی بەراوردکارییدا، جیاوازییەکی ئەوتۆ نابینرێت لە نێوان حەیرانێک کە وەک کشتەک پێکهاتووە لە (سەربەند، ناوبەند و پاشبەند) لەگەڵ نموونەی تێکستێکی شیعری لێریک (Lyirc) يان (الشعر الوجداني الشعر الغنائي)دا کە لە ئەدەبیاتی عەرەبی و لای گەلانی جیهان باوە، لەوەدا تا ئەندازەیەک سەروادارن و زەمزەمە و نەرمە کێشێک لە وتنیاندا بەدی دەکرێت.
لە ڕووی تەکنیک و فۆرمەوە، یەک ستایل و ڕیتمی هەیە کە بۆ خەمڕەوێنی وەک گۆرانی و لاوانەوە لە کاتی سەرگەرمیدا دەرەبڕدرێت، دیارە، لە وڵاتی کوردەواریدا ئەم جۆرە ئەدەبیاتە، لە هەر ناوچە و دەڤەرێک بە گوێرەی هەڵکەوتە جوگرافیاییەکەی خاوەندارێتیی مۆرکێکی جیاواز لەو چەشنە فۆلکڵۆرە دەکرێت؛ هۆرەو سیاچەمانە، لاوک، بەستە ومەقام وقەتار و ئەڵڵاوەیسی..هتد.
حەیران، بە پێچەوانەی لاوک کە ڕەنگدانەوەی کوێستان و بەندەن و سەرچیایە، نمونەیەکی پێگەیشتوی کۆڕ و کۆبونەوەی یاران، و لە دەشت و لە نێو دیوەخان و کۆمەڵگای گوندنشیندا سەریهەڵداوە.
هەڵبەتە، ئەزموون و هونەرمەندیی یارۆی حەیرانبێژ خۆڕسکە و بەهرەیەکی پەنگخواردوە و خۆی دەنوێنێت لە دەنگ و زایەڵە و ئاوازەکەیدا، کە لەم بوارەدا ئەسپی خۆی ڕکێفداوە.
ئینجا لە ڕووی زمانەوانیشەوە حەیرانبێژ، چونکە لە دەربڕینەکەیدا باراپتر وابەستەی شێوەزارێکی ناوچەیییە، زمانێکی تێکشکاوی هەیە، بۆ کەسانێک هاموشۆی دەشتی هەولێر و لە نزیکەوە، ئاشنایەتی و دەم و دووی خەڵکەکەی نەکرد بێت، ئەوا ئەگەر حەوسەڵەی گوێگرتنی لە حەیرانیش هەبێت، لە لێکدانەوەی ماناکەیدا دووچاری هەراسانی دەبێت.
بە هەر حاڵ، تێگەیشتن لە حەیران ئاتاجی بە ئاوەز، و سەلیقەی هونەری نیە، هەرچەندە سەراوودەراوی ڕووداوەکان فرە بن. دەکرێت لە پاومانی دەقێکدا سەربەهوردی یاخیبوون لە دیوەخان، و وێنای گیانی بەرەنگاریی کرمانج و ئاغاو نۆکەرانی، تەباو ناتەبایی چین وتوێژەکانی کۆمەڵگا، لێکترازانی دوو دڵان بەرجەستە بکرێت.
بە گشتی، لە تەک ئەمانەشدا، تێبینی ئەوە دەکرێت، پێکهاتەی حەیران لەسەر دوو تەوەری سەرەکی دەخولێتەوە :
یەک : جوگرافیا، کە قۆناغ بە قۆناغ ؛ گوند، دەشت، چۆم، دەراو، زوورگەزراو و... هتد، ناوزەد دەکات.
ئا لێرەدا، ناگونجێ بابای حەیرانبێژ لە دەشتی قەراج و کەندێناوە یەک بین و بێ ناوبڕە بپەڕێتەوە بۆ دەشتی کۆیە دواتر بە قەڵەمبازێک بگاتە دەشتی بتوێن. چونکە، ئاشکرایە، لە نێوان هەر یەکێ لەم دوو دەشتانە کە ئەگەر قەدبڕیش ڕێ بکەین، چەندین ئاوایی و ئاوەدانی و ئاقار و گۆم و هەوراز و نشێوی دیکە دێنە سەر ڕێ. بۆیەکا، حەیرانبێژ پێویست دەکات ڕێبوار ئاسا، هەنگاو بە هەنگاو، باس لە تێکچرژانی ڕووداو و ناساندنی ئەوەی مەبەستە بکات.
دوو : مێژوویی، سەرتۆپی حەیران هەر تەنها دەقێکی خۆماڵیی ڕەسەنی ڕووت نیە کە ناواخنی سیخناخ لە وروژاندنی ڕووداوگەلێک بێت لە جێ ژوان و ڕاموسان و پەیوەندی سۆزداریی نێوان خەزێم شۆر و کوڕەتیمەلاودا، یا کێشمەکێشی نێوان ئاغا و کرمانج بگێرێتەوە. بەڵکو سەربردەی پاڵەوان و دیوەخانی خانەدانان و گێڕانەوەی باسوخواسی نمونەیەکی زیندوی ناوچەیەکی نێو کۆمەڵگای کوردی ڕۆژگاری خۆی بەرجەستە دەکات.
لە سۆنگەی ڕامان و وردبوونەوە لە هەندێک دەقی حەیراندا، دەکرێ هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانەی ئێستای خۆمان بە جۆری ژیانکردنی باب و باپیرانمان و ژینگە و کلتوری کۆمەڵگا لە ڕابردوودا هەلبگۆزین. نایشارمەوە، حەیران، تێیگەیاندم کە شێخی باڵەکیان (مەزارگەکەی وا لە حاجی ئۆمەران، و خەڵک ئاوەکەی بۆ شیفابەخشیی و لەشساغیی بەکاردەهێنن) ئافرەتە.
بەم بۆنەیەوە، گونجاوە ئەگەر لێرەدا ئاوڕێک لە نەریتێکی دیکەی دێهاتەکانی دەشتی هەولێر بدەینەوە. جاران بۆ مەرگی ئازیزان؛ بە داخەوە! شیوەنێکی نادروست دەگێڕدرا، کە هەموو سنورێکی دەبەزاند. دایکانی کۆستکەوتوو و ئافرەتانی ماتەمگێڕ، بۆ لاواندنەوەو پەرێشانی بە سەردولکەیەک لێوبەباریی حاڵی خۆیان دەردەبڕی، نەریتی مەقام ونەوای ئەو جۆرە سەردولکانە هێندە غەمگین بوو، دڵی ئامادەبووانی دەتاساند، کزەی لە جەرگی گەورەو بچوک دەهێنا، ژن وپیاو بەبێ خواهیشت لە هۆڕژنی گریانیاندەداو دەیانزریکاند.
بۆ دانانی ئەم جۆرە سەردولکانە، دەبوو خانمان مەعلان و شارەزا بن لە هۆنینەوە، ئینجا دەتوانرا تێکەڵەیەکی پڕاوپڕ لە زیادەڕەوی لە بارەی کەسی مردوو، وەک شۆڕەسوار و قارەمان و شتی لەم بابەتە ستایش دەکرا.
ئەگەر ئاوڕێک لە کاروانی حەیرانبێژی و مێژووی ئەم هونەرە لە دەشتی هەولێر بدەینەوە، بێ ئیختیار، دەبینین ژمارەیەک حەیرانبێژ شۆرەتیان هەیە، کە لە نێویاندا (باشتەپە)ییەکان وەک قەرەوڵی پێش قەتار لەم بوارەدا ڕچەشکێنیان کردووە و حەیرانبێژەکانی سەردەمایەک پێشەنگ و سەر مەشقی گوندەکانی دوور و نزیکی خۆیان و دەشتی هەولێر بوون. بە دڵنیاییەوە، ئەوان، ئەمڕۆ لەم بوارەدا جێ پەنجەیان بە ڕوونی دیارە.
لە کۆتاییدا، با ئەوەش بڵێین، لەم ساڵانەی دواییدا، چەند هونەرمەندێکی تازەپێگەیشتوو، خوێن گەرم و فۆلکۆر پەروەر، بۆ زیندوو ڕاگرتنی کەلەپووری کوردەواری باوک وباپیرانمان کەلکەلەی حەیران وتنیان پەیداکردوە، ئەوان هەیانە بەهرەمەندە و کەم تا کورتێک داهێنانێکی کردوە، و هەشە شیر مردەیەو کاوێژ بە هونەری ڕابردوو دەکات.[1]